دەقی پەیامەکەی محەمەد حاجی مەحمود:
ئەمڕۆ دادگایەک بە ناوی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە کە دادگایەکی عەرەبیە لە دووری کوردستانەوە بڕیارێکی دژی کوردستان داوە، کورد نەتەوەیەکی جیاوازە، کورد عەرەب نییە، کورد سامی نییە، کورد میلەتێکە و نەتەوەیەکی سەربەخۆ و خاوەنی خاک و مێژووە و خاوەنی جل و بەرگ و ڕەنگ و نەریتی کوردایەتی تایبەت بە خۆیەتی، بۆیە کەس وارسی کوردی نییە و کورد خاوەنی کەسێتی خۆیەتی، بۆیە دادگای عێراق دادگایەکی عەرەبی عێراقییە و کاریگەری شۆڤێنیەت و ڕەگەزپەرستی عەرەبی و هێزە سیاسییە عەرەبییەکانە.
کورد خۆی بڕیار لە داهاتی ژێر زەمین و سەر زەمینی خۆی دەدات، نەک نەتەوەیەک کە هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و نیشتیمانی بە کوردەوە نییە، ڕەنگە ئەو بڕیارە ئەو دادگایە لە کۆنەوە لە کەمیندا بێت بۆ کورد و چاوی بە ئازادی ئەو نیمچە سەربەخۆییەی کوردا نایەت، بەڵام ڕەنگە یارمەتیدەر یان هەندێک لایەن وەک تابوری پێنجەم دژی کوردستان بەکاریان دەهێنن، هەروەها ناکۆکییەکانی ئەو دوایەی سەرۆک کۆمار ئەو دادگا عەرەبییە بە فرسەتی بزانێت و بڕیارێکی 10 ساڵ پێش ئێستا ئەمڕۆ دەربکات.
هەموو ڕێگاکان و داهاتی ژێر زەوی و سەر زەوی هی کوردستانە و هی کوردە و کەس بۆی نییە لە دەرەوە لە جیاتی کورد قسە بکات و بیر بکاتەوە لەو بڕیارە کاڵ و کرچە بەپەلەیەی دادگای عێراق.
ئەوە بڕیاری شەڕە دژی هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە ئاوڕێک لە ڕابردووی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق بدەنەوە، کە دژی کورد بوون و چیان بەسەرهات ئەمانیش لەوان باشتر نابن.
من خۆم لە کۆنەوە چاوەڕێی بڕیاری لەو جۆرە و لەوەش زیاتر بڕیاری ئەو دادگایەم، کە شتێک نییە بە ناوی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە لای ئەوان.
رژێمێک نیەت و هەوڵی بڕینی موچە و بودجە و بە داگیرکردنی کوردستان و شێلانی پێشمەرگە بە دەبابە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان لە ناو بەرێت، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت، بۆیە بە توندی هەموو ئەوانە ڕەت دەکەینەوە و داوا لە لایەنە سیاسیەکان دەکەم چیتر ملکەچ و چاوەڕێی بەغدای جێگای بڕیاری کوشتن و ئەنفال و کیمیاباران و زیندەبەچاڵ و وێرانکردنی زیاتر لە 4500 گوندی کوردستان نەبن.
محەمەد حاجی مەحمود
15/2/2022
ئەڵمانیا[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!