دەقی پەیامەکەی #وەزارەتی ڕۆشنبیری# و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
رۆژی جیهانیی زمانی دایک پیرۆز
زمانی دایک بەیەکێک لەبنەما و ڕەگەزە سەرەکییەکانی پێکهێنەری هەر نەتەوەیەک دادەنرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی بایەخی زۆری پێدەرێت.
هەر لەبەر ئەو بایەخە مەزنەیە کە ڕێکخراوی یونسکۆ لەساڵی 1999وە بە بڕیارێک ڕۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێکی بەرۆژی جیهانیی زمانی دایک ناساندووە.
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 15ی شوباتی 2002 بڕیاریکی تایبەتی بۆ بەرجەستەکردنی فرەزمانی دەرکردو داوای لە دەوڵەتانی ئەندام و سکرتاریەتی گشتی ڕێکخراوەکە کرد کە هەوڵی پارێزگاریکردن و پاراستنی هەموو زمانەکان لە سەرانسەری جیهاندا بدەن.
چونکە بەبڕوای ئەو ڕێکخراوە داننان بە فرەزمانی ڕاستەقینەدا یەکێتی گەلان لە ڕێی هەمەرەنگی و لێکتێگەیسشتنی نێودەوڵەتییەوە بەهێز دەکات.
گەلی کوردستانیش وەک هەموو گەلانی دیکەی جیهان، بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی هەوڵی پاراستنی زمانەکەی و بەرەسمی ناسینی داوە.
لە ساڵانی 1925 تا 1970 نەتوانرا زمانی کوردی وەک زمانی ڕەسمی بخرێتە دوو توێی ماددە و بڕگەکانی دەستوورەکانی عێراقەوە و لەهەموو ئەو دەستورانەدا پێشتر تەنیا دان بە زمانی عەرەبیدا نرا بوو وەک تاکە زمانی ڕەسمی وڵات.
یاسای زمانە ڕەسمییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕێگەی بە خوێندن لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن بە زمانەکانی دایک داوە.
بەرەسمی ناسینی زمانی کوردی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق بەمانای بەرەسمی ناسینی گەلێکە کە هاوشانی گەلی عەرەبە و گەلی پلەدوو نییە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەرەسمی ناسینی زمانی کوردی بایەخی ئەوەی هەیە کە بەرپرسانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن لەکۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە ڕەسمییەکاندا بەزمانی کوردی قسە بکەن.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک داکۆکیکار لە زمانی کوردی بەهەموو زارەکانییەوە، ئەرکی سەرشانییەتی زمانی کوردی لە فەوتان و شێواندن بپارێزێت و ڕێز لە پێکهاتە زمانییەکان بگرێت کە دەیانەوێت لەناوچەکانی خۆیاندا بە زمانی دایکیی بخۆێنن.
زمانی دایکیی، زمانێک کە دەرخەری ئاوەزی تاک و کۆمەڵگەیە و دەبێت ڕێزی لێبگیرێت هەرچەن ئاخێوەرانیشی کەمبن، زانست ئەمەی سەلماندووە، کاتێک تاکێک بەزمانی دایکیی نەخوێنێت لە ڕووی گەشەی مێشک و باری کۆمەڵایەتییەوە تاکێکی لاواز دەبێت و ئەوەی زمانی دایکیی نەزانێت بڕوانامەکەی هەرچی بێت بە نەخوێندەوار دێتە ئەژمار.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمدا کار بۆ گەشەسەندنی سیاسەتی زمانی و گەشەی زمان و ڕەخساندنی زەمینەی خوێندن بەزمانی دایکیی بۆ تەواوی پێکهاتە زمانییەکان دەڕەخسێنێت.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!