گەڕانەوە لە مەرگ، چیرۆکی زیندانییەکی دەستی #داعش#
وەرگێڕانی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
دوای زیاتر لە 5 مانگ دەستبەسەری لەزیندانەکانی داعش، جاسم ئەحمەد مەجیدی تەمەن 54 ساڵ و دانیشتوی شاری موسڵ، چیرۆکی ئه و ئەشکەنجەدان و ئەتکردنانە دەگێڕێتەوە کە لەسەر دەستی داعش بینوویەتی.
جاسم ئەحمەد کە ئێستا خێزانەکەی ئاوارەن و له پارێزگای (بابل) نیشتە جێن، لەسەرەتادا وا بەخێزانەکەی دەوترێت کە کوژراوە، بەڵام گەڕانەوەی لە پڕی بۆ ماڵەوە دەبێتە خۆشییەکی یە کجار گەورە.
(جاسم) سەرەتای چیرۆکی دەستگیرکردنەکەی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە:
کاتێک چەکدارانی داعش هاتنە ناو شاری موسڵ، خەڵکی لە ڕاستی و دروستی ئەم ڕێکخراوە تێنەگەیشتبوو، ئەوان ئاڵای دەوڵەتی خەلافەتیان بەرزکردبووە، بانگهێشتی کردەوەی چاک و مرۆڤدۆستی و یەکسانیان بە گوێی خەڵکیدا دەدا و دەیان گوت ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی ڕزگارتان بکەین لە دەست ستەمکاری و چەوساندنەوە.
$کاتێک یەکەم جار دەستبەسەر کرام:$
دوای ماوەیەکی کەم لە هاتنی داعش، ئەوە بوو ڕۆژێکیان کۆمەڵێک لە لایەنگرانی داعش دایان بە سەر ماڵماندا بەتەنها منیان گرت و بردمیان بۆ بنکەی لێکۆڵینەوە کە تایبەت بوو بە خۆیان، سەبارەت بە ئامۆزاکانم پرسیاریان لێکردم (کە پێش هاتنی داعش فەرمانبەر بوون لە بنکەی پۆلیسی ناوخۆ)، منیش پێم گوتن: هیچ زانیاریەکم لە سەریان نییە و هەواڵیان نازانم، ئەوە بوو ئازادکرام و گەڕامەوە بۆ ماڵەوە.
لە دوای ماوەیەک هەستم بەوە کرد کەوتومەتە ژێر چاودێرییەوە بۆیە بڕیارم دا کە شاری موسڵ بە جێبهێڵم. یەکەمجار و لە شەوێکدا بەهۆی قاچاخچیەکەوە خێزانەکەم بۆ شارۆچکەی تەلەعفەر و لەوێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێ کرد.
$کە جاری دووەم دەستبەسەر کرامەوە:$
بە ماوەیەکی کەم لە دوای ئازادکردنم، ڕۆژێک لە پڕ کۆمەڵێک چەکدار کە پیان دەگوتن سوپای عەسرەی سەر بە داعش دایانەوە سەر ماڵماندا و چاویان بەستم و بردمیان بۆ جێگایەک، کاتێک چاومیان کردەوە، خۆم لە ژورێکی تاریکدا بینی کەتەنها یەک گڵۆپی تێدابوو، لەسەر کورسی یەک دایان نام و کەسێک کە لە بەرامبەرم دانیشتبوو کەوتە پرسیارکردن لێم، یەکەم جار نەم دەزانی ئەو کەسە کێیە؟، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە ناوی شێخ عەبدولهادی یە و سەرۆکی مەحکەمەی شەرعی داعشە و تایبەتمەند بوو بە کاروباری شیعەکان، یەکەم پرسیاری ئەوە بوو کە ئایا پێشوتر سەردانی (نەجەف وکەربەلا)م کردووە، لە وەڵامدا گوتم نازانم، لەگەڵ دەربڕینی وشەی نازانم بەر شەق و زلە و قامچی کەوتم، تەزوی کارەبایان لێدام و شمشێریان بۆ دەرهێنام و لەسەر ملم ڕایان گرت، هەڕەشەی ئەوەیان لێکردم ئەگەر بێتو وەڵام نەدەمەوە ئەوا سەرم دەبڕن، منیش هەر لەخۆمەوە گوتم نەخێر سەردانم نەکردووە، ئەو وشەیە وەک فریاد ڕەسێک کەوتە فریام و لە سەربڕین دەربازی کردم، (چونکە وەک پێشوتر وتم من یەکەم جار نەمزانی کە شێخ عەبدولهادی تایبەتمەند بوو بە کاروباری شیعەکان، بەڵام ڕزگارم نەبوو لەدەستیان و دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوە بوو بە جەهەنم بۆم و بە چەندەها شێوازی قێزەوەن ئەتککرام و ئازار درام، دڕندەترینیان و بە ئازارترینیان ئەوە بوو کە هەردوو قاچیان توێ توێ کردم و خوێیان خستە ناو برینەکەوە.
دەربارەی ئەو شوێنەش کە زیندانی کراوە تیایدا، جاسم دەڵێت: شوێنێکی زۆر بچوک و تەسک بوو، منیان لەگەڵ خەڵکی ئێزیدی و مەسیحی و هەندێک لە برایانی سونەی نەقشبەندی دا دانابوو، هەموو شێوازەکانی ئەشکەنجەدان بە لاشەمانەوە دیار بوو، زۆرینەی ئەوانەی کە لەگەڵمدا بوون لە زیندان کوشتنیان.
$ئازادکردنم و ڕاکردنم لە شاری موسڵ:$
کاتێک بریاری ئازاد کردنمیان پێڕاگەیاندم، جێگای باوەر نەبوو، چونکە کوشتنی خۆمم مسۆگەر کردبوو بە هۆی ئەوەی کە تاوانبار کرابووم بە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە هێزەکانی عێراق (کە هەرگیز واش نەبوو)، بەڵام دواتر گەیشتمە ئەو ڕاستییەی کە خواوەند منی خۆشویستووە بۆیە پاراستمی لە دەستیان.
کاتێک لەزیندان هاتمە دەرەوە بڕیاری کۆتایمدا، بەوەی کە ئەم جارە شاری موسڵ بەجێبهێڵم، چونکە ئەستەم بوو جارێکی دیکە بتوانم لەو شارەدا ژیان بگوزەرێنم، هەروەها دڵنیابووم لەوەی کەئەم جارە دەست بەسەربکرێمەوە یەکسەر دەمکوژن، ئەوە بوو لە گەڵ قاچاخچییەکی کوردا ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی کە بەڕێگای قاچاخ لەشار دەرم بکات و لە بەرامبەردا بڕی یەک ملیۆن دیناری عراقی پێبدەم، هەرچۆن بوو پارەکەم بۆ دابینکرد.
قاچاخچێکە شەوێک بەڕێیکردم بە ئاراستەی ناوچەی کەفرج (ئەم ناوچەیە دەکەوێتە سەر هێڵی گەیشتن بەو ناوچانەی کە لایەنگرانی داعشی تیادابوو)، ناوچەیەکی مەترسیدار بوو، بەڵام چار نەبوو دەبوایە هەر لەوێوە بڕۆشتینایە، دواتر بە ئاراستەی پارێزگای #دهۆک#، لە دهۆکەیشەوە بۆ #هەولێر# و دواتر بۆ بەغداد و ئینجا لەوێشەوە بەرێکەوتم و گەیشتمە شاری حلەی سەر بە پارێزگای بابل کە خێزانەکەم تێیدا جێگیر ببوون.
زیاتر لە مانگ و نیوم پێچوو تا گەیشتم بە خێزانەکەم، زۆر بە سەختی و نەهامەتی و بەبرسییەتی ئەو ڕێگایەم بڕی، بەڵام دواجار گەیشتنم بە خێزان و مناڵەکانم زۆر دڵخۆشی کردم و هەموو ئەو ئازار و ناخۆشیانی کە لەو ماوەیدا بینیبووم، بوو بە یادگارییەکی تاڵ لە هزرمدا کە هەرگیز لە بیرم ناچنەوە.[1]