وشەی (خان)لە زمانی کوردیدا
(لە زەمانی کۆندا، گۆڕانێکی میتافۆری زۆر سەیر، بەسەر ئەم لەقەبە تورکی و مەغۆلییەدا، کە واتای گەورەیی و بەرزیی و خاوەن شکۆیی دەگەیاند، هاتووە، لە سەدەی شەشی زاینیدا وشەی (قاغان) کە لە دوایدا گۆڕا بە (خان)، سەرۆکی دەوڵەتە گەورەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە خۆیان دەنا، یەکێک لەوانە سەرۆکی دەوڵەتی خازاری بوو، کە لەقەبی (قاغان) ی لەخۆی نابوو، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خێڵە تورکەکان هاتنە سەر ئایینی ئیسلام، ئەمانە کەوتنە سەر بەکارهێنانی (خاقان) کە لە ڕاستیدا بریتی بوو لەشێوە بە عەرەبی کراوەکەی وشەی (قاغان). فەرمانڕەوای قەرەخانییەکان، کە لە سەدەی دەی زاینیدا سامانێکانیان ڕووخاند، بە ڕەسمی لەقەبی (خاقانی گەورە)یان لە خۆیان ناو وشەی (خان) یشیان خستە پاڵ ناوەکانیان، وەک: قەرەخان، بوغزاخان، ...هتد.
بۆ ماوەیەکی زۆر لەقەبی (خان) تایبەت بوو تەنیا بە نەوەکانی جەنگیزخان، بۆ نموونە: سەرۆکی خێڵە ئۆزبەکێکان کە بە ڕەچەڵەک خۆیان دەبردەوە سەر جەنگیزخان، لەقەبی (خان) یان بەکاردەهێنا.
پاش دابەشبوونی دەوڵەتی ئۆزبەکی بەسەر چەند فەرمانڕەوایەکی بچوک بچوکدا، بەرەبەرە واتای لەقەبی (خان)یش نوشستی هێنا و بەرەو کزی ڕۆیشت و گۆڕا، تا وای لێهات هەموو سەرۆک خێڵ و تیرەیەکی گەورە و بچووک، کەوتنە بەکارهێنانی لەقەبی (خان) بۆ خۆیان، لە ئۆزبەکێکانەوە سەرۆک خێڵ و تیرەکانی ئێران و ئەفغانستان و هیندستانیش فێربوون، ئەم لەقەبە لەخۆیان بنێن، بە جۆرێک لە ئێراندا وای لێهات، نەک تەنیا فەرمانبەرە گەورەکان، بەڵکوو فەرمانبەری بچوک و هەتاوەکوو خزمەتکارانیش کەوتنە لەقەبی (خان) لە خۆنان.
لە ئاسیای ناوەڕاستدا گۆڕانێکی تر بەسەر واتا و بەکارهێنانی وشەی (خان) دا هات، ئەویش ئەوەبوو کە خەڵک بەرەبەرە دەستیان کرد بەوەی لەقەبی (خان) لە ژنی خانەکانیش بنێن، بەڵکوو وشەی (خان) یان دایە پاڵ ناوی هەموو جۆرە ژنێک.
دەستکردن بە بەکارهێنانی وشەی (خان) لەتەک ناوی ژندا، بوو بەهۆی ئەوەی ئەو وشەیە سنووری بەکارهێنانی یەکجار فراوان بێت.
لە سەرەتاوە لە زمانی کوردیشدا، ئەم لەقەبە تەنیا تایبەت بووە بە پیاو، بەڵام ئەم وشەیە لە سنووری جارانی دەرچووە و فراوانتربووە، خەڵکی بۆ ڕێزلێنان خستوویانە پاڵ ناوی هەموو ژنێک.[1]