دەقی پەیامەکەی #مەسعود بارزانی#:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سی و یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و تاک تاکی هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم.
ڕاپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەهاکانی گەلی کوردستان. خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر پەیامێکی زۆر ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و تۆقاندن، ویستی ئازادیخوازی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کورددا هەبووه و دەشمێنێ. شانازییەکی تری ڕاپەڕین یەکڕیزیی گەل و پێشمەرگە و لایەنە سیاسییەکان و پلان و دووربینیی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بوو. ئەم یەکڕیزییە بووە فاکتەرێکی بەهێز کە لە سەردەمێکی ئاڵۆز و تاریکدا سەرکەوتن و ئازادی مسۆگەر بکرێت.
ڕاپەڕین بۆ گەلی کورد دەرفەت بوو بۆ ئەوەی جیهان لە ئێش و ئازاری گەلی کوردستان بەئاگا بێتەوە و، بۆ پاراستنی گەلی کوردستان هەنگاوی کردەیی بنێت. هەروەها دەرفەتێکی بێوێنە بوو بۆ پشتبەستن بە تواناکانی گەلی کوردستان و، وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی ساڵانی دوورودرێژ زەوتکرابوون.
ڕاپەڕین هەڵگری بەها و وانەی گەورە بوو. لە ڕاپەڕیندا گەلی کوردستان، نموونەی بەها و ڕەوشتبەرزی و فەرهەنگی خۆیشی پێشانی جیهانیان و ناوچەکە دا. بە هەزاران سەربازی سوپای ڕژێم کەوتنە دەست خەڵک و پێشمەرگە، بەڵام تەنانەت یەک کەسیشیان ئازار نەدران و سەرپشک کران کە بچنە دەرەوەی وڵات، یان لە کوردستان بمێننەوە، یان بگەڕێنەوە ناو حکوومەت.
لە یادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991ی کوردستاندا جەخت لە پەیامی ئاشتی و ئازادیخوازیی گەلی کوردستان دەکەینەوە. ئەم پەیامە دەبێ بۆ تاهەتایە بەرز و زیندوو بمێنێتەوە.
مسعود بارزانی
5ی ئاداری 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!