پێم دەڵێن: مەحبووبە خێل و قیچە، مەیلی شەڕ دەکا
خێل و قیچە، یا ترازووی نازی نەختی سەر دەکا؟!
خێل و قیچە، یا بە غەمزە بۆ نیشانەی دڵ بە چاو
مەیلی ڕاست هاوێتنی موژگانی دڵ پەیکەر دەکا؟!
چاوی هەمڕەنگی گوڵی، مەستی شەو و ڕۆژن مەدام
یەک لە نەشگوفتەی بەنەفشە، یەک لە نەیلۆفەڕ دەکا؟!
عەکسی چاوی تۆ لە چاویدا بە خواری تێدەگەی
کەچنەزەر کەی فەرقی خوار و ژوور و، خێر و شەڕ دەکا
هەر کەسێ نوقسانی ڕووی باوێتە سەر ڕووی ئاینە
شاهیدی هەرچەندە ڕأی العینە، کێ باوەڕ دەکا؟!
کاتبی خێر و شەڕی عوششاقە، بۆ وەسڵ و فیراق،
لوتف و قەهری هەر بە جارێ سەیری دوو دەفتەر دەکا
نالی ئەو وەحشی غەزالە کەس ئەبەر داوی نەکەوت
چونکە شاهێنی دوو چاوی تیژە، دائیم سەر دەکا
#نالی#[1]