دەقی پەیامەکەی #نێچیرڤان بارزانی#:
لە کاتێکدا عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزی سياسيدا تێدەپەڕێت، بەداخەوە بڕيارێکی دادگای باڵای فيدراڵيی عيراق کە ياسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری دادەنێت، هەرێمی کوردستانی تووشی نيگەرانييەکی گەورە کرد.
پێمانوايە ئەم بڕيارەی دادگای باڵای فيدراڵی کە پشتی بە ياسايەکی سەردەمی ڕژێمی پێشوو بەستووە، بنەماکانی فيدراڵی و مافە دەستوورييەکانی هەرێمی کوردستانی پشتگوێ خستووە و لەگەڵ گيانی دەستوور و سيستمی فيدراڵيدا نايەتەوه، لەسەر ئەرزی واقعيش قابيلی جێبەجێکردن نابێت.
ئەم بڕيارە هەروەها کێشەکانی نێوان حکومەتی فيدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆسيەی نەوت و گاز ئاڵۆزتر دەکات کە بە درێژاييی ساڵانی ڕابردوو هەوڵی چارەسەرکردنيان دراوە و لە چەند قۆناغێکدا هەنگاوی بەره و چارەسەرکردن هەڵێناوە.
پێمانوايە دادگای باڵای فيدراڵی لە جياتی ئەم بڕيارە، دەبوايە بڕيار بدات کە حکومەتی فيدراڵی عيراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور لەسەر کێشەکان و پرسی نەوت و گاز بگەنە چارەسەرێک کە لە بەرژەوەنديی تەواوی عێراقدا بێت.
چاوەڕوانيمان لە دادگای باڵای فيدراڵيی عێراق هەيه و داوا دەکەين پێداچوونەوە بە بڕيارەکەيدا بکات و بنەماکانی دەستوور و سيستمی فيدراڵی ڕەچاو بکات بۆ ئەوەی مافە ياسايی و دەستوورييەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێن و نەبنە هۆی ئاڵۆزبوونی زياتری دۆخی سياسی کە زيان بە بەرژەوەندييەکانی عێراق بەگشتی دەگەيەنێت.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2022/2/15[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!