دەقی پەیامەکەی مەڵبەندی ڕاپەڕینی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان...
پێشمەرگە قارەمانەکان و دڵسۆزانی ڕێبازی کوردایەتی...
جەماوەری بەشەرەفی دەڤەری ڕاپەڕینی هەمیشە سەوز...
لەیادەوەریی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ئازادیدا کە لەڕۆژی5ی ئازاردا لەشاری ڕانیەوە مەشخەڵەکەی داگیرسا و تەواوی کوردستانی گرتەوە، پیرۆزبایی لە خۆمان و کەس و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین.
ڕاپەڕین، تەنها کاردانەوەی جەماوەری خەڵکی کوردستان نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی تری خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بوو کەتینووی گەیشتن بە ئازادی و مافی چارەنوس و ژیانێکی شەرەفمەندانە هاندەریان بوو بۆ ڕاپەڕین و کۆتایی هێنان بەزوڵم و ستەمی ڕژێمە یەک لەیەکەکانی عێراق.
بەڵێ ڕاپەڕین، دەستکەوتی شۆڕشی نوێ بوو، کەبە ڕابەرایەتی و ئەندازیاریی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بووە هەوێنی هەماهەنگی گشت هێز و لایەنە سیاسیەکان و لەچوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا بە ئامانج گەیشت، وەخوێنی پاکی شەهیدان و خەباتی بەردەوامی پێشمەرگە قارەمانەکان، ڕۆڵی سەرەکیان تێدابینی، لە چەسپاندن و پتەوکردنی پایەکانی ڕاپەڕینی پیرۆزی ئازاردا هاوبەشیان کرد، سەرەنجام دەسکەوتەکانیشی لە دامەزراندن و هاتنە ئارای پەرلەمان و حکومەتی هەرێمدا خەمڵین.
ئێمە لەیەکێتی نیشتمانی کوردستان پێمان وایە لەدوای ئەو چەند دەیەی بەسەر ڕاپەڕیندا تێپەڕیوە، هێشتا دەسەڵات و سیاسەتی ئەمڕۆی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستاندا، پێویستی بە پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی هەموو جومگەکانی هەیە، تا ئەو هەماهەنگی و کاری پێکەوەییەی لە ڕاپەڕیندا هاتنەدی، جارێکی تر بکرێتەوە سەرمەشقی پێشچوون و دابین کردنی ژیان و خۆشگوزەرانێکی شایستە بۆ گەلەکەمان.
لەم یادەدا وەک مەڵبەندی ڕاپەڕین ئەوە دووپات دەکەینەوە، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەروەکو چۆن هەڵقووڵاوی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، بۆ ئاییندەش لەسەر هەمان ڕێچکە لە بەرگری لە مافە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک بەردەوام دەبێ و داینەمۆی گیانی تەبایی و یەکڕیزیی و پێکەوە ژیانی هەموو پێکهاتە و لایەنە کوردستانیەکان دەبێ.
بەئەرکی خۆشمانی دەزانین، لەم یادە پیرۆزەدا، پەیمان بەڕۆحی پاکی شەهیدەکانمان و تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دوپات بکەینەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە گیانی شۆرشی نوێوە، درێژە بەکاروانی خەباتی خۆی بدا، وە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و گەڕانەوەی شکۆ و هاوسەنگی و هاوبەشی ڕاستەقینە لە دەسەڵات و حوکمڕانیدا خەبات درێژەی هەبێ، تا هاونیشتمانیانمان شکۆمەندانە لەسایەی حکومڕانی خۆیاندا ئاسوودە و ئارام بژین.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین
دووبارە ئەم یادە مەزنە لە کوردستانیانی ئازیز پیرۆزبێ
مەڵبەندی 24ی ڕێکخستنی ڕاپەڕین[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!