21ی شوبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایک
ژوان باقی
(بەخێربێن بۆ ئەو سەردەمەی، کە هەمووان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕین، بۆ لەناوبردنی زمانی دایک)
دروشمی یادکردنەوەی یٔەم بۆنەیە، پتەوکردنی فرەزمانی لە پێناو فێرکردنی گشتگیر و تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەیە. زمان قورساییەکی ستراتیجی گرنگی هەیە، لە ژیانی مرۆڤدا، چونکە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ناسنامە و پردێکی بنەڕەتی (پەیوەندیکردن و تێکگەیشتن و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و فێربوون و گەشەسەندنە).
فێربوونی هەر زمانێکی نوێ، ئاشنا بوونە بە کلتور و فەرهەنگێکی نوێ، بە گرینگی دەزانم لەگەڵ فێربوونی هەر زمانێکی نوێ زمانی دایک لەیاد نەکرێت، و گفتوگۆی پێ بکرێت، لەنێوان خێزانەکاندا گەشەی پێبدرێت. وەک دەزانین (زمان هەمیشە لە گەشەسەندن و نوێ بوونەوە و ونبووندایە)، زمانێکی نوێ درووست دەبێت و زمانێکی دی لەناودەچێت، زمانی کوردیش بێ بەش نییە لەو مەترسییە، لەبەردەم لەناوچوونی، دایکان و باوکان، بەرپرسانی بواری پەروەردە، هۆکاری سەرەکین لەم مەترسییە. جیلی نوێ یاخود (نەوەی نوێ) لە کوردستان ئەو (جیلەیە کە کوردە، بەڵام کوردی نازانێ).
لەماوەی ڕابردوو بینەری ڕاپۆرتێک بووم لە سۆشیال مێدیا، چەند منداڵێک باسیان لەوە دەکرد کە زمانی دایک بەباشی نازانن، ناتوانن گفتوگۆی پێ بکەن.
منداڵانی کورد لەبەردەم ئەم مەترسیە گەورەدایە، ڕەنگە نەوەیەک بەرهەم بێت، بێ ئاگابێت لە کلتوری نەتەوەیی، زمانی کوردی دایک، مێژووی کوردی، فەرهەنگی کوردی، دایکان و باوکان خەریکن منداڵەکانیان دەکەنە قوربانی، دووریان دەخەنەوە لە دنیای ڕاستی، لە پێناو ئەوەی منداڵەکەی زمانێکی جیهانی فێرببێت، پەیوەندیان بە (زمانی دایک، کلتور و فەرهەنگی دایک) دەپچڕێنن.
ئاشنایان دەکەن بە جۆرە سیستەم و پەروەردەیەک منداڵ لە زمانی دایک هەڵدێ بەرەو ئەو جیهانە نوێیەی خاڵییە لە سۆز و خۆشەویستی بۆ زمانی دایک.
ئەگەر بێت و ڕێگە چارە و سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دانەنرێت لە داهاتوودا زمانی کوردیش وەک هەر زمانێکی زیندو کە ئێستا لەناوچووە، بۆ هەمیشە لەناودەچێت.
یونێسکۆ لە ساڵی (2000)ەوە بەفەڕمی ڕۆژی (21ی شوبات)ی وەک “ڕۆژی جیهانی زمانی دایک” ناساندووە، لە هەوڵی بێوچانی پتەوکردنی پێکەوەژیانی (7 هەزار) زمانی زیندووە، کە خەڵکی سەر زەمین پێی دەدوێن، لە کاتێکدا هەر (دوو هەفتە) جارێک زمانێکی زیندوو لەناو دەچێت.
نزیکەی (%43)ی یٔەو زمانانەی، کە یٔێستادا لە جیهاندا، قسەیان پێدەکرێت، لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان.
یٔەو زمانانەی بە کرداریی بایەخیان پێدەدرێت، لە سیستەمی خوێندن و پەیوەندییە گشتییەکاندا ژمارەیان، لە چەند سەد زمانێک تیپەڕناکات، یٔەو زمانانەش کە لە جیهانی ژمارەییدا بەکاردێن ژمارەیان لە سەد زمان کەمترە.[1]