پانۆرامای ژنە کوژراوەکان 01
نوسینی: چیای مامە لەتیف
$دێکان$
دێکان بە تەنیا نیە لە بەهەشتەکەی خودا!
دێکان بێکەس نیە لە بەخشندەیی خودا!
دێکان ماڵی خۆی هەیە و بێ شمشێرە و بەبێ پیاو!
دێکان ژیانی خۆی هەیە و بێ هەڕەشەی چەقۆیەکی داخکراو!
$شنیار$
لەباخێکدایە و کەچی
بۆنی نەوت
وازی لێنەهێناوە لە بەهەشت دا!
بۆنی نەوت
وازی لێنەهێناوە لەخزمەتی خوادا!
بۆنی نەوت
وازی لێنەهێناوە لە تامەزرۆیی منداڵەکانیدا!
بۆنی نەوت
وازی لێنەهێناوە لە خۆشەویستی دایکدا!
$ماریا$
لەکەناری ڕوبارێکدایە و کەچی
بۆنی باروت گەیشتۆتە ماسیەکانی بەهەشت!
بۆنی باروت داویەتی لە هەنارەکانی بەهەشت!
بۆنی باروت پڕبووە لە خەونی سێوەکانی بەهەشت!
بۆنی باروت گەیشتۆتە لای شوێن بەردەنوێژەکانی بەهەشت!
$سێوان$
لەسەر شاخێکدایە و ئەیەوێ بفڕێ و
هێشتا دڵی بڕوایی نادا کە خودا ئاگاداریەتی!
هێشتا قەناعەت نادا کە خودا تۆڵەسێنیەتی!
هێشتا هەستناکا کە خودا بەرگریکاریەتی!
ئەو لە بەهەشت دایە و
لەترسی ئاگری پیاو سالاری
چۆتە سەر بەرزایی!
لەترسی دۆزەخی نێر سالاری
چۆتە سەر بەرزایی!
لەترسی دادگا-ی مێزەر سالاری
چووەتە سەر بەرزایی!
$سەروین$
کەمێک حاڵی جیاوازترە و خۆبەوە نیە لە بەهەشتە!
سەروین
کەمێک وەزعی خراپترە و خۆبەوە نیە لە بەهەشتە!
سەروین
کەمێک دۆخی خراپترە و خۆبەوە نیە لە بەهەشتە!
پۆشاکی بەهەشتی بۆنابێ و لەوێ هەموو کراسەکان بێ پەڵە و بێ لەکەن و
کەچی سەروین هەژدە برین بە گیانیەوەیەتی!
کەچی سەروین هەژدە فیشەک بە دڵیەوەیەتی!
کەچی سەروین هەژدە ڕق بە ڕۆحیەوەیەتی!
کەچی سەروین هەژدە نەفرەت لە دوایەوەیەتی!
کەچی سەروین هەژدە تف بە تەرمەکەیەوەیەتی!
$نەواز$
لەهەمویان بچوکترە و
ترسی ئەو لەدونیا وەک تەوقێک بە گەردنیەوە لکاوە!
ترس لەخوێن وەک قردێلەیەک بە سەریەوە بەستراوە!
ترس لەگیانی وەک قژی بە پشکۆیەوە گرێدراوە!
ئەو هیچ نازانێ تەنیا ئەوە نەبێ
دڵ-ێکی سەلامەت لە سینگی کەسا نابینێ!
جوان-یەکی تەواو لە ڕوخساری کەسا نابینێ!
سۆز-ێکی باش لە نیەتی کەسا نابینێ!
هەست-ێکی پاک لە مێشکی کەسا نابینێ!
دێکان
خاوەنی کۆشکە و بۆتەپەنایەک بۆ هەمویان!
دێکان
خاوەنی دەرمانخانەیە و بۆتە دکتۆرێ بۆ گشتیان!
دێکان
خاوەنی خەیاڵێکە و بۆتە فریادڕەسێ بۆ خەمەکانیان!
دێکان
خاوەنی ئازارێکە و بۆتە بێشەکەی خەوبینین بۆ ئارامی زامەکانیان!
دێکان
خاوەنی دڵێکە و بۆتە هەتاوێک بۆ خۆشبەختی هەرهەمویان!
بەڵام شنیار
هەر دەنگێک بێ ئەو دەخاتەوە دۆزەخەکەی دونیا!
هەر سێبەرێک بئ ئەو فڕێ ئەداتەوە زبڵەکەی دونیا!
هەر ڕەنگێک بێ ئەو ڕائەکێشێتەوە خۆلەکەی دونیا!
هەر تروسکاییەک بێ ئەو ئەخاتەوە ژەهرەکەی دونیا!
هەر درزێک دروست ببێ ئەو پەلکێشەکاتەوە بۆ لای مارەکەی دونیا!
کەچی سەروین
باڵی هەیە و ناوێرێ لەترسی داڵ بفڕێ!
دڵی هەیە و ناوێرێ لەترسی مێش بفڕێ!
ڕۆحی هەیە و ناوێرێ لەترسی شەو فڕێ!
خوێنی هەیە و ناوێرێ لەترسی با-بفڕێ!
ناو-ی هەیە و ناوێرێ لەترسی پیاو بنوێ!
ماریا!
ڕەتیکردۆتەوە ببێتە حۆریەک لە بەهەشت!
ماریا!
دژی ئەوە بووە ببێتە جوانترین لە بەهەشت!
ماریا!
پێچەوانەی ئەوە بووە بکرێتە زێڕێ لە بەهەشت!
ماریا!
ڕقی لەوە بووە ببێتە خشڵێ لەدەرگاکانی بەهەشت!
ماریا!
نەیویستووە ببێتە مانگ-ێک لە ئاسمانەکانی بەهەشت!
تاکە داوای ماریا کۆکردنەوەی
کچانی سوتاو بووە لە ئاوازێکدا!
تاکە خواستی ماریا ڕێکخستنەوەی
ژنانی سەربڕاو بووە لە شیعرێکدا!
تاکە پێشنیاری ماریا یەکگرتنەوەی
دایکانی خنکاو بووە لە دیوانێکدا!
تاکە مەرجی ماریا کۆ دەنگدانەوەی
زوڵم و غەدری ژن بووە لە تابلۆیەکدا!
تاکە هیوای ماریا بەتاڵکردنەوەی
وەهم و شکاندنی بتی فڕیادڕەسە لەهەردوو دونیاکەی کچان و ئافرەتاندا![1]