بلیتی یانسیب
ئەنتوان چیخۆف
وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
بەرێز ئیڤان دیمتریتش لەدوای کارکردنی ڕۆژێکی سەخت، لەسەر مێزی نان خواردنەکە دانیشت، پاش ئەوەی لە نان خواردن تەواو بوو، دەستی کرد بە خوێندنەوەی ڕۆژنامەکان، خاتوو ماشای هاوژینی و دایکی منداڵەکانی وەک پیشەی ڕۆژانەی ئەویش دەستی کرد بە کۆکردنەوەی قاپەکان، دایکی منداڵەکانی خانمی میهرەبان خاتوو ماشا؛ کە هاوبەشی ژیانە پڕ لە نەهامەتییەکانی بوو، بەبیری هێنایەوە کەئەمرۆ ئاشکراکردنی ئەنجامی کۆتایی یانەسیبەکەیە، کە ماشا بلیتێکی لێکڕیبوو.
ئیڤان پیاوێکی کاراما بوو، باوەڕی بەشانس نەبوو، چونکە لە مێژبوو ئەو باوەڕەی لە مێشکی خۆیدا جێگیر کردبوو کە هەرگیز شانس یاوەری نابێت، دەنا چۆن حاڵی وا دەبوو!
لەگەڵ ئەوەشدا پیاوێک بوو بەژیان و حاڵی خۆی و ئەو داهاتە کەمەی کە لەکارەکەی دەستی دەکەوت ڕازیبوو.
ئیڤان بێ ئەوەی گرنگییەکی ئەوتۆ بە بابەتەکە بدات، داوای بلیتەکەی لەهاوژینەکەی کرد و لەناو ئەو ڕۆژنامەی کە لەبەردەستیدا بوو، بەدوای ژمارەی براوەدا گەڕا.
بە لاچاوێکەوە لە ڕۆژنامەکەی ڕوانی، ژمارە 9499 ی لەناو ڕیزبەندی ژمارە براوەکاندا بینی.
لەچەند ساتێکدا ڕوخساری پیاوەکە گۆڕا، وەک منداڵێک چاوی کەوتبێتە سەر شتێکی بریقەدار، گەشایەوە و زەردەخەندەیەکی فراوان هەموو گیانی داگرت، بە هاوارەوە بە ماشای گوت:
- ماشا ژمارەی براوە ژمارەکەی تۆیە.
+ ژمارەکەی من ژمارە 26 لەناو ڕیزبەندی 9499 دایە.
- بەڵی، بەڵێ ژمارەکەی تۆیە.
ئیڤان بەتەنها سەرنجی ژمارەی ڕیزبەندییەکەی دابوو..
لەپڕ خۆی لەبیر کرد و نوقمی خەونەکانی بوو، چۆن ئەم سەروەتەی کە بڕەکەی 75، 000 ڕۆبڵە و بەسەریاندا باریووە، خەرجی بکەن.
لەگەڵ ماشا کەوتنە گفتوگۆ..
ماڵەکەیان بگۆڕن؟ بێگومان، وە هەموو کەرەستەکانی ناوماڵیش؟ بەدڵنیاییەوە. وە ئەو قەرزانە بدەنەوە کە لەسەریان کەڵەکە بووە؟ بۆ نا.
+ ئەی باقی ئەو پارەی کە دەمێنێتەوە، چی لێ بکەین؟
- ئەزیزم لە بانک دایدەنێن بۆ ئەوەی ژیانی داهاتوومان مسۆگەر بکات و لەگەڵ خەرجییەکانی ئەم ژیانە نوێیەماندا بگونجێت.
لە پڕ دیمتریشی ئازیز لە پیاوێکی قانعەوە گۆڕا بۆ کەسێکی تەماحکار، ئارەزووی خەرجکردن و بە فیرۆدانی پارەی هەیە، ئەم قاقەزەی کە لەنیوان دەستیدایە لە جیهانێکەوە دەیگوازێتەوە بۆ جیهانێکی دیکە، نەک بە تەنها خۆی بەڵکو منداڵاکانیان و دایکە ژیرەکەشیان کە بلیتەکەی کڕیبوو.
ئیڤان دیمتریش بۆ ساتێک لە گەڕان لەناو خەونەکانیدا وەستا، بە ماشای گوت کە دەیەوێت گەشتێک بۆ دەرەوەی وڵات بکات!
وا دیار بوو ماشای خۆشەویستیش خەونەکانی لەناو جمگەی مێشکیدا کەڵەکە ببوو،
لە وەڵامدا گوتی: منیش لەگەڵتدا گەشت دەکەم، وەک ئەو قسەیەی کە لەنێوان هاوسەرەکاندا دەوترێت پێم لەگەڵ پێتدا دەبێت..
ئەو قسەیە وەک هەورە بروسکەیەک وابوو، لە پیاوەکەیدا، بە تەواوی شڵەژاندی، ئەو پیاوەی کە هەتا چەند ساتێک پێش ئێستا، کەسێکی ڕەزامەند و قایلبوو بە ژیانی خۆی.
ئیڤان لەو باوەڕەدا نەبوو کە دایکی منداڵەکانی ئەو داوایەی لێبکات، لەناخی خۆیدا دە یپرسی، ماشا چی دەوێت؟ دەیەوێت هاوەڵم بێت و نەهێڵێت بەتەنها گەشت بکەم و چێژ لەژیان ببینم؟
لەچەند چرکەیەکی کەمدا وێنەی ئەو ژنەی کە لەهەموو گەشتەکانی ژیانیدا هاوەڵی بوو، گۆڕا بۆ خێوێکی بێزارکەر، بە ساڵاچوویەک کە هێچ شتێک نازانێت جگە لەناڕەزایی دەربڕین نەبێت، هیچ بۆنێکی خۆش لەجەستەی و لە پۆشاکەکانی نایەت جگە لەبۆنی خواردن نە بێت، چیتر شتێکی ئەوتۆی تێدا بەدی ناکات کە سەرنجی ڕابکێشێت.
بەڵام پیاوەکە هێشتا خۆی وەک کوڕێکی گەنج و جوان و سەرنج ڕاکێش دەبینێت (بەو شێوەیە خەیاڵی دەکرد)، ئیدی بۆ ژنێکی دیکە نەهێنێت؟ بەڵێ بۆچی ژنێکی دیکە نەهێنێت؟
لەدوای هەموو ئەو خەون و خایاڵانەی کە کردیان، بە ئاگاهاتنەوە و لە ژمارەکە وردبوونەوە، بینییان ژمارەی براوە ژمارەی 46 بوو لەناو ڕێزبەندی 9499، نەک ژمارە 26.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!