بەربەڕۆچکەش هەیە سەرمامە شەوان من چ بکەم؟
ئەم مناڵانە کە بێ کراس و کەوان من چ بکەم؟
دڵی بردووم کچەتیوی کەرەوان من چ بکەم؟
دێت و ڕادەبرێ وەکو سەروی ڕەوان من چ بکەم؟
کە بەقوربانی نەکەم ڕووحی ڕەوان من چ بکەم؟
من نە شەرقیم و نە غەربیم و نە ئەمریکی، نە ڕووس
نە موسوڵمانی بەڕاستیم و نە جووم و نە مەجووس
پیر و زورهانم و خورپەی دێ دڵم بۆ کچی لووس
قەدی ئەو شۆخە وەکوو دووخ و خەدەنگە ئەفسووس
پشتەکەم کۆمە وەکوو ماڵی کەوان من چ بکەم؟
سەرە لەرزۆک و قول و چۆکە شل و زگ پەنەماو
لاملم خواره، پشووم سواره، پڕووش و کزەچاو
چوار پەلم فل بوو لەشیشم بووەتە لانکەشکاو
تازه هەنگاوی شلم کوانێ دەبێ بۆ شەوڕاو
جوانە زۆر جوانە بەڵێ ڕەوتی کەوان من چ بکەم
بە زگی برسی خەوم نایە هەچەند وەربکەوم
ئارەزووم هەر ئەوەیە نانێ گەرم بێتە خەوم
وەکی ڕەشکێکی ڕزیو پس پسە گش قڵف و گەوم
زەبری ئاوزەنگی بڕا و شل بووە دەستی جڵەوم
دێ دەنا پڕمەی بۆر و بەدەوان من چ بکەم
دمدمی چی ئەوە دوێنێ بوو، ئەمن زۆر کەونم
دایکەوای ڕەحمەتی ئەوسایە کوتابووی تەونم
وشک و ڕەق بوومەوە تازە دەگەڕێم بۆ شەونم
ژوانی خۆشی هەڕەتی لاوەتی دێتە خەونم
کاتی ئاویلکە لەگەڵ زیندەخەوان من چ بکەم
خەڵکی پێی وایە لە خۆشییانە هەرا و گاڵەم دێ
نا براکەم لە دەسی زاڵمەکان زاڵەم دێ
ورتەیی کۆنەبرینانی دەم ئاواڵەم دێ
شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی لەشم ناڵەم دێ
دێتە گوێم دەنگی گەلۆ و نیوەشەوان من چ بکەم
لە چیایان و لە دەشتان و لە لادێ و شاران
هیچ شتێک ئێستە نەماوە وەکوو جاری جاران
دەوەرە سەیری بە ڕۆژی مژ و گۆپاڵ باران
بارگەیان تێکەوە پێچاوە بەڕێ بوون یاران
لە دەنێ وا بە تەنێ پاشی ئەوان من چ بکەم
خۆم وەکوو زەڕنەقوتە و زاڕۆڵەکانم ڕووتن
حەوتی وام هەن کە دەمی خواردنێ وەک حەو حووتن
دوێنێ ئێوارێ لەسەربانێ هەڵمخست تووتن
سروە هات خونچە گوڵی باخی ئەدەب پشکووتن
باخەوانی گەرکە تازەجەوان من چ بکەم
خاڵەباس یادی بەخێر ئەو دەمی دایکی مردبوو
هەر وەها وشک و برینگ نایە قەبر نەیشردبوو
دێیەکەی ئێمە هەمووی دێم و تەلان و گرد بوو
ئاو نەبوو ئەو دەمی هێمن مەلەوانی کورد بوو
ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چ بکەم
#هەژار موکریانی#[1]