ئۆمەرمەندان نەیکا بەگیسکێ، خاڵخاڵان دەیکا بەمریشکێ
ئۆمەرمەندان، چاکێکە لە گوندی (ئۆمەر مەندان)ی شارەدێی شوانی کەرکووک، ناوی گوندەکەش لەناوی ئەو مەزار و چاکەوە هاتووە، خاڵخاڵانیش تاکە چیایە لە سنووری پارێزگای کەرکووک و زیاتر لە هەزار مەتر بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، بیروبۆچوون و گۆتە و گێڕانەوە هەیە دەوترێت: خاڵخاڵان و هەیبەسوڵتان خوشک و برا بوون، لەسەر شاخی هەیبەت سوڵتان، گومبەتۆکە هەیە و مەزارە و لەسەر لوتکەی خاڵخاڵانیش غەرەکە بەرد و گۆڕغەریبەیەکی لێیە و دەوترێت: چاکی خاڵخاڵانە، ئینجا هەردوو چاکی (ئۆمەرمەندان و خاڵخاڵان) لە یەکترییەوە نزیکن بۆیە کراوە بە ئیدیۆم و ئەگەر کەسێک داوای کارێک بکات و کارەکە بە بەرانبەر بکرێت، خاوەن کارەکەش خۆی گران بکات بیەوێت منەتباری بخاتە سەر داواکار، بەمە داواکار نیگەران دەبێت و مامەڵەی خۆی دەکات و بێ منەتی دەخاتە ڕوو کاتێک پێی دەڵێت: ئۆمەرمەندان نەیکا بە گیسکێ، خاڵخاڵان دەیکا بە مریشکێ.[1]