دەقی پەیامەکەی #بافڵ تاڵەبانی#:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
تێکۆشەران، پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر
بە بۆنەی یادی پیرۆزی ڕاپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کوردەوە پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاڕاستە دەکەم، شانازی بە خەبات و خۆڕاگریتانەوە دەکەم و سوپاسی پشوودرێژیتان دەکەم.
راپەڕینی کورد وەستانەوە بوو بەرامبەر نادادی و ستەم، هەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە ژیانێکی سەرفرازانەو شەرەفمەند. شەهیدەکانمان خوێنی خۆیان لەپێناو داهاتوویەکی پرشنگدارو سەقامگیر بۆ خەڵکی سەربەرزی کوردستان ڕشت. بەڵام بەداخەوە هەڵەو کەموکورتی لەنێو جومگەکانی حکومڕانی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، پشتکردنە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانی هاووڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (راپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت).. دەبێت ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارو ڕاچڵەکێنەر بێت بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان کە شانازی و سەروەرییەکانی ڕابردوومان نەکەینە قوربانیی ململانێی تەسکی حیزبایەتی، دەبێت ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدیبهێنین و خەونەکانی لەبار نەبەین. بێباکی بەرامبەر داواکارییە ڕەواکانی خەڵک دەرئەنجامێکی دەبێت کە هەرگیز هیوامان بۆ نەخواستووە.
دەزانین کەموکورتیمان هەبووەو هەموو داواکارییەکانی خەڵک ڕەوایەو لەجێگەی خۆیدایە. بەڵام بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی خوێنی شەهیدان، تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵک لەبیر ناکات، بەرامبەر ئەم ئەرکە مێژوویی و نیشتمانییە وەفادار دەبێت و لە خەبات بۆ ژیانێکی ئارامتر بەردەوام دەبێت. ڕەخنە و گلەییەکانتان وزەمان پێدەبەخشێت و هەموومان پێکەوە ئەو خەونە بەدیدەهێنین کە ڕاپەڕینمان بۆ کرد.
هەر شاد و سەرفرازبن
دڵسۆزتان
بافڵ #جەلال تاڵەبانی#
5ی ئاداری 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!