چاوەکەم ئەمڕۆ لە گوڵشەن گوڵ بە عیشوە خۆی نواند
نەک نمەک گیربم بەمەرگی تۆ قەسەم هیچ نەمدواند
گوڵ بە تۆزی پێتەوە لاف و گەزافی لە ئەدا
وا شکور سۆزەی نەسیمت هات ئەویشی لێ ستاتند
نەشتەری موژگانی تۆ هاتۆتە سەر صەفحەی دڵم
هەر خەتێ بوو غەیر خەتی سەبزی تۆ، پاکی کڕاند
لەشکری ئاهم لەگەڵ جەیشی حەبەش دەعوا ئەکا
حیرەتم ماوا کە چۆن ئه و دڵبەرە دڵمی ڕفاند
بۆ گوڵی ڕووت هاتم و پەرچەم دەبینم بۆیە وا
ماهی نەورۆزم بەشیوەن وەک موحەڕەم خۆی نواند
تۆ لە ئەوڵ گۆی وەفات هێنایە نێو مەیدانەوە
ئێستا چاوگانی خیلافت پشتی صەد وەعدەی شکاند
توخوا قەت غیرەتە بۆ تۆ ئەرێ ئەی سەروی ڕەوان
گوڵ بە بێ تۆ وا لە باغا خێوەتی خۆی لێ چەقاند
با وجود ئینصاف بدەم چاکە گوڵیش موشتاقتە
هەر لە شەقی تۆیە سەرپۆش و گریبانی دڕاند
هەر کەسێ مایل بە بیرێکە و طەرقێکی هەیە
تۆ بە شوعلەی غەم (حەریق) ی وا وەجاخت هەڵ کڕاند
#حەریق#[1]