دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە:
ژنانی جیهان تێکۆشان و خەباتێکی گەورەیان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# ئەنجامداوە، کە بووەتە دۆست و هەڤاڵ و هاوڕێی ڕاستەقینەی ژنان و بۆ ئەوەش ئێمە سوپاسی هەموو ژنانی جیهان دەکەین.
ئێمەی بزووتنەوەی ئازادیی کورد 8ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان پیرۆز دەکەین. بەو بڕوا بەرزەوە، کە ئازادیی ژنان ڕزگاریی هەموو چەوساوەکان و مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆی بەدی دەهێنێت، سڵاو لە خەبات و تێکۆشانیان دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە، کە ئێمە بزووتنەوەی ئازادیی کورد لەگەڵ تێکۆشانی ژناندا دەبین.
هەست و ڕەنجی ژنان لە گەشەسەندنی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتیدا شوێنێکی زۆر گرنگ و سەرەکییان هەیە. چونکە بەکۆمەڵایەتیکردنی ژیان لەسروشتی ژندا هەیە. ئەگەر بەهۆی سروشتی بەکۆمەڵایەتیکردنی ژنانەوە نەبوایە، پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و دروستکردنی بەهاکان ئەستەم دەبوو. لەو ڕووەوە هەموو مرۆڤایەتی بۆ ئافراندنی هەموو بەها ئەرێنییەکان قەرزداری ژنانن. سروشتی ژنە، کە ژیان ئازاد دەکات، مانا و بەها دەبەخشێتە ژیان و لە ناخی خۆیدا داگیرکەری قبوڵ ناکات، دەبێتە گوزارشتێکی ڕاستەقینەی ژیانی ئازاد و حەقیقەت، بۆیە مانادارترین و ڕاستەقینەترین و ئازادترین ژیانی ئازاد بە ئازادی ژنانەوە دێتە دی و ئەگەر ئیرادەی ژن بە ئازادترین شێوە بچێتە ناو ژیانەوە، ئەوە ڕوو دەدات و پێکدێت. چونکە ژن ژیان ئازاد دەکات و تیایدا داگیرکەری ئەنجام نادەن، کە ئامانجی ئەو تێڕوانینە پیاوسالارانەیە، کە لە ناویدا دەستبەسەرداگرتن و داگیرکاری هەیە. بە درێژایی مێژوو ژنان بە زۆر، گوشار، توندوتیژی، فریودان و هەڵخەڵەتاندن خراونەتە دەرەوەی ژیان و پەراوێزخراون و ناچاریان کردووە بە داگیرکاری. بە چەوساندنەوە سروشتی ژنان کۆمەڵایەتیبوون پێشخراوە، لەبەر ئەوەش لە ناو مرۆڤەکەندا جیاوازی، چینایەتی، پەیوەندیەکان بۆ پەیوەستکردنی دروستکراون، ڕێگای ژیانی داگیرکاری چەسپاوە. لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانیوە پەیوەندیی پتەوی نێوان ئەو ژنانەی، کە پەرە و گەشە بە ژیان دەدەن و کۆمەڵایەتیبوون بەرهەم دەهێنن، لەناو ببەن. سروشتی ژنان لە ڕووی گەشەسەندنی مرۆڤایەتییەوە ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.
بە درێژایی مێژوو و لەم سەردەمەشدا سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بووە بە لوتکەی هێرش بۆ سەر ژنان. سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی کۆمەڵایەتیبوونی لە ناو بردووە و دەیهەوێت ژیان بۆ داگیرکەریی بێکۆتایی بکاتەوە. ئەم ڕێبازەی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی زیاتر دژی سرووشتی ژنانە و پێچەوانەی تایبەتمەندیەکانی ئەو ژنانەیە، کە ژیانی ژنان بە کۆمەڵگەیی دەکەن و ئازادی دەکەن. لەبەر ئەوەش سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری سروشتی ژنان بۆ داگیرکەری دەکاتەوە، سروشتی ژن دەکاتە ئامڕاز و لە مانای ڕاستەقینەکەی خۆی دووری دەخاتەوە. سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی زانست، مەعریفە، هونەر و کولتور و هەموو ئەو شتانەی بەناوی مرۆڤایەتییەوە بنیاتنراوە دەکاتە بەرگێکی ئایدۆلۆژی بۆ چەوساندنەوە و پێچەوانەکردنەوەی سروشتی ژنان. ئەو زوڵم و ستەم و توندوتیژی و داگیرکارییە دەشاردرێتەوە و هەموو ئەو شتانە، کە گوایە وەک ئازادین، نمایش دەکرێن. بەڵام لە سایەی ژنان و ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنان ئەم پەردە ئایدۆلۆژییە ساختەیەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هەموو ڕۆژێک هەندێکی لێدەکەوێت. تێکۆشانی ئازادیی ژنان، کە ئازادیی ڕاستەقینە و ڕزگارییە بۆ تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بەڕێوەدەچێت. هێڵی ڕاستەقینەی خۆی دەبینێت و ڕێگای ڕزگاری لە داگیرکەری و چەوساندنەوە و توندوتیژی دەکاتەوە. ڕزگاریی مرۆڤایەتی بەئازادکردنی ژنان بەدیدێت. ئێمە لە بزووتنەوەی ئازادی بانگەوازمان لە مرۆڤایەتی ئەوەیە، کە زیاتر پشتیوانی لە ژنان بکەن.
ڕێبەر ئاپۆ ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژنانی ئافراند، بناغەی تیۆری و فەلسەفیی بۆ ئازادی خستووەتەڕوو و گەورەترین بەشداری و هاوکاریشی لە ئازادی ژناندا کردووە. سەرەڕای ئەوەش لە هەموو بوارێکدا هەوڵی کرداریی بۆ ڕێکخستنی ژنان داوە تاوەکو ببن بە ئیرادە و تێکۆشان گەش بکەن. ڕێبەر ئاپۆ کاتێک ئەو دەرفەتەی بۆ ژنان دروستکرد ئەوەی خستووەتە ئەستۆی پیاوان بۆ ئەوەی خۆیان لە پەیوەندیی باڵادەستانە، موڵکایەتی و بەندکردن و پەیوەستکردن بە خۆیانەوە ڕزگار بکەن و بتوانن خۆیان لەسەر هێڵی بگۆڕن. ڕێبەر ئاپۆ بووەتە دۆستی ڕاستەقینە و هاوڕێ و هەڤاڵی ڕاستەقینەی ژنان و لەسەر بنەمای ئازادی لەگەڵ ژنان کۆبووەتەوە. ژنان لە هەموو جیهاندا بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەرخۆدان و پێشەنگایەتی دەکەن، ئێمەی بزووتنەوەی ئازادی سوپاسی هەموو ژنانی جیهان دەکەین، کە پشتیوانییان لە ڕێبەر ئاپۆ کردووە و تێکۆشانیان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامداوە.
شۆڕشی ئازادیی کوردستان هێز و هاندەری خۆی لە واقیعی ژنی ئازاد وەردەگرێت، کە دەبنە ئیرادە. ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ئەم بنەمایە شۆڕشی ئازادیی کوردستانی دامەزراندووە، بۆیە شۆڕشی ئازادیی کوردستان دەبێتە شۆڕشی ژنان. ڕێکخستنبوونی ژنان و گەشەپێدانی خەبات و تێکۆشانی ڕێکخستنکراوی ژنان، پرەنسیپی ژیانی ئازاد و ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتیی شۆڕشی ئازادیی کوردستانە.
بەهۆی ئەو تێکۆشانە، کە بە پێشەنگایەتیی ژنان دەکرێت، دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە گەیشتووەتە ئاستی ڕووخان. لەگەڵ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە، ئەو دەسەڵاتە فاشیستییە، کە دوژمنایەتی ژنان دەکات هەڵدەوەشێتەوە، دیموکراتیزەبوونی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕزگارکردنی کوردستان بەدی دێت. بەو بڕوایەوە ئێمە جارێکیتر 8ی مارس لە هەموو ژنانی جیهان پیرۆز دەکەین، بەو بڕوایەوە، کە ئازادکردنی ژنان ڕزگاریی مرۆڤایەتی لێدەکەوێتەوە هیوای سەرکەوتن بۆ تێکۆشانەکەیان دەخوازین.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!