دەقی ڕاگەیەندراوەکەی #پێنی کورد#:
دەوڵەتی تورک لە دوا سیناریۆیدا، جارێکی تر ویستی دەستکەوتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان زەوت بکات. لە لایەکەوە ڕێگە و هاوکاری پێشکەشی #داعش# دەکات، لەلایەکی دیکەش لە ڕێگەی فرۆکە جەنگییەکانییەوە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆمباران دەکات و درێژە بە جینۆسایدی کورد دەدات. بانگەوازی بۆ ڕای گشتی نێونەتەوەیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە لە دژی ئەو کارە هەنگاوی کردەیی بنێن و ئەو دڕندایەتییە بوەستێنن.
وەک زانراوە کە 20ی مانگی ڕابردوو، بە مەبەستی ئەوەی کە هاوڕێکانیان لە زیندان دەربهێنن و جارێکی دیکە دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن، داعش هێرشی کردە سەر زیندانی #حەسەکە# کە ئەندامەکانی داعشی تێدا بوو، زیندانیکراوەکان ژمارەیەک کارمەندەکانی زیندانیان کوشتن و بەشێکیشیان یەخسیر کردن. بەم شێوەیە شەڕێکی سەخت لەنێوان نزیکەی پێنج هەزا داعش و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەستیپێکرد و چەندین ڕۆژ بەردەوام بوو، دواجار هێزکانی سوریای دیموکرات جارێکی تر بارودۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد و نەیانهێشت هەوڵەکەیان بگاتە ئامانج، 77 کارمەندی زیندان، 40 #شەڕڤان#ی هێزەکانی سوریای دیموکرات، 4 کەسی مەدەنی بەدەستی تیرۆریستەکانی داعش کوژران. بە گشتی 121 کەس گیانیان لەدەست دا، سەتان ماڵ وێران بوون و زیانێکی زۆری ئابووریشی لێکەوتەوە. دەوڵەتی تورک کاتێک نەیتوانی لە ڕۆژئاوا سەرکەوێت، لە ڕۆژی 1ی شوبات لە ڕێگەی فرۆکە جەنگییەکانەوە هێرشی کردە سەر شەنگال، دێرک و مەخمور وێڕای وێرانکردن و سوتاندنی خوێندنگە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ژمارەیەک خەڵکی سڤێلیشی کوشت و بریندار کرد.
هەبوون و بەهێزبوونەوەی داعش، مەترسییەکی گشتی و گەورەی بۆ سەر ئاسایشی هەموو جیهانی دیموکراتیک، ئەوەشە لە ڕووداوەکانی پایتەختەکانی وڵاتانی ئەوروپا و شوێنەکانی دیکە بە ڕوونی بینرا. بۆیە هێزی هاوپەیمانان هاوکاریی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن، بەڵام ئەوەی دەبیننرێت ئەوەیە کە ئەو هاوکارییە بەس نییە. ئەو هێزەی ئەمڕۆ لەدژی داعش تێدەکۆشێت و قوربانی گەورە دەدات هێزەکانی سوریای دیموکراتە، لاواز هێشتنەوەی ئەوان ڕێگەخۆشکەرە بۆ زۆر ڕووداوی تر. وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا و جیهانی دیموکراتیکیش ئاگاداری ئەو کردەوە دڕندانەن کە لە سەر خاکی کوردستان کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دەدرێن و خۆشیان باسی دەکەن. کاتێک ئەندامێکی هێزی ناتۆ بە فرۆکەی جەنگی هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی تر، بە شێوەیەکی تەکنیکی مومکین نییە کە دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان ئاگادار نەبن. بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان و مافەکانی مرۆڤ، ئەو دەوڵەتەی کە خاوەنی فڕۆکەی جەنگیی و بۆمبی بکوژ بێت، ناتوانێت بریاری ئەوە بدات کە هێزەکەی لە بەرانبەر گەلێک یان هێزێکی بێ چەک و ئەو هێزەی بەکار بهێنێت. مەخمور، دێرک و شەنگال بێشەک، بێ فڕۆکەن و توانای خۆپارستنیان نییە.
ئێمە وەکو ناوەندی پێنی کورد، داوا لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، ناوەندی پێنی نێونەتەوەیی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پەرلەمانی ئەوروپا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە بە ڕێگەی دیموکراتیک دژی هێرشە دڕندانەییەکانی دەولەتی تورک بوەست، نەک تەنیا بە قسە، بەڵکو بە کردەوە هەڵوێست ڕابگەینن. داواش دەکەین کە ئاسمانی ڕۆژئاوا و شەنگال و باشوری کوردستان، لە فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک قەدەغە بکرێت.
داواکارین لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان مەزن ئەوەیە کە لە دژی بەهێزترکردنی سەروەریی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەسەر چارەنووسی گەلێکی 50 ملیۆنی هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت. با هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئاگاداری ئەو دۆخە مەترسیدارە بن کە لە وڵاتەکەیان و هەرێمەکە جارێکی تر هەندێک لایەن بەپێوی بەرژەوەندییە سەت ساڵی ئایندە جارێکی تر چارەنووسمان ڕەش نەکەن.
ناوەندی پێنی کورد[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!