راپەڕن
#کاکەی فەلاح#
ئەی کرێکاری نەبەردوو کاکی جوتیاری هەژار
ئەی زەلیلانی چەپۆکی خوێن مژانی شەرمەزار
ماوەیەکە شێخ و ئاغا و میر و ئیستعماری پیس
لاشەتان ئەدڕن بە کەڵبە وەک سەگی هەوشاری پیس
ماوەیەکە بەش خوراون، سا بەسی بێ کۆششێ
بۆ نەجات و بەختیاری، ڕاپەڕینێ، شۆڕشێ
ئەی برام، کاکی فەلاحم، شێری دەشت و چاڵ و کۆ
پێم بڵێ بۆچ وا زەعیفە باوەڕ و ئیمانی تۆ
میر لەناو کۆشک و تەلارا بەش بکا خەرمانی تۆ
ئەو بخوا گۆشتی مریشک و تۆش نەخۆی تێر نانی جۆ
ئافرەتانی شار و لادێ هەروەها ئێوەش هەموو
ئاشکرایە بەش خوراون هەر وەکوو جارانی زوو[1]