کورتە چیرۆکێکی نوسەری هەنگاری: ئەگوتا کریستۆف
وەرگێڕانی لە عەڕەبییەوە: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
ئەوان لێرە دادەنیشن، لەبەردەمی باڕەکە، تەماشام دەکەن. خەڵکی وەک پیشەی ڕۆژانەیان بەوێدا تێدەپەڕن، کەسانێکی تریش بۆ پێداویستیەکانیان بەوێدا تێدەپەرن.خەڵکانێکی دیکەش بۆ خۆشی بەوێدا تێدەپەڕن. من لە دوایانەوە دەڕۆم، وەک موگناتیس پێیانەوە دەنوسێم، تف دەکەم، دەگریم، دواتر لەسەر شۆستەکە دادەنیشم و زمان لەو کەسانە دەردەهێنم کە بەوێدا تێدەپەڕن. ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن، پێمدەڵێن: تۆ منداڵێکی بێ حەیا و هاروهاجی.
دایک و باوکم پێمدەڵێن: بەڵێ تۆ بەم کارانەت شە ڕمەزارمان دەکەیت. واملێدەکەن شەرم لە بوونی خۆم بکەم، چونکە ئەوان تفەنگم بۆ ناکڕن، ئەو تفەنگە جوانەی کە خۆم دەمەوێت. ئەوان پێمدەڵێن: تفەنگ یارییەکی جوان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، باوکم ئەو کاتەی کە لەخزمەتی سەربازی بوو، تفەنگێکی هەبوو، تفەنگێکی ڕاستەقینە کە دەیتوانی مرۆڤی پێبکوژێت، بەڵام کاتێک من تفەنگی جوانی منداڵانەم بینی (تفەنگی هندی)، کە بۆ نیشان گرتن و یاریکردن بەکاردێت، پێیانگوتم: ئە وە یارییەکی خراپە! دواتر مزراحێکیان بۆ کڕیم. ئێستا من لێرەم، لەسەر شۆستەکە دانیشتوم، دەوەستم، وەک موگناتیس دەنوسێم بەو ڕێبوارانەی کە بەوێدا تێدەپەڕن، دەگریم، تف دەکەم و هاوار دەکە م: ئێوە هاروهاجن، کە واتان لێکردوم شەرم لەخۆم بکەم.. ئێوە درۆ دەکەن، خۆتان وادەردەخەن کە کەسانێکی باشبن! گەورە ببم، هەمووتان دەکوژم.[1]