کافکا و بوکەڵە گەشتکردووەکە
نووسینی: جوردی سیئرا ئای فابرا
وەرگێڕانی لە عەڕەبییەوە : ڕۆزا حەمە ساڵح
نووسەری جیهانی فرانتس کافکا لە تەمەنی 40 ساڵیدا و پێش مردنی بە ساڵێک، بە ئەزمونێکی جواندا تێدەپەڕێت.
لە پاڕکی شتیگلیتز سیتی پایتەختی بەرلین چاوی بە منداڵێکی کچ دەکەوێت، سەرنجی کافکا بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، کاتێک دەبینێت کە بەهۆی ون بوونی بوکەڵەکەیەوە، بەکوڵ دەگری.
کافکا داوای لێدەکات کە هاوکاری بێت بۆ گەڕان بە دوایدا.
لەدوای گەڕانێکی زۆر کافکا بێهیوا دەبێت و ناتوانێت بوکەڵەکەی بۆ بدۆزێتەوە، بۆیە پێشنیازی ئەوەی بۆ دەکات کە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و ڕۆژی دواتر یەکتر ببینن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە دوایدا بگەڕێن.
کافکا لەماڵەوە بڕیاردە دا کە نامەیەک لەسەر زاری بوکەڵەکە بۆ کچە منداڵەکە بنووسێت و لەکاتی یەکتر بینیندا بیداتە دەستی، چونکە دڵنیا دەبێت لەوەی کە بوکەڵە بۆ هەمیشە ون بووە.
نامەکە بەم شێوەیە دەبێت:
هاوڕێی ئەزیزم، تکایە چیتر مەگڕێ، من بڕیارم داوە گەشتێک بکەم بۆ ئەوەی جیهان ببینم و شتی نوێ فێرببم، ڕۆژانە لەڕێگەی نامەوە بەورد و درشتی بەسەرهاتەکانت بۆ باس دەکەم.
کاتێک بەیانی کافکا منداڵەکە دەبینێت، نامەکەی بۆ دەخوێنێتەوە، منداڵەکە لەپڕ دڵتەنگی و فرمێسکەکانی دەگۆڕێن بۆ پێکەنین و دڵخۆشبوون.
ئەمە تەنها نامە نابێت، بەڵکو دەستپێکی زنجیرەیەک یەکتر بینین و نامە دەبێت لە نێوانیاندا، کە ڕۆژانە کافکا لەسەر زاری بوکەڵەکەوە، بۆ ماوی سیانزە ڕۆژ بە بەردوامی بۆی دەنوسێت.
بوکەڵەکە ڕۆژانە بە شێوازێکی جوان و جۆراوجۆر و سەرنجڕاکێش باس لە گەشتە سەرکێشییەکانی بۆ منداڵەکە دەکات، ئەمەش وادەکات کە کچەکە ڕۆژانە بەپەرۆشەوە لەچاوەڕوانی بەسە ڕهاتەکاندا بێت و ونکردنی بوکەڵەکەی لە بیر بکات.
لەدوای تەواوبوونی گەشتەکە، کافکا بوکەڵەیەکی نوێی زۆر جیاوازتر بەدیاری بۆ منداڵەکە دەهێنێت، لەگەڵ کۆتا نامەدا، کە تیایدا نوسرا بوو:
(گەشتەکان منیان گۆڕی، بەڵام ئەمە هەر خۆمم).
کچەکە گەورە دەبێت، بوکەڵەکەی کافکای هەر لادەمێنێت، هەتاوەکو ڕۆژێک بەڕێکەوت نامەیەکی شاراوە لەناو باڵی بوکەڵەکەدا دەدۆزێتەوە، لەنامەکەدا نوسرا بوو:
ئەو شتانەی کەخۆشمان دەوێن ئەگەری لەدەستدانیان هەیە، بەڵام خۆشەویستی هەمیشە بەشێوازی جۆراوجۆر دەگەڕێتەوە ناو ڕۆحمان، من دڵنیام ئەو خۆشەویستیەی کە بەدڵێکی دڵسۆزەوە دەیبەخشین ون نابێت، دەکرێت بگەڕێتەوە، بەڵام ناکرێت بەهەمان شێوەی پێشوتر چاوەڕوانی بکەین، بۆیە هەر کات شتێکی بەنرخ یان خۆشەویستێکمان لەدەستدا، پێویست ناکات خۆمانی بۆ دڵتەنگ بکەین، لەکاتێکدا ئەو خۆشەویستییە دەکرێت لە پەنجەرەیەکی دیکەی جوانەوە دزە بکاتەوە ناو دڵەکانمانەوە.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!