نووسینی: #نالی#
ئەم هۆنراوەیە لەلایەن هونەرمەند #سوارە محەمەد# ەوە، کراوە بە گۆرانی
یار دڵی خوێنین و چاوی پڕ لە گریانی دەوێ
ئارێ ئارێ گوڵ لە باغان ئاوی بارانی دەوێ
هەرکەسێ ڕووی تۆ دەبینێ، خۆی بە قوربانت دەکا
چونکە ئەبرۆی تۆ هیلالی عیدە، قوربانی دەوێ
ئاو لە چاوانم بە خوڕ دێ، ئاگری دڵ ناکوژێتەوە
وەک جەهەننەم ئەم تەنوورە ئاوی تۆفانی دەوێ
عەشق سوڵتانێکە هەر گا ڕوو لە وێرانێ بکات
ئاهی سەرد و، ئەشکی گەرم و، قەلبی بوریانی دەوێ
دوور لە تۆ دڵ هێندە بێئارام و بێحاڵ کەوتووە
ئەی مەسیحای عەسر! لەو لێوانە دەرمانی دەوێ
ڕووم ئەوا زەرد بوو وەکوو پاییز لە هیجران نالیا
عەشق ئێستاکەش لە من سەیلی بەهارانی دەوێ!
[1]