ناو: ئومێد
نازناو: ئومێدی ژیانەوە
ناوی باوک: حەمەعەلی
شوێنی لە دایکبوون: شاری #هەڵەبجە#
$ژیاننامە$
لە زاری خۆیەوە:
لە دایکبووی#01-02-1973# ی شاری هەڵەبجەم، من لە دوو کارەساتدا بریندار بووم و ٸازیزانم لەدەست داوە، #26-04-1974# لەلایەن ڕژیمی ٸەوکاتی ئێراقەوە بۆمبابارانی هەڵەبجە دەکرێت، یەکێک لە بۆمبەکان بەر ماڵی ٸێمە دەکەوێت. بەداخەوە دایکم و دوو خوشکەکەم شەهید دەبن منیش لە باوەشی دایکم بەبرینداری لەتەمەنی یەک ساڵی بێبەش بووم لە سۆزی دایکم.
لەگەڵ باوکم لە ماڵی باپیرم تا ساڵی 1980 ژیانی پڕ لەناڕەحەتیم بەبێ دایک بەڕێکردووە.
پاشان باوکم ژنی هێنایەوە، منیش لەگەڵ باوکم و خێزانی دووەمی دەژیام، تا ساڵی 1988 دوو براو دوو خوشکی نوێم بۆ درووستبوو، بەڵام لە ڕۆژی#16-03-1988# دووبارە بەدەستی ڕژێمی ئێراق و بەگازی کیمیایی ٸەوانیش لەپێش چاوی خۆم دوو براو خوشکێکم و خێزانی دووەمیی باوکم لەدەستدا. ٸەو ٸۆتۆمۆبیلەش کە ویستمان پێی دەرباز بین هی ماڵێکی دراوسێمان بوو، لەگەڵ ماڵی مامم و باپیرم، دوای دوو ڕۆژ مانەوەم لەناو ٸۆتۆمۆبیلەکە و لەگەڵ شەهیدەکانم هەر لەناو هەڵەبجە بەبرینداری تیمی تەندرووستی ٸێرانی هاتن، منیان بە فڕۆکەی هێلیکۆپتەر برد، بۆ وڵاتی ٸێران بۆ چارەسەر، بەڵام لەوێ لەبەر سەختی برینەکانم لەگەڵ پۆلێلک شەهید منیش کفن کراوم، برابووم بۆ گۆڕستان بەڵام پێش ٸەوەی بمخەنە ناو گۆڕەوە لە گۆڕستان بەهۆش هاتوومەتەوە دووبارە منیان گەڕاندووەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەر. بۆ ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە بەنابینایی ماومەتەوە، هەر لە نەخۆشخانە، چەندین جار چاوپێکەوتنم لەگەڵ کراوە، بە کفنەکەی بەرمەوە وێنەشم گیراوە چیرۆکەکە زۆری ماوە زمان لەنگە لە گێڕانەوەی بەڵام ٸەوەشم لەبیر نەچێت، دوای ٸەوەی هەڵەبجەییەکانی وڵاتی ٸێران گەڕانەوە بۆ باشووری کوردستان منیش گەڕامەوە بەڵام بەداخەوە بردینیان بۆ ٸۆردوگای زۆرەملێی #گردەچاڵ# و ٸۆردوگای #باینجان# وە پاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 توانیمان بگەڕێینەوە هەڵەبجە. من لە ساڵی 2003 هاوسەرگیریم کرد بەڵام بەداخەوە بەهۆی کاریگەریی گازی کیمیایی لەسەر خۆم و خێزانم سێ منداڵم بە مردووی لەدایکدەبوون لەسێ کاتی جیاوازدا واتا هەتا نووسینی ٸەم بەسەرهاتەش من برینەکانم ساڕێژ نەبووە، دەرمان بۆ چارەسەر بەکاردەهێنم، بەزۆری کاری لە سییەکانم کردوو. 13 ساڵە من لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە فەرمانبەرم و چیرۆکی تاڵی خۆم و شارەکەم بۆ میوانانی مۆنۆمێنت دەگێڕمەوە.
[1]