نه کەری سەرمۆردیان، نە ژنی بۆگدییان
سەرمۆرد: گوندێکە لە بناری چیای(سارا) و کەوتۆتە نێوان(پیرەمەگرون و سارا) لە شارۆچکەی(دوکان) دەکەوێتە پشتی گوندی(قەمچوغە) لەلاپاڵێکی ڕک و سەختدایە و ڕێگای سەرکەوتنی بزنە ڕێ و دژوار و کۆرانی تەنگەبەری کۆرەڕێیە، کاتێک گوێدرێژەکان بە بارەوە سەردەکەون، ئارەقی شین و مۆر دەکەنەوە و داو و تەشکەریان تەڕ دەبێت و نەقیزەی زۆریان دەوێت چونکە ڕێگایان هەورازه، باریان لابار دەبێت و زۆر ماندوو دەبن، کەس بە حاڵیان نەبێت، بۆگد: گوندێکە لە کەنار زێی بچووک لە دەشتی کۆیە، لەرووی کارگێڕییەوە سەر بە شارەدێی(ئاشتی)یە، خەڵکی ئه و ئاواییە زۆر کاسبن بەتایبەت ژنانیان شان بەشانی برا و باوک و هاوسەرەکانیان هەموو کارەکانی کێڵگە و کشتیاری و وەرزێری و ژنی لادێ ئەنجام دەدەن وەکو(دروێنەکردن و تێلەکێشی و شەنە کردن و جووتکردن و کەستەک شکاندن و دۆریخە و دێراو هەڵدانەوە و گۆڵ دروستکردنی بەراو و خشت بڕین و قوڕکاری و توتن و پەلک لێدان و گەڵاجاڕ و توتن خستنە زاخە و گونیەوە هەندێجار ژنەکان لە ماوەی وەرزی توتن تا(25) فەردە تونیان کردووە، جگە لە کاروباری ناوماڵ و ماڵین و کۆراو و شوشتن و سەراو و ئاوکێشان و منداڵ بەخێوکردن و مێوان بەڕێکردن) هەموو ئەمانە ژنە بۆگدییان زۆر ماندوو و شەکەت دەکات و کەس خۆزگەیان بۆ ناخوازێت، بۆیە ئەوە بووە بە ئیدیۆم و دەوترێت: نەکەری سەرمۆردیان، نە ژنی بۆگدییان.[1]