دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
جەماوەرو خەڵکی خۆڕاگریی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزیی شەهیدان
بریندارو بەرکەوتوانی کیمیابارنی هەڵەبجە
بەداخەوە 34 ساڵ لەمەوبەر فڕۆکە مەرگ هێنەرەکانی ڕژێمی بەعس دوور لەبەهاو ویژدانی مرۆفایەتی بەگازی خەردەل و چەکی کیمیاوی پەلاماری شاری هەڵەبجە و دەوروبەریاندا، له و هێرشە بێبەزەیانەدا پێنج هەزار ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان شەهید بوون جگە لە دەهەزار بریندار، بەتەواوی ژینگەکەی وێران و کاول کرا.
لەم یادە غەمناکەدا وەک مەڵبەندی 9ی ڕێکخستنی شارەزووری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەری ڕێز و وەفاداری لە ئاست شەهیدانی هەڵەبجەدا دادەنەوێنین، سڵاوی خۆڕاگری بۆ برینداران و بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی دەنێرین.
34 ساڵە سەرەڕای بوژانەوە و ژیان و ئاوەدانکردنەوە لە هەڵەبجە، تا ئێستا زامی ئازار و برینەکانی ساڕێژنەبوە هێشتا حکومەتی عێراق ئەرک وپاپەندە یاساییەکانی بەرامبەر هەڵەبجە بەجێ نەهێناوە.
هەموو ساڵیک لە ڕۆژی 16/3 دا گوتار و بابەتی جۆراوجۆر لەمەڕ ئەم کارەساتە جەرگ بڕە دەنووسرێت، چەندان پێشنیار و پرۆژە دەخرێتە ڕوو.
ئێمە لە مەڵبەندی 9ی ڕێکخستنی شارەزوور داوادەکەین :
1 - جەخت دەکەینەوە پارێزگای هەڵەبجە تەنها لە سایەی ئیدارەیەکی لامەرکەزی دارایی و ئیداری کارا دەبێت.
2 - حکومەتی عێراق ناچار بکرێت پابەندە یاساییەکانی بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێ بکات و لەئاستی نێودەوڵەتیدا هەڵەبجە بە جینۆساید بناسرێت.
3 - هەوڵەکان یەک بخرێت بۆ سەپاندنی قەرەبوو بەسەر ئه و دەوڵەتانەی ڕۆڵیان هەبووە لەم کارەساتەدا بە پێدانی چەک بێت یان هەرهاوکاریەکی حکومەتی ئەوکاتەی بەعس.
4 - هەوڵ بدرێت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان خوێندنی کارەسات و تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە نێو پرۆگرامەکانی خوێندن جێگیر بکریت، لە ڕێگە ڕێکخراوی یونسکۆ وەک ڕێکخراوێکی تایبەت بە پەروەردە و فێرکردن جەخت لە سەر خوێندنی کارەساتی هەڵەبجە لە نێو پرۆگرامەکانی خوێندن لە سەرتاسەری جیهاندا بخوێنرێت و بۆئەم مەبەستەش کتێبێک لەبارەی کارەساتی هەڵەبجە دەربکرێت.
5 - مۆزەخانەی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە کە تائێستا نەتوانراوە ئەم دامەزراوەیە وەک ناوەندێکی بەڵگەنامەیی و فێرکاری بۆ زیندو ڕاگرتنی تاوانی هەڵەبجە دروست بکرێت، بڕیار لە دروستکردنی بدرێت و بودجەیەکی تایبەتی بۆدیاری بکرێت.
6 - پێویستە یەکێک لە ئامانجە ستراتیژیەکانی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی هەرێم جەختکردنەوە لە یادی کیمیابارنی هەڵەبجە بێت لە ڕێگەیی سەفارەت و قنسوڵگەری و نوێنەرایەتیەکانی عێراق لەتەواوی وڵاتانی جیهان بەمەبەستی زیندوڕاگرتنی ئەم کارەساتە و هێشتنەوەی لە یادەوەری مرۆفایەتیدا.
لەکۆتایدا دڵنیاتان دەکەین مەڵبەندی 9ی ڕێکخستنی شارەزوور لەگەڵ نوێنەرەکانی لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆشش بۆ ئه و ئامانجانە دەکات.
سەروەری بۆشەهیدانی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان.
مەڵبەندی 9ی ڕێکخستنی شارەزووری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان..
لەگەڵ ڕێزماندا
بەشی (ڕاگەیاندن و ڕوناکبیریی)
15/ 3 /2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!