نووسینی: #نالی#
$بحمد اللّه دوو چاوی یارم ئۆخەی$
ئەم هۆنراوەیە، دەچێتە خانەی ڕێبازی ئەدەبی کلاسیکی کوردییەوە، لە ڕووی ڕووخسارەوە ئەم تایبەتمەندییانەی هەیە:
1- بەکێشی عەرووزی عەرەبی نووسراوە.
2- هەموو هونەرەکانی ڕەوانبێژی بە پێی پێویستیی هۆنراوەکە، تێدا بەکارهاتووە. (بەکارهێنانی وشەیەک، بۆ زیاد لەواتایەک).
3- سەروای یەکگرتووە پەیڕەوکراوە، واتە (یەکێتی سەروای پاراستییەوە)
4- یەکێتی بەیت و بابەتی پاراستووە. واتە هەموو هۆنراوەکە وایەکی هەیە و هەر دێڕەش واتای تایبەتی خۆی هەیە.
5- وشەی بێگانەی تێدا بەکارهاتووە، بە تایبەت وشەی (عەرەبی، فارسی و تورکی).
6- دووبارەکردنەوەی نازناوی شاعیر لە دوا دێڕدا، یا پێش دوا دێڕی هۆنراوەکە.
بِحَمْدِ اللّه دوو چاوی یارم ئۆخەی
بە بێ مەی مەستە، بێ مەی مەستەبێ مەی
لە بوستانی (ئیرەم)دا قەت نییە وەک
شەمامەی وەک شەمامەی وەک شەمامەی
شەوی هیجر و بەقای عومری ڕەقیبم
خودا تەی بێ، خودا تەی بێ، خودا تەی
وەرە، موتریب، بە کوێری چاوی ئەغیار
سەدای نەی دێ، سەدای نەی دێ، سەدای نەی
لە دووری نازەنینم ڕەنگ زەردم
وەکوو بەی، هەروەکوو بەی، هەروەکوو بەی
لە نەهرەینی دوو چاوم ئەشکی خوێنین
پەیاپەی دێ، پەیاپەی دێ، پەیاپەی
گوتی: نالی! ئەتۆ بمرە، ئەمن دێم
خودا کەی بێ، خودا کەی بێ، خودا کەی!
[1]