دنیا کە هەموو لەحزە بە مەعشووقی کەسێکە
بنواڕە کە چەن قەحبە، چ کۆنە تەرەسێکە
تێ فکرە وەکوو کەلبی نیهان گیری زەمانە
ئەبنائی جیهان یەک بە یەکی، سەگمە گەسێکە
عالەم هەموو وەک تەیرە، تەمەع دانە، ئەمەل داو
سەییادی ئەجەل، ساحەتی دونیا قەفەسێکە
لە حوجرەیی شەش گۆشە کە ڕێی مەعبەری عامە
یا ڕەب چییە هەر کەس بە هەوا و هەوەسێکە
سەد قافڵە ڕابورد و ئەتۆ غافڵی ئەی دڵ
گوێ بگرە لە هەر لایێ کە ناڵەی جەرەسێکە
شادی و غەم و ئەندووه چییە ڕەنج و ئەلیمە
ئیقبال و زەوالیش بە خوا هەر نەفەسێکە
تاهیر مەبە ئازوردە، زەمان عادەتی جەورە
دونیا کە هەموو ڕۆژێ ژنی بولهەوەسێکە
#تاهیر بەگی جاف#[1]