نووسینی: #نالی#
$تەشریفی نەوبەهارە کە عالەم دەکا نوێ$
ئەم هۆنراوەیە، دەچێتە خانەی ڕێبازی ئەدەبی کلاسیکی کوردییەوە، پێی دەترێ (پارچە- قطعة)
لە ڕووی ڕووخسارەوە ئەم تایبەتمەندییانەی هەیە:
1- بەکێشی عەرووزی عەرەبی نووسراوە.
2- هەموو هونەرەکانی ڕەوانبێژی بە پێی پێویستیی هۆنراوەکە، تێدا بەکارهاتووە. (بەکارهێنانی وشەیەک، بۆ زیاد لەواتایەک).
3- سەروای یەکگرتووە پەیڕەوکراوە، واتە (یەکێتی سەروای پاراستییەوە)
4- یەکێتی بەیت و بابەتی پاراستووە. واتە هەموو هۆنراوەکە وایەکی هەیە و هەر دێڕەش واتای تایبەتی خۆی هەیە.
5- وشەی بێگانەی تێدا بەکارهاتووە، بە تایبەت وشەی (عەرەبی، فارسی و تورکی).
6- دووبارەکردنەوەی ناسناوی شاعیر لە دوا دێڕدا، یا پێش دوا دێڕی هۆنراوەکە.
تەشریفی نەوبەهارە کە عالەم دەکا نوێ
دڵ، چونکە میسلی غونچەیە، بۆیێ دەپشکوێ
لەم وەعدە خۆشەدا گوڵ و گوڵچیهرە تێکەڵن
یەک ڕەنگ و موتتەحید، بە دڵ، ئەمما بە تەن جوێ
عەرعەر عەدیلی قەددییە، یەعنی بەرابەرن
سونبول شەبیهی زوڵفییە، فەرقی نییە مووێ
لەم خۆشییە کە هێزمی مەتبەخ سەوز بووە،
ماوم عەجەب لە دیدەیی سۆفی کە ناڕووێ!
تیپی شکۆفە، خەیمەیی داوە لە هەر تەرەف،
یا شاهی نەوبەهارە، هەڵیداوە هۆردووێ؟!
دنیا کە گوڵ گوڵی بووە، قوربان، ئەتۆش وەرە...
تالیب بە گوڵ بە، قەیدی چییە گوڵ گوڵی بوێ!
بولبول، کە گەرمە نەغمەیی، ئاگر دەکاتەوە
غونچە، حەزینە، جەرگ و دڵی بۆ دەکا توێ
نالی! زوبانەکەی تەڕ و پاراوی سەوسەنت
حەیرانی چاوی نێرگسە، وەک لاڵە، نادوێ...
[1]