دڵ لەبەر دەردی فیراقی یارە مەیلی مەی دەکا
گوێ لە دەنگی ساز و عوود و بەزمی نای و نەی دەکا
سەردەمێ مەست و خومار و خادیمی مەیخانەیە
وەختێ تەسبیحی لە دەستە، سۆفییە حەی حەی دەکا
ڕۆژی وایە زۆر بە کەیف و پێکەنین و خەندەیە
بەعزێ شەو مەجنوونە دائیم گریە بۆ لەیلەی دەکا
بەعزێ جاران عالمی عامیل و عابد خۆیەتی
وەختێ جەهل و فیسقی زۆرە، عالەمێ لۆمەی دەکا
پێی دەڵێم: ئەی دڵ وەرە ئێرانی یا توورانی بە
ئەو لە بەینی هەر دوو جێگا ڕوو لە دەشتی ڕەی دەکا
دڵ نەزانم شێتە یا سەرخۆشە، یا دێوانەیە؟
یا ئیلاهی ئیشی وا عەکسی بە من تا کەی دەکا؟
دوور لە یارە دڵ، لە بۆیێ بێ سەباتە (سافیا)
تاکوو لەو سەگ مەرگەدا بێ ئیختیاری وەی دەکا
#سافی هیرانی#[1]