دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کوردستان 24:
کاتژمێر 1ی درەنگانی شەوی 12 لەسەر 13ی ئاداری 2022، ژمارەیەک مووشەک لە نزیک باڵەخانەی سەرەکی دامەزراوەی کوردستان24 کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر باڵەخانە و ئامێر و کەلوپەلی دامەزراوەکەمان کەوت.
خۆشبەختانە لە ئاکامی ئه و ڕووداوەدا، هیچ زیانێکی گیانی بەر کارمەندان و هاووڵاتیانی نزیک باڵەخانەی کوردستان24 نەکەوتووە.
سەرەڕای زەرەر و زیانەکان، کە بووە هۆی وەستانی پەخشی کەناڵەکەمان، بۆ ماوەی چەند خولەکێک، پەخشی ڕاستەوخۆی کوردستان24 بەردەوامە و بینەران و وەرگران دڵنیا دەکەینەوە، کە بەردەوام دەبین لەسەر کار و گەیاندنی پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان.
کوردستان24 بە مۆرکی نیشتمانی و نەتەوەیی ناسراوە و لێرەوە جارێکی دیکە دووپات له و پرەنسیپ و پەیامە پیشەییانەی خۆمان دەکەینەوە، کە بەردەوام کوردستان24ی پێ دەناسرێتەوە، ئەویش گەیاندنی پەیام و دەنگی کوردستانیانە.
لێرەوە سوپاسی هەموو لایەک و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە چ لە ڕێگەی گەیاندنی پەیام، یان سەردانیان، لە سەلامەتی کارمەندانی کوردستان24یان پرسی.
کوردستان هەمیشە سەقامگیر و ئاوەدان بێت
بەڕێوەبەرایەتی دامەزراوەی کوردستان24
13/3/2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!