- جەماوەری وڵاتپارێزو خۆڕاگری کوردستان...
- هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان...
- بنەماڵەو کەس و کاری سەربەرزی شەهیدانی کوردستان...
زۆر بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی 13 / 3 / 2022، جارێکی دیکە شاری #هەولێر# کەوتەوە بەر پەلاماری ترسنۆکانەی تیرۆریستان و چەند شوێنێک کرانە ئامانج موشەکباران کران، ئەو هێرشەی دوژمنانی کوردستان تاوانێکە دژ بە تەواوی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی، ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی ناحەزان و دوژمنانی کوردستان زۆر بە توندی ئیدانەو مەحکووم دەکەین و ڕەتیدەکەینەوە، دوژمنان دەبێ باش ئەوە بزانن کەوا هەولێر وەک هەمیشە بە خۆڕاگری دەمێنێتەوەو چۆک بۆ خواستەکانیان دانادات، ئەو کارە تیرۆریستییە هەولێر ڕووگەش و دوژمنانی تیرۆریستیش ڕووڕەش دەکات.
بە ئامانج گرتنی هەولێر لەم کاتە ناسکەدا، کە تەواوی عێراق و ناوچەکەو جیهانیش لە ڕەوشێکی ئاڵۆزدان، هەوڵێکە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشی سیاسی کوردستان وعێراق، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە بە زووترین کات ناوەندی سیاسیی کوردستان کە پەرش و بڵاوە ڕێکبخەینەوە و، کار بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزی هێزو لایەنە سیاسییەکان و گەلی کوردستان بکەین، بەمەش یەکڕیزی و یەکدەنگیمان دەبنە باشترین وەڵام بۆ دوژمنانی تیرۆریست و ناحەزانی کوردستان.
- سەرکەوێ خواستی ڕەوای گەلی کوردستان
- سەرشۆڕی و ڕووڕەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی کوردستان.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی کوردستان.
غەفوور #مەخموور#ی
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
13 - 3 - 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!