حەبیبا دڵ گەلێ بێمارە بێ تۆ
لەبەر دووریت لە ڕۆح بێزارە بێ تۆ
فەرامۆشی نییە بەو خەڵقە ئێستێ
لەلای نەقشێکی ڕووی دیوارە بێ تۆ
هەموو دەم وا لە گۆشەی بێ کەسیدا
بە شین و زاریی و هاوارە بێ تۆ
ئەگەر فەرمووی چلۆن ماوی ئەمێستێ
لە ئەم سەگ مەرگییە، بێ عارە بێ تۆ
شەوی هیجران لە بەختی دڵ درێژە
کە ڕۆژی تالعیشی تارە بێ تۆ
کە شادی دوژمن و غەم دۆستە قوربان
جەفا یار و وەفا ئەغیارە بێ تۆ
غەمی خۆی بەس بوو (سافی) وا ئەمێستێ
دڵی غەمباریشی سەربارە بێ تۆ
#سافی هیرانی#[1]