دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان،
پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری بەرگریی،
نەوەکانی دوای ڕاپەڕین، ئازادیخوازان و کەسو کاری سەربەرزی شەهیدان
ئیمڕۆ کە پێدەنێینە سی و یەکەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی 91 وە، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان بۆ ئەو یادەی کە بوە وەرچەرخانێکی سیاسیی لە کوردستان و عێراقیشدا، شانازی دەکەین بەوەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی ئەوسای گۆڕەپانی خەبات و جەماوەری بەشەرەف دژی دیکتاتۆریی، شەرەفی سەرقافڵەی ئەو خەباتەی پێسپێردرا. بۆ ئەم قۆناغەش کە سێ دەیەی تێپەڕاندوە و چەننەوەیەکی تازە لە گەلەکەمان پێگەیشتون و بە خواستی نوێوە، بە دونیابینی نوێوە گشت کایەکانی ژیان هەڵدەسەنگێنن، لە پاڵ ئەم پەرەسەندنانەدا بەرهەمهێنانی نوێ بۆ ڕێبەرایەتیەکی نوێ بە گیانی یەکێتیانەوە زەرورەتێکی گرنگە کە بتوانێت وەڵامی خواستەکانی ئەم سەردەمەی کۆمەڵانی خەڵک و چین و توێژەکان بداتەوە، ئەویش ڕاستکردنەوە و هێنانەوە سەر ڕێگەی حوکمدارییەکی کارا و دابینکردنی ژیانێکی شایستەترە بۆ هەموان.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لەم یادە مەزنەدا کە قوربانیی و گیانفیداییەکی زۆری بەخشیووە، کەم خێزان و خانەوادە، گیان و ڕۆح و خوێنی ئازیزێکیان نەبەخشیبێت، یاخود ماڵ و موڵکیان لە لایەن سەرانی ڕژیمی بەعسەوە داگیر و وێران نەکرابێت ، زۆریش هەن کە تەنیا بە هۆی کوردبونیان و ملکەچ نەبونیان بە سیاسەتەکانی بەعس لە زیندانەکاندا ئازاریان نەچەشتبێت و لە لێواری مەرگ و سێدارە نەگەڕابێتنەوە، بۆ پاراستنی ڕێز و شکۆی ئەو گیانبازییانە، بۆ بە جوانی هێشتنەوەی ئەو مێژوە پڕ لە تێکۆشانە، ئێمە دەمانەوێت چیتر کۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگەکانی بەردەمی ژیانی خەڵک نەهێڵین، ئەوەش بسەلمێنین کە ڕاپەڕین بۆ باشترکردنی ژیان و ئاوەدانکردنەوەو پاراستنی خاکی نیشتمان بەرپا کرا، نەک وەک هەندێک حاڵەت و دیاردەی نەخوازراو کە مێژوەکە و هەنگاوەکانمان ناشیرین بکات. بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی لێپرسراو و پەرۆش بۆ ئەو ئامانجانەی ڕاپەڕین لەگەڵ نەوەکانی ڕاپەڕیندا پێکەوە بۆ پاراستنی دەسکەوتە گەورە و بەدیهێنانی دەسکەوتی باشتر بۆ خەڵک بەردەوام ئەبین لە تێکۆشان و ڕێبەرایەتی نوێبونەوە و پتەوکردنی پایەکانی دیموکراسیی لە کوردستان و لە عێراقیشدا.
بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانی ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیی زیاتردەپارێزین بە پشت بەستن بە بنەما دەستوریەکان. هەر لەم پێناوەشدا جارێکی تر هەموو هێزە کوردستانی و دیموکراتخوازەکان لە کوردستان و لە عێراق بانگهێشت دەکەین پێکەوە ئیرادەی گەلەکەمان بۆ ئەرکی داهاتومان ئامادەو پتەوتر بکەین و ئەرکەکانی خزمەتکردنی خەڵک باشتر ڕاپەڕێنین، لە ناو یەکێتیشدا گیانی نوێبونەوەی زیاتر گەشە پێ بدەین، کە لە ئێستاو ە لە قۆناغی دیداری یەکێتیدا، وێستگەیەکی نوێ بۆ ژیاندنەوەی گیانی حزیایەتی و خەبات لە پێناوی خەڵکدا وەک سەردەمی ڕٍاپەڕین دەستپێبکەین.
له کۆتاییدا جارێکی تر پیرۆزبایی و سڵاوی وەفا بۆ گیانبازان و شەهیدانی ڕاپەرین، پێشمەرگە و جەماوەری ڕاپەڕیوی کوردستان دەنێرین کە لە لە 5ی ئاداردا لە شاری #ڕانیە#ی دەروازەی ڕاپەڕینەوە مەشخەڵی ڕاپەرینیان هەڵکرد و لە تەواوی شارەکانی #سلێمانی# و #هەولێر# و دهۆک و هەڵەبجە زەماوەندی ڕزگاری و ئازادییان ڕێکخست تاکو لە ترۆپکیدا کەرکووکی قودسی کوردستانیش، تاجی سەرکەوتنی ڕاپەڕین و نەورۆزی سایەی ئازادیی لەسەرنا.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 5-3-2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!