دولبەری، نازپەروەری، ڕوو ئەنوەری، مەهپارەکەم
نەونیهال، ئەبرۆ هیلال، شیرین جەمال، نازدارەکەم
مەهروویێ، موشکین موویێ، چاو ئاهوویێ سەحرای خوتەن
سوور گوڵە، موو سونبولە، ماهی پەری ڕوخسارەکەم
جانی جانان، شاهی خووبان، ڕەهزەنی پیر و جوان
گوڵ ڕووە، شیرین خووە، شۆخی شەکەر گوفتارەکەم
چاوی کاڵە، لێوی ئاڵە، ڕوو بە خاڵە، دولبەرم
زوڵفی خاوە، لێم بە داوە، یارەکەی ئەغیارەکەم
چەندی بێ مەیلیم دەکەی، سەد هێندە مەفتونم لە بۆت
جارێ ڕەحمێکت نەبوو دەرهەق دڵەی غەمبارەکەم
بەسیە بێ ڕەحمی بە قوربان، پایەماڵی غەم بووم
ڕێی نەجاتم بۆ نییە گەر تۆ نەبی غەمخوارەکەم
ئەشکی چاوم ئەرزی داگرت، دوودی ئاهم ئاسمان
بۆیە وا ڕەش داگەڕا لەو ئاهی ئاتەشبارەکەم
وا لە جێی نیشی خەدەنگت تا بە ڕۆژی حەشرە وا
خوێنی لێ دەڕژێ به دائیم لەو دڵی زامدارەکەم
(سافیا) سا حاڵ پەرێشانیم لە غایەت دەرچووە
ڕۆحەکەم ڕەحمێ بکە بەو شین و گریە و زارەکەم
#سافی هیرانی#[1]