شوێنەوارە دێرینەکانی گوندی باشتەپە
هۆشیار عەلی حوسێن
لەپەڕەی گوندی باشتەپە بڵاویکردۆتەوە
لە دێر زەمانەوە کۆنە هەواری گوند لە دامێنی گردی گەورە و دەوروبەری بووە، ئەمە بە گێڕانەوەی قەولی ئەو کەسە پیر و بەساڵاچوانەیە کە ئاردی تەمەنیان لەگەڵ مێژووی ئەم گوندە دابێژتووە، و ئەوانیش دەماودەم لە پیرانی پێش خۆیان وەرگرتوە.
دیسان هەر بە قەولی ئەوان ؛ گوند، قۆناغ بە قۆناغ جێگۆڕکێی کردوەو بە تێپەڕاندنی ڕۆژگار دوور کەوتۆتەوە تا لەو جێ و شوێنەی ئێستایدا گیرساوەتەوە. [ دەوترێت هەواری ئێستا لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە ئاغایانی دزەیی مرخیان لە گوند خۆشدەکەن، بەڵام بەشێک لە (سیان)ەکان بە پاڵپشتی کوێخا سادق و باب و باپیرانی ئەمە قەبوڵ ناکەن، و لە ئەنجاما ناخۆشیی دەکەوێتە نێوانیان و یەکانگیریی یەکتر دەبنەوە، سەرەنجام بەشێک لە سیانەکانی گوندی نزیک گرد جیادەبنەوەو قۆناغی ئێستای گوند بنیات دەنێن ]. [ بە پێی ناوەڕۆکی ژمارەیەک بەڵگەنامەی کۆنی سەردەمی عوسمانیی، ئێستاکە لە لای کاک (محمد سادقی کوڕی حاجی حەسەنی کوێخا سادقی قازیخانەیی) تەقەتکراوە و مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی (1882) و سەدەی نۆزدە. باشتەپە (مەبەست لەوکاتەیە کە گوند لای گرد بووە) موڵکی باپیرانی کوێخایانی بنەماڵەی ناوبراو بووە کە بە بنەچە ئەوانیش بۆ خۆیان هەر خەڵکی ئێرە بوونە، و بەهۆی ئەو ناکۆکیە موڵکداریەی لەگەڵ ئاغاکان بوویانە چوونەتە قازیخانە دانیشتوونە ].
بێگومان سەرجەمی ئەم گۆڕانکاریانەش لە وێرانەیی و سەرلەنوێ بونیادنانی گوندا کاتی زۆری خایاندوە...
(٭) - شوێنەوارەکانی گوندی باشتەپە :
[ 1 ] گردی باشتەپە :
هەلکەوتی گوندی باشتەپە لەسەر نەخشەی جوگرافیایی دەکەوێتە سەر هێلی (36) پانیی و هێلی (44) درێژیی. یەکێ لەو ئادگارە شارستانیانەی کە مێژوویەکی دێرین بۆ گوند دەسەلمێنێت، گردی گۆرینە، کە لە کاتی خۆیدا ئەم ناوچەیە بەشێکبووە لە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری و کەوتۆتە ناوجەرگەی دەوڵەتەکە.
لە ئێستاشدا ؛ ئەم شوێنەوارە دەکەوێتە دەشتێکی کشتوکاڵیی بە پیت و دەوڵەمەند بە ئاو لە ڕۆژهەلاتیدا ئاورێژگەی ڕووبارێکی بە لادا تێپەڕ دەبێت، کە لە کۆتاییدا نزیک لە شارۆچکەی پردێ (ئاڵتون کۆپری) دەڕژێتە زێی بچووک. هەروەها دەکەوێتە دووری نزیکەی (34) کم، باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر، و ڕووبەرەکەی بە چوار هێکتار، و بەرزیەکەی بە (25) مەتر مەزەندە دەکرێت.
لەم ساڵانەی دوایی و بە دروستی ساڵی (2013) لەسەر ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شوێنەواری هەرێم، و هەروەها بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر بە هاوبەشیی لەگەڵ نێردەیەکی (فەرەنسی) ی بۆ شوێنەوارناسی و ئارکیۆڵۆژیا، کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساوە پەیوەندی گرێبەستەکە کراوە. کاری کنە و پشکنینی تێدا ئەنجامدراوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ساڵێک پێشتر واتە لە مایسی (2012)دا ڕووپێوێک لە ناوچەی هەولێر بە کۆمەکیی ڕێکخراوی(UMR) بە هاوکاریی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی (صلاح الدین) ئەنجامدرا.
بە گوێرەی ئەنجامی ڕاپۆرتی زانیاریەکانی ئەو نێردەیەی لە سێ وەرزی جیاواز لە سێ ساڵەی ڕابردووی کارکردنیان لە گردەکە. تایبەت لەسەر ئەو یازدە گۆڕەی سەرگەڕمی پشکنین و لێکۆڵینەوەی بوون. دەرکەوتووە ئەم گوندە پاشماوەی ئاوەدانیەکی کۆن و کەونارایە و ژیان و زیندەگیی تیایدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی کاشیەکان و دەوڵەتی ئاشووریی.
دۆزینەوەی پارچە سواڵەت و دێزە و گۆزە، تەنانەت پەیکەری کۆنی ئێسکی مرۆڤی دەورانی چەرخی ئاشووریەکان لە گرد، بۆخۆی، جارێکی تڕ ئەو ڕاستیە لەمەڕ مێژینەی گوندەکە ئاشکرا دەکات.
شایانی باسە، وەک ئاماژەی پێدراوە دروستبوونی گردەکە لە چەند چینێکی جیاواز پێکهاتووە، کە مێژووی کۆنترین چینی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی چوارەمی پێش زایین، واتە شەش هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ. ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ هەمان ئەو مێژووەی کە بۆ گردی گوندی (دووسەرە) ی ناوچەی شەمامکی نزیک پیرداود سەلمێنراوە، سەبارەت بە پشکنینی چینی سەرەوەی ڕووکاری گردەکە و لەبەر ڕۆشنایی دەسکەوتەکانی توێژینەوەی تیمەکە کە کاری تێدا کراوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێزدەهەمی پێش زایین، تا دەگاتە سەدەی پێنجەمی پێش زایین کە ئەم پێنج سەدەی دوایی بە ماوەی ئاشووریی نوێ (الفترة اڵاشورية الجديدة) لە مێژووی دەوڵەتی ناوبراودا دادەنرێت.
[ 2 ] گۆڕستانی نێوان ئاقاری گوندی (باشتەپە قازیخانە) :
هەرچەندە پاشماوەکانی ئەم گۆڕستانە لە شێوەی شوێنەوارێکی مێژوویی دێریندا دەرناکەوێت، و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی شوێنەوار چ حکومەتی ناوەند، چ لە هەرێم تۆمار نەکراوە، ڕەنگە هۆکارەکەشی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە گۆڕستانەکەو پاشماوەکانی قوڕساییەکی مێژوویی و قووڵی نەبێت بە بەراورد بەوەی کە لە گرد دۆزراوەتەوە.
دەماودەم لە زاری بە ساڵاوەچووەکانی باشتەپەییان بیستراوە ئەم شوێنە جاران ئاوەدانی بووە. بینا لەسەر ئەو قسەیە و دەرکەوتنی ئاسەواری بناغەی خانوو. بە دووریش نازانرێت ئێرە هەواری سەردەمانی کۆنی گوندی (قازیخانە) بووبێت کە ئێستاکێ خاکەکەی بووە بە مشکی و خۆڵەمێش. بەڵگەش دۆزینەوەی ؛ دەستاڕ و گۆزە و پارچە تاسوقە و دەفری فەفخوریی و....هتد، کە هەموو ئەم کەلوپەلانە پێداویستی نێوماڵن و دۆزینەوەیان لە حانی کشتوکاڵکردن و کێڵانی زەوی لەم ساڵانەی دواییدا، سەلماندنی ئەو ڕاستیە دووپاتدەکەنەوە. کە ڕۆژگارێک ئێرە ئاوەدانیی بووە و خەڵک لێرەدا زیندەگی کردووە.
() سوپاس بۆ بەڕێز کاک (محمد لەشکری) لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شوێنەواری هەرێم.
[1]