دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:
زۆر بە توندی ئه و هێرشە مووشەکييە سەرکۆنە دەکەين، کە درەنگانی شەوی ڕابردوو بە شێوەيەکی ترسنۆکانەی دڕندە، بە بێ هيچ پاساوێک خەڵک و ئارامی و سەقامگيريی هەولێری پايتەختی هەرێمی کوردستانی بە ئامانج گرت.
سوپاس بۆ خوای مەزن، کە هيچ زيانێکی گيانی لێنەکەوتەوە. هاوسۆزی هاووڵاتيانی خۆشەويستی هەولێرين، کە لە نيگەرانی و دڵەڕاوکێدا کاتێکی سەختيان بەڕێکرد. بەرەنگاربوونەوەی تەحەدی و هەڕەشە و مەترسييەکان، تەبايی و يەکڕيزی و کاری پێکەوەيی لە هەموو لايەن و پێکهاتەکانی کوردستان دەخوازین.
بە ئامانجگرتنی به و شێوەيەی هەولێر و دووبارەبوونەوەی، پێشهاتێکی ترسناک و پێشێلکردنی زەقی ئارامی و سەقامگيری و سەروەريی عێراقە و جگە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و زيانگەياندن بە ئێستا و داهاتووی تەواوی عێراق، هيچ ئەنجامێکی ديکەی نابێت .
داوا لە حکومەتی فيدراڵيی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەين، بە جددی لەسەر ئەم دەستدرێژيیانە بوەستن و هەموو هەوڵێک بدەن تا چيتر ڕێگە نەدرێت بێڕێزی بە سەروەری و سەقامگيريی وڵات و ئاسايش و ئاراميی هاووڵاتييانی بکرێت.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2022/3/13[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!