بخوێنە بولبولی خوێن گەرم و دڵسۆز
لە شادیانەی بەهار و جێژنی نەورۆز
ئیتر سەرمایی زستانی بەسەرچوو
ئەوی تۆی دڵبەغەم کرد، تازە دەرچوو
بە خێر چوو تاو و با و بارانی سەرما
لە هەر گۆشە و کەنارێک بێ ئەسەر ما
دیسان وا خاکی خۆی دەسکەوتەوە گوڵ
جێگەی چاکردەوە بۆ تۆش لەسەر چڵ
گوڵی جاران نییە تووشی خەمت کا
لەگەڵ هیجران و دووری هاودەمت کا
هونەروەر پەروەرە و زانا پەسندە
لە مەشدا وا کەش و وا سەربڵندە
لە تۆش زیاتر ئەمن مەسروور و شادم
سروود خوێنێکی خاکی پاکی مادم
هەتا وێستا منیش یەخسیر و دیل بووم
لە بەندی ئیرتجاع مات و زەلیل بووم
وڵاتی گرتبووم بەفری هەژاری
کڕێوەی نەگبەتم پێدا دەباری
لە سایەی کۆمەڵی پاکی دێموکڕات
بە ئاواتی دڵم گەیوم بە ئاوات
مژی خەم بە شنەبای ئاگرادی ڕۆیی
لە سەر سابڵاخە ئاڵای سەربەخۆیی
چ ئازادی هەتا وێستا ئەگەر کورد
لە ڕێی ڕزگاریا دەیکرد دەسوو برد
بە تەنها هۆزێ یاخۆ پۆلە سوارێ
بە شیر و خەنجەرێک و بەردودارێ
دەهاتە کار و هەر بەم جۆر و تەرزە
تەواوی هەردوبۆی دێنایە لەرزە
ئەوێستا سەربەسەر کوردی وڵاتی
ڕەعیەت، عاشیرەت، شاری، دێهاتی
لە سایەی پێشەوای زانا و هونەروەر
هەموو پێشمەرگە و گیانبازە یەکسەر
ژن و پییاو، کچ و کوڕ، گەورە و ورد
بە خوێنگەرمی بە یەک ئاواز دەڵێن: کورد
هەموویان بێچوە شێری سەف شکێنن
هەموو دۆست هێنەر و دوژمن ڕفێنن
بە چاتر ئەسلیحە تەجهیز کراون
بە چاتر تەربیەت تەعلیم دراون
نەخوازە ئەمڕۆ لوتفێکە خودایی
کە ئازەربایجان دەستی برایی
لەگەڵ کوردی بە ڕاستی ناوەتە دەست
کە ئیستعمار بکەن بەربەست و بێ هەست
چ ئازەربایجان، ئاگرستانە
ئەوی دەیبینی وەک شێری ژیانە
لە ڕێگەی نیشتمان پاکی فدایین
نیفاق سووتێن و داخوازی برایین
دەسا کێیە بکۆخێ ڕووبەروومان
مەگەر وەک سەگ بقۆڕێنن لە دوومان
میسالە: (گەر برا یاری برا بێ
لە لای خواڕا مەگەر دەرد و بەڵابێ)
وەرە بولبول مەبە چی دیکە خامۆش
لە تۆ دەنگ و لە من شێعری تەڕ و خۆش
خودا ئەو دوو گەلانە بەختیار کەی
بە جێی وان داخ لە دڵ هەردەم هەژار کەی
#هەژار موکریانی#[1]