دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
بۆ ساڵیادی کارەساتی #هەڵەبجە#
ئەمڕۆ یادی سی و چوار ساڵەی دڕندانەترین تاوانی دژ بەگەلەکەمان دەکەینەوە کە لە چەند چرکەیەکدا ڕژێمی بەعس بەچەکی کۆمەڵکوژی کیمیاویی لەپارێزگای هەڵەبجەیداو هەزاران هاووڵاتی شەهیدو بریندارکردو هەر بەهۆی ئەم پەلامارە سامناکە دژ بەمرۆییەوە چەندین خێزان لەیەکتری دابڕان کە تاکو ئێستاش بەشێکیان لەچاوەڕوانی بەیەکتر شادبونەوەدان هەروەها ژمارەیەکی زۆری بریندارو بەرکەوتە تاکو ئێستا بەهۆی کاریگەری زامەکانی ئەو چەکەوە دەناڵینن.
ئەو کارەساتەی کەسی و چوار ساڵ لەمەوبەر شۆڤینیەکانی بەعس بەسەر ئەم شارەیاندا هێنا ڕقێک بوو بەرامبەر ڕۆڵی مێژوویی هەڵەبجە کە لەجوڵانەوەی فەرهەنگی و شارستانێتی و سیاسیدا چەندین زانا و عەلامەی ئایینی کورد پەروەرو گەورە شاعیرو خاوەن قەڵەمی بوێری بەبیری پێشکەوتوخوازی و کوردایەتی پەروەردەو گۆشکران کە لەڕاپەڕین و شۆڕشەکانی گەلەکەماندا ڕۆڵی پێشەنگیان هەبوو بەتایبەتی لەشۆڕشی نوێی گەلەکەماندا یەکەمین مەفرەزە سەرەتاییەکانی ئەم سنورە لە#شارەزوور#و دەوروبەری چەکی مەردایەتی و بەرگرییان دژ بەزوڵم و ستەمی بەعس هەڵگرت و بانگی دەستپێکردنەوەی شۆڕشیاندا.
پاش تێپەڕبونی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ئەو کارەساتەدا وێڕای هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەو گوندەکانی دەوروبەری کە پێشتر وێران و تەختکرابون، دوای بونە پارێزگای ئەو شارە، زۆرینەی دەزگا حکومی و خزمەتگوزارییەکانی لێ دامەزرا، بەڵام هێشتا لەدامەزراوە ڕەسمیەکانی حکومەتی عیراقی فیدڕاڵدا وەک پێویست بەڕەسمی ناساندنی هەڵەبجە بەپارێزگای نۆزدەیەمی عیراق نەچۆتە واری جێبەجێکردنەوەو لەدابینکردنی مافەدەستوریی و یاساییەکاندا دڵنەوایی نەکراوەتەوە.
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆسایدی شانزەی سێ و هاووڵاتیانی بەشەرەفی هەڵەبجەی هەمیشە خۆڕاگڕ، لەم یادەداجارێکی تر بۆ هەموو لایەکی دووپاتدەکەیەنەوە لەپێناو ساڕێژبونی ئەو برینانەی کە تاکو ئێستا بەشێکی زۆر لەخەڵکەکەی بەدەستیەوە دەناڵێنن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێگەی حکومەت و حزبەوە هەوڵەکان زیاترچڕ دەکاتەوە کە خزمەتگوزاری زیاتر بە هەڵەبجەو دانیشتوانی ناوچەکە بگەیەنێت لەپێناو دابینکردنی ژیاننێکی ئاسودەو پڕ لە کامەرانی و ڕەوینەوەی یەکجارەکی گشت مەینەتیەکان و بەرزڕاگرتنی یادو ناوی گشت قوربانیانی ئەو کارەساتە.
نەمری بۆ شەهیدانی هەڵەبجەوقوربانیانی جینۆسایدی گەلەکەمان.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[1]