دەقی پەیامەکەی گەلاوێژ ساڵح فەتاح:
لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا کە ڕێکەوتی 21ی شوبات دەکات، سڵاو لە زمانی شیرینی کوردی و لە هەموو ئەوانەی پێیدەئاخافتن و پێی دەنووسن و دەیپارێزن.
ئەمڕۆژە بۆ ئێمەی کورد گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە بۆئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت ئەکادیمیستانی کورد، هەڵسەنگاندنێکی سەرتاپاگیر بکەن لەپێناو برەودانی زیاتر بە زمانە شیرینەکەمان کە یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی هێشتنەوەی نەتەوەی کورد لەناو ئەو هەموو گێژاوە سەخت و جۆراوجۆرانەدا کە بەدرێژایی مێژوو بەسەرمان هاتووە.
زمان وەک هەر زانستێکی دیکە پێویستی بە نوێبوونەوە و پاراستن هەیە، نەخوازە لەم سەردەمی گڵۆباڵەدا کە خەریکە زمانی تەکنەلۆژیا هەژموونی خۆی دەسەپێنێت، ئەمەیش ئەرکی ڕێبەرانی ئەم بوارە قورستر و لەهەمانکاتدا پێویستتر دەکات.
بەداخەوە، هێشتا ئێمە زمانێکی یەکگرتووی وامان نییە کە بە گۆ و بە نووسین پەیڕەوی بکەین، ڕەنگە بۆ وتن حاڵەتێکی ئاسایی و تەنانەت دەوڵەمەندیی زمانەکەیشمان بێت بەڵام بۆ نووسین و پابەندبوون بە شێوازێکی پشتڕاستکراوی ئەکادیمی نیمانە، ئەمەیش بەتەواوی لە میداکانماندا ڕەنگیداوەتەوە.
لەمڕۆژەدا سڵاو لە خەمخۆرانی ڕابوردوو و ئێستا و داهاتووی زمانی کوردی، ئەو زمانەی لەبەردەم هەموو وەیشوومەکاندا بە زیندوویی ماوەتەوە و ئەمڕۆ پێیدەنووسین و پێیدەدوێین، سڵاو لە نەمران و شەهیدانی قەڵەم و وشەی کوردی، سڵاو لەو دایکە دڵسۆزانەی کە مەڵاشووی جگەرگۆشەکانیان بە لایلایەی کوردی هەڵدەدەنەوە و زمانەکەیان دەکەن بە تێشووی ڕێگەی ژیانیان.
گەلاوێژ[1]