سوور و سپیی و ناسکە، وەک چووزەرە ڕێواس
ئاودار و تەڕ و تازەیە کۆڵمەی وەکوو گێڵاس
ئەندامی لەتیفی چ بڵیم، عەینی بلوورە
بۆی عەتر و هەناسەی مەمکی کەللە دەکا کاس
خاڵی حەبەشی قرچە دەخاتە دڵی عاشق
شمشێری برۆی سینە دەکا شەق وەکوو ئەڵماس
حەسرەت زەدەیی ئاشقی شەیدایە جەماڵی
مەحفووزی بکەی ڕەببی مِنَ الجِنَة و الناس
لەو سوورەتە مەه پەیکەرە، لەو سەروە ڕەوانە
لەو زولفە سیامارە کە ئەو گەنجە دەکا پاس
موڵکی عەجەم و ڕۆمە بەهای بۆسەیی لێوی
دەیکەم بە فیدای یەک نیگەهی مامش و بڵباس
تاهیر سەری تەسلیمە لە بەر خاکی بەری پێت
دایناوە ئیتر حەیفە مەکە بەسیە قسە و باس
#تاهیر بەگی جاف#[1]