قوربانی ڕوخت بم کە شکستی بە قەمەر دا
حەیرانی لەبت بم کە ڕەواجی بە شەکەر دا
هەر لەحزە ئەدەی وەعدەیی وەسڵ و نییە ئەسڵی
کارت وەکوو دونیایە هەر ئەمڕۆیە بە فەردا
مەقسوودی لەسەر کوشتنی عوششاقی زەعیفە
وەختێ کە دەکا خەنجەری تیژی بە کەمەردا
هەرچەندە دەکەم سەعی، لە بەر خوێنی سریشکم
خاکێ نییە بیکەم بە هەوەس گاهێ بە سەر دا
ناحەق نییە ناوەستێ ئەگەر پردی تەحەممول
سیروانی سریشکم کە ئەکا هاژە لە سەردا
دڵ ڕۆییوە قوربان لە وجوودم بە خەیاڵات
دایم لە سەفەردایە ئەگەرچی لە حەزەردا
مەیلت هەیە تاهیر کە بپرسی لە برینم
بڕوانە کە ئەو شۆخە چ تیری لە جگەر دا
#تاهیر بەگی جاف#[1]