گەنجی و پیری ؟!
گەنجێک بووم گەنج ؛ گەنجان زەمانێک وەک ئێوە
نەمام ئاسا لەشنە شن بووم بەپێوە
کەچی ئێستا شەکەت و پیرو بێ هێزم
گۆچان نەبێ ناتوانم بڕۆم بەڕێوە ؟!
جا گەر ئێستا سامانم گەنجی قاڕوون بێ
ڕادەی خۆشیم سەد بەقەد مەودای گەردوون بێ
بەچی دەچێ چەرخی زیندەگیم لە خولدا
لە ئەگەری یان نەگەری هات و چوون بێ؟!
وام دەزانی تاهەم پڕ گوڕو تین دەبم
پڕ گوڕو تین لە لوتکەی بەرزی ژین دەبم
وەک چۆن گەنجم هەروا تاسەر گەنج دەمێنم
هەر پڕ جوانی و حەزو نەشئەو ئەوین دەبم ؟!
نەم دەزانی ڕێگای ژیان بڵندو نەوی
دەمداتە دەست پیری و ئازارو بێ خەوی
هێندە خێرا وا بەرەو کۆتاو فەنابوون
دەمبا هەتا دەسڕێمەوە لەسەر زەوی ؟![1]