نەورۆز
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە
چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ پەست بوو تاکو پار
هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین [1]
#پیرەمێرد#
(پیرەمێرد) ساڵی 1948 هەڵبەستی نەورۆزی نووسی.
سەرەتا هەڵبەستێکی نووسیووە، بۆ ئەوەی لەوساڵەدا، لە ئاهەنگێکی نەورۆزی سلێمانی وەک سروودی نیشتمانی بووترێ.
پیرەمێرد هەڵبەستەکەی نووسیووەو پیشانی چەند کەسێکی داوە و بەدڵیان نەبووە، جارێکی تر هەوڵیداوەتەوەو ئەم هەڵبەستەی نووسیووە، کە ئێستا سرودێکی نیشتمانیی بەناوبانگە.
#قادر دیلان#، ئاوازی بۆ ئەم هەڵبەستە داناوە
تا ئیستا، چەندین گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، ئەم هەڵبەستەیان وەک سروود و گۆرانی، وتووە لەوانە:
-#حەسەن زیرەک#
-#حەمەساڵح دیلان#
-#ئیبراهیم خەیات#
-#ڕەفیق چالاک#
بۆ یەکەمینجار، سروودی نەورۆز، بەم هەڵبەستەی پیرەمێرد لە ساڵی 1948 لە ئاهەنگی نەورۆزی سلێمانی بە دەنگی حەمەساڵح دیلان پێشکەشکراوە.
ئەو ساڵە لە سلێمانی دوو ئاهەنگی نەورۆز سازکرا، یەکەمیان لە تووی مەلیک پارتی سازیکردبوو، دووەمیان لەسەرووی مزگەوتی گەورە، حیزبی شیوعی سازیکردووە. دیلان گۆرانییەکەی لە ئاهەنگەکەی پارتی پێشکەشکردووە.
لەپەرتووکی: پیرەمێرد لەدەستنووسی چل چیرۆکدا، #کامەران سوبحان#