لە ڕێکەوتی 05-02-2022 کۆنفرانسی گەنجانی عەرەب لە گوندی (مەدیبان)ی ڕۆژئاوای شەنگال بەڕێوەچوو، تێیدا بڕیاردرا بە دامەزراندنی دەستپێشخەریی گەنجانی عەرەب.
دەستپێشخەرییەکە لە پێنج کۆمیتە پێکهاتووە، ئەوانیش بریتین لە کلتوور و هونەر، پەروەردە، وەرزش، ڕاگەیاندن و کشتوکاڵ.
سیستمی بەڕێوەبردنەکەی بە هاوسەرۆکایەتییە و ئاڵاکەشیان لە چیا و باز پێکهاتووە، ناوی دەستپێشخەرییەکە بە زمانی عەرەبیی و کوردیی (کرمانجی ژووروو) نووسراوە.
لە کۆنفرانسەکەدا جگە لە گەنجانی عەرەب، ئەندامانی یەکێتی گەنجان و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدیی، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدیی، پارتی ئازادیی و دیموکراسیی ئێزدی، یەکێتی ژنانی شەنگال و ئەندامانی ئەنجومەنی گەلی ناوچە عەرەبنشیینەکان ئامادەیبوون.
لە کۆنفرانسەکەدا وێرای پێشکەشکردنی چەند وتارێک لەلایەن نوێنەری حزب و ڕێکخراوەکانەوە، پەیڕەوی ناوخۆی دەستپێشخەریی گەنجانی عەرەب خوێندرایەوە، کە بریتین لە:
– فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەینە بنەمای تێکۆشانمان بۆ ئازادیی.
– خۆبەڕێوەبەریی شەنگال وەک ناسنامەیەکی ڕێکخستنیی و سیاسیی دەناسێنین و کار بۆ بەفەرمیی ناساندنی دەکەین.
– هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە وەک هێزی بنەڕەتیی پاراستنی گەل دەبینین و بەرپرس دەبین لە بەهێزکردنی ئەو هێزانە.
– ژن پێشەنگی کۆمەڵگەیە و کار بۆ ئازادیی ژن و ئازادیی کۆمەڵگە دەکات.
– دەستپێشخەرییەکە ڕێز لە هەموو ئاین و باوەڕییەکان دەگرێت و قبوڵیان دەکات.
– لەسەر بنەمای دامەزراندنی نەتەوەی دیموکرات، کاردەکات بەرامبەر ئەقڵییەتی دەسەڵاتداریی ڕەگەزپەرەست.
– مافی خۆپاراستن بەبنەما وەردەگرێت بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە دەرەوەوە دەکرێن بۆ تێکدانی ئارامیی ناوچەکە.
– ڕەخنە و ڕەخنەدان بنەمای یەکەمە.[1]