دەقی پەیامەکەی ئومێد خۆشناو:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان
خەڵکی خۆشەویستی شاری هەولێر
بە بۆنەی ساڵیادی ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 و ساڵیادی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی هەولێر، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی سەرجەم کوردستانیان بەگشتیی و جەماوەری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پیشمەرگە قارمانەکان دەکەین.
سبەی 52 ساڵ بەسەر دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕش و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەکەمان لە پێناو مافە ڕەواکانیدا تێدەپەڕێ، ئەویش واژووکردنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی 1970یە، وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی گرنگ، سەنگ و کاریگەری خۆی بەسەر ڕەوتی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییمان بەگشتیی و مێژووی کورد بەتایبەتی لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و حکوومەتی ئەوسای عێراق هەبوو.
هەروەها یادی (31) ساڵەی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی هەولێرە، کەبەر لە31 ساڵ و لەیادی پڕشکۆی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار، تەواوی چین و توێژەکانی هەولێر و دەوروبەری بەپشتیوانی هێزی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، هەولێری هەردەم سەربەرز و خۆڕاگر بەپیر و لاو و ئافرەتان بە یەک ئاراستە و یەک دەنگ، دژ بە دڕندەترین ڕژێم و سوپای داگیرکەری کوردستان ڕاپەرین و بەچەند کاتژمێرێکی کەم تەواوی مۆڵگەی سەربازی و ئەمنی و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسیان پاککردەوە و هەولێری قەڵا و منارە تاجی سەرکەوتنی ڕاپەرینی لەسەرنا.
لەم دوو یادە شکۆدارەدا، دووپاتی دەکەینەوە وەکو پارێزگای هەولێر و سەرجەم یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی، تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ و کۆششی بەردەوام دەکەین لەپێناوی خزمەتکردنی شارەکەمان و هاووڵاتییانی، دڵنیاشیان دەکەینەوە، ئامانجەکانی شۆڕش و ڕاپەرین دەکەین بە هەوێنی کارکردنمان لەپێناو بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلەکەمان و دابینکرنی ژیانێکی شایستە و بەختەوەر بۆیان.
بەرز و پیرۆزبێت یادی ڕاپەرین و ڕزگارکردنی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شاری ئاشتی و ئارامی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان.
سڵاو لە شەهیدانی ڕاپەرین و ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان
بژی کورد.. بژی کوردستان
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2022.3.10[1]