نووسینی: #وەفایی#
$لەو شارە خەدەنگی سەنەمێکم لە جگەر دا$
ئەم هۆنراوەیە، دەچێتە خانەی ڕێبازی ئەدەبی کلاسیکی کوردییەوە، لە ڕووی ڕووخسارەوە ئەم تایبەتمەندییانەی هەیە:
1- بەکێشی عەرووزی عەرەبی نووسراوە.
2- هەموو هونەرەکانی ڕەوانبێژی بە پێی پێویستیی هۆنراوەکە، تێدا بەکارهاتووە. (بەکارهێنانی وشەیەک، بۆ زیاد لەواتایەک).
3- سەروای یەکگرتووە پەیڕەوکراوە، واتە (یەکێتی سەروای پاراستییەوە)
4- یەکێتی بەیت و بابەتی پاراستووە. واتە هەموو هۆنراوەکە وایەکی هەیە و هەر دێڕەش واتای تایبەتی خۆی هەیە.
5- وشەی بێگانەی تێدا بەکارهاتووە، بە تایبەت وشەی (عەرەبی، فارسی و تورکی).
6- دووبارەکردنەوەی نازناوی شاعیر لە دوا دێڕدا، یا پێش دوا دێڕی هۆنراوەکە.
لەو شارە خەدەنگی سەنەمێکم لە جگەر دا
شۆخێکە غەمی ئایینەداری بە قەمەر دا
خەمڵیوە وەکوو گوڵ بە سەر و بەرگی بەهاری
خۆی گوڵ، دەمی گوڵ، چەپکەنی گوڵناری لەبەردا
بۆ زەوقی تەکەللوم کە دەمی هاتە تەبەسسوم
خەندەی لە دەمی غونچە و تەعنەی لە شەکەر دا
شەڕیانە لەسەر موڵکی دڵم غەمزە و نازی
بۆیێکی بە جووت دێن وەکوو نەشتەر لە جگەردا
گەنجینە تەلیسمی هەیە بەو چاوە لەسەر هیچ
وەجهی چییە ئاشوفتەیە زولفت لە کەمەردا؟
تیرت کە قەراری جگەرم بوو وە دڵم کەوت
تا ڕۆژی حەشر داغی خەدەنگت لە جگەردا
ماڵێکە هەموو وەقفە لە شەوقی سەری کوڵمت
عومرێکە هەموو سەرفە لە ناڵینی سەحەردا
هەر لەحزە وەفایی وەکوو بولبول کە دەناڵێ
کەس مەنعی نەکا عەشقی گوڵەندامی لەسەردا
[1]