خۆشەویستی درەنگ وەخت
نووسینی: دکتۆر ئەحمەد خالد تۆفیق
وەرگێڕانی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
کاتێک منداڵەکان لە قوتابخانە دەگەرێنەوە، بە لای چەپ و بۆ لای ناندینەکە لادەدەن و بەدوای دایکیاندا دەگەڕێن، بەلای ڕاست و ئەو شوێنەی کە ئۆفیسەکەی منی لێیە لا نادەن. هەرچەندە ئۆفیسەکەی من چەند هەنگاوێک لە ناندینەکەوە دوورە.
زۆر لەسەر ئەم بابەتە ناڕۆم، هەندێ جار گوێم لە دایکیانە پێیان دەڵێت:
سڵاوتان لە باوکتان کردووە؟
بڕۆن سڵاوی لێبکەن
لەنێوان ئەم داواکارییە و هاتنە لام بۆ سڵاوەکە، نزیکەی چارەکێ بۆ نیو کاتژمێر دەخایەنێت.
درێژە نادەمە ئەمەش.
چونکە دونیا قەرەباڵغە و ئەو ڕێگایەی کە لەناندینەکەوە بۆ ژورەکەی من دێت قەرەباڵغییەکی هاتووچۆی یەکجار زۆر تێدایە، تا لەوێوە دەگەن بە من زۆر دەخایەنێت.
دواجار بە سەلامەتی دەگەنە لام و سڵاوێکی ساردوسڕم لێدەکەن!!
هەفتەی پێشوو، کاتێک کوڕە گەورەکەم گەیشتە لام، بە ڕێکەوت لە ئۆفیسەکەم چوومە دەرەوە، بینیم لە ناندینەکە وەستاوە و خەریکە شتێک دەداتە دایکی، هەر کە منی بینی پەشیمان بووە و شتەکەی لە پشت خۆیەوە شاردەوە، بێ ئەوەی خۆم تێک بدەم، بە ڕێگەی خۆمدا ڕۆیشتم.
لە گەڕانەوەمدا، بینیم خەریکە پارچە شوکلاتەیەکی گرانبەها دەکاتە دەمی دایکییەوە، کە لەخەرجی خۆی بۆی کڕیبوو، کاتێک منی بینی شەرمی لێکردم و نەیزانی چۆن خۆی لەو هەڵوێستە دەرباز بکات!!
لە دوای چەند چرکەیەک هەر چۆنێک بێت هەوڵی دا لە گیرفانی پانتۆڵە کابۆکەی پارچە شیرینییەکی کەرمێل کە نوسابوو بە بنی گیرفانەکەیەوە و هەندێ کلێنسکی لێ ئاڵابوو، دەریبهێنت و بمداتێ، سوپاسم کرد!!
من زۆر لەسەر ئەم “جیاوازیکردنی ڕەگەزییە”ڕاناوەستم.
ڕاستە ئەو شوکولاتەیەی کە بۆ دایکی کڕیبوو زۆر بە تامە، من لەوە بێزار نابم کە ئەو هەموو مەیلە زۆرەیان بۆ دایکیان هەیە، دایکیان زۆرتری بۆ کردوون.
سەرەڕای هەوڵ و کۆششەکانی باوک، سەفەری باوک، ماندوبوونی باوک و سۆزی باوک، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مەیل و خۆشەویستیان بۆ دایکیان زیاترە، ئەوە سروشتێکی نەژادییە کەئێمە حوکمی لەسەر نادەین.
سەیر لەوەدایە کە منداڵان درەنگ خۆشەویستی خۆیان بۆ باوکیان دەدۆزنەوە، یان ئەوەتا دوای ڕۆیشتنیان، یان دوای ئەوەی نەخۆش دەبن، یانیش کاتێک لە دەستی دەدەن ئەو خۆشەویستیە دەدۆزنەوە.
ئەم خۆشەویستییە زۆر درەنگە بە بەراورد لەگەڵ کاتی باوکایەتی.
ئێستا، هەرکاتێک لە بڕیاردانێکدا هیلاک دەبم، یان ژیان لەسەرم قورس و بەرتەسک دەبێت، وەیان لەچارەسەرکردنی کێشەیەکدا توشی دوو دڵی دەبم.
ئاهێک هەڵدەکێشم و دەڵێم: باوکە تۆ لەکوێیت؟
ئەگەر دەمزانی بەم ڕادەیە تەمەن ئەوەندە کورتە، زیاتر لێت نزیکتر دەبوومەوە.[1]