وێستگەنیوز-هێڤار هیوا
لە تۆمارێکی دەنگی دەگمەندا دەرکەوتووە کە سەدام حسێن، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عیراق و عیزەت دووری جێگری، گفتوگۆیەکی تووند لەسەر پرسی کورد و ئۆتۆنۆمی دەکەن. لە کاتێکدا سەدام پشتگیری پرسی کورد دەکات و دەڵێت کوردەکان جیابوونەوە لە عیراق قبوڵ ناکەن.
رژێمی پێشووی عیراق یاخود حکومەتی بەعس، ڕژێمێکی تاکڕەو بوو بە جۆرێک کە هەموو بریارەکان لە لایەن سەدام حسێن، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حزبی بەعسی ئیشتراکییەوە دەردەچوو، هیچ کەسێک مافی لادان لە بریارەکانی سەرۆکی نەبوو. بەڵام هەندێک لە وەزیر و کەسە نزیکەکانی مافی تانەدان و گفتوگۆکردنیان لەسەر بریارەکان هەبوو یەکێک لەو کەسانەش عیزەت دووری بوو بە جۆرێک کە دەیتوانی لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا ڕاستەوخۆ بە بریارەکانی سەرۆک بڵێ نەخێر، هاوڕات نیم.
عیزەت دووری، پلەی جێگری حزبی بەعس و جێگری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عیراقی هەبوو، هەروەها یەکێک لە کەسە متمانەپێکراوەکانی سەدام حسێن. بەو هۆیەوە چەندین جار ڕووبەرووی هەوڵی کوشتن بووەتەوە یەکێک لەو جارانە لە ساڵی 1998 بوو لە کاتێکدا لە ڕێگەدا بوو بۆ سەردانیکردنی شاری کەربەلا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، تۆمارێکی دەنگی بڵاوبۆتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە سەدام حسێن و عیزەت دووری گفتوگۆیەکی تووند دەکەن لەسەر پرسی کورد، سەدام بە تەواوی بروای بە پرسی کورد و سیستەمی ئۆتۆنۆمی ''خۆ بەرێوەبردن هەیە و پشتگیری دەکات بەڵام لە بەرامبەردا عیزەت دووری ڕەخنەی تووندی لێ دەگرێت.
دەقی گفتوگۆکەی نێوان سەدام حسێن و عیزەت دووری جێگری:
دووری: پشتگیری ئۆتۆنۆمی نەتەوەی کورد دەکەی؟
سەدام: دەمێکە ئەوە بۆچوونی منە.
دووری: جەنابی سەرۆک ئەوە لە هیچ شوێنێکی دنیادا نییە.
سەدام: پێشتر لەگەڵ وەزیری دەرەوەدا قسەمان لەو بارەوە کردووە.
دووری: وەڵڵا کارەساتە ئەگەر ئەوە بیرکردنەوەی تۆ بێت.
سەدام: ئەوە بیرکردنەوەی منە.
دووری: دەبێت گەلی عیراق پێنج نەتەوە بێت و ئەگەر هەر یەکەی دەسەڵاتی خۆی هەبێت عیراق دەبێت بە پێنج دەوڵەتەوە. چونکە تۆ بروات وایە دەبێت بەش بەشی بکەین.
سەدام: نا من بروام وایە کە کوردەکان ناتوانن جیابوونەوە قبوڵ بکەن.
دووری: نابێ ئەوە
سەدام، لەگەڵ کوردەکاندا دا ئەنیشین و قسە ئەکەین، تۆ چیت ئەوێت؟
هەر لەسەر ئەو بابەتە، زیاد تارق عەزیز، کوری وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ڕژێمەکەی سەدام دەڵێت، لە سەردەمی سەدامدا هەموو دەسەڵاتەکان دابەش کرابوون، واتە هەر وەزیر و کاربەدەستێک دەسەڵاتی هەبوو بەسەر کارەکەی خۆیدا و مافی ئەوەی نەبوو کە دەستوەردان بکات لە کاری کەسێکی دیکەدا.
ئاماژە بەوەش دەکات، هەموو ئەو دەسەڵاتانەش ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی سەرکردایەتی عیراقدا بوون کە مەبەست لێی سەدام حسێن'ە.
رژێمی پێشووی عیراق تاوانبار بوو بە کوشتن و کیمیاباران و ئەنفال کردنی هاوڵاتییانی کورد و دژایەتی کردنی گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن لایەنە کوردییەکانەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم تۆمارە دەنگییە هەندێک باسی دیکە دەهێنێتە ئاراوە کە لە ئێستادا شیکردنەوەیان زۆر ئاڵۆزە.[1]