عیرفان عەلی، بەڕێوەبەری کارگێری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای 122 لە #سلێمانی# بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەڕێکەوتی #20-03-2022# دوو خانەنشین لە بەردەم بانکی #تانجەڕۆ#، لەکاتی قەرەباڵخیدا گیانیان لەدەستدا.
عیرفان عەلی گوتی: سەرەتا هەردوو خانەنشینەکە بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری خێرا (ئیسعاف) گەیێنرانە نەخۆشخانەی شار، بەڵام بەداخەوە ئەو کاتەی گەیێندرابوونە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدابووە.
ئەو دوو خانەنشینەی گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان ناوی ئازاد ئیسماعیلە و تەمەنی 76 ساڵە، ئەوەی دیکەشیان ناوی عەزیز ئیبراهیمە و تەمەنی 70 ساڵە.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری ڕووداو کە چووەتە بەردەم بانکەکە گوتی: ئەو دوو کەسە بەهۆی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵخییەوە، کەوتوونەتە ژێرپێ و گیانیان لەدەستداوە.
ژمارەیەک یەکجار زۆری خانەنشینان لە بەردەمی بانکی تانجەڕۆ لە سلێمانی نۆرەیان گرتووە، بەڵام پاسەوانانی بانکەکە بەو خەڵکە دەڵێن مووچە نییە و پارە لە بانکەکاندا نییە.
جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو دوو کەسە، بە گوتەی شایەتحاڵەکان ژمارەیەکی دیکە لە خانەنشینان کە کەوتوونەتە ژێرپێوە، بەشێکیان تەندروستیان ناجێگیرە و لەهۆش خۆیان چوونە و براونەتە نێو بانکەکە تاوەکو بەهۆش خۆیاندا دێنەوە.
بەشێک لە خانەنشینان لە درەنگانێکی شەوەوە لەبەردەم بانکەکاندا نۆرەیان گرتووە، بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینییەکەیان وەربگرن.
رۆژی پێنجشەممە. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی سەرجەم ئەو وەزارەت و فەرمانگە و ئەنجوومەن و دەستانەی ڕایگەیاند، کە تائێستا مووچەیان وەرنەگرتووە. بەپێی لیستەکە ئەمڕۆ یەکشەممە مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە، شارستانی و سێ سەرۆکایەتییەکە (هەرێم، حکومەت و پەرلەمان) دابەش دەکرێت.
[1]