دەقی پەیامەکەی #نێچیرڤان بارزانی#:
جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردی، زۆر بە گەرمی و لە دڵەوە لە خانەوادەی سەربەرزی شەهيدان، لە گەلی کورد و تەواوی گەل و پێکهاتە و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان پيرۆز دەکەم. هيوادارم هەمووان پێکەوە لەگەڵ خۆشەويستان و ئازيزانيان جەژنێکی خۆش لە ئارامی و سەقامگيريدا بەسەر بەرن.
داوا لە هاووڵاتييانی ئازيز دەکەم لە کاتی چوونەدەرەوە و گەشت و سەيرانی ناو سروشتی جوانی کوردستان، تا ئەوپەڕی، پابەندی ڕاگرتنی پاکوخاوێنی و پاراستنی ژينگەی دڵڕفێن و بەهاريی وڵات بن. ئاگاداری خۆيان بن و ڕەچاوی خۆپارێزی و ڕێنماييی تەندروستی بکەن.
نەورۆز کە جەژنی ئازادی و گيانی بەرەنگاربوونەوە و بڕوابەخۆبوونە، ساڵی تازە و نوێبوونەوەيە، لەسەر ئاستی تاک و کەسی، با هاندەری نوێبوونەوەی بير و ڕامانی هەموومان بێت و بيکەينە دەسپێک و سەرەتايەکی تازە بۆ ژيان و پەيوەندييەکانمان، بۆ ئاشتەوايی و ئومێد و گەشبينی و بۆ چۆنيەتيی مامەڵەکردنمان لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەکانی دەوروبەرماندا.
لەسەر ئاستی گشتيش، لە هەموو کاتێک زياتر ئەرکی هێز و لايەنە سياسييەکان و پێکهاتەکانی کوردستانە بەگشتی، يەکڕيز و تەبا بن و بە هاوبەشی پێکەوە کار بکەن، بۆ ئەوەی هەموومان بە يەکگرتوويی بەرەوڕووی سەختی و تەحەدييەکان ببينەوە و سەرکەوتووانە تێيانپەڕێنين.
پاراستنی ماف و دەستکەوتەکان و قەوارەی دەستووری و سياسی و فيدراليی هەرێمی کوردستان، وەک چۆن بەرهەمی تێکۆشانی هەموو کوردستانييانە، ئاواش بەرپرسياريەتيی هاوبەشی هەموومانە بۆ ئەوەی پێکەوە بەره و داهاتوويەکی باشتر و ڕووناکتری دڵنيا هەنگاو بنێين و سەرکەوين.
لەم بۆنەيەدا دووپاتی دەکەينەوە، هەرێمی کوردستان وەک هەميشە ئامادەيە هەموو کێشە و ناکۆکييەکانی لەگەڵ حکوومەتی فيدرالی عيراق بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات. وەک هەميشە فاکتەری چارەسەری دەبين بۆ کێشەکانی عيراق و لەپێناو ئارامی و سەقامگيريی وڵاتدا، يارمەتيدەر و هاوکار دەبين.
هەر لێرەوە، لە کوردستانی لێبوردەيی، يەکترقبووڵکردن و پێکەوەژيانەوە، ۆێز و سڵاوی نەورۆزی و بۆندارانەی بەهاری، بۆ گەلانی عيراق و ناوچەکە، جيهان و دۆستانی کوردستان لە هەر کوێيەک بن، هەروەها بۆ UN دەنێرين کە جەژنی نەورۆزی کردە ڕۆژێکی نێودەوڵەتی و لەگەڵ هەمووان لەپێناو ئارامی و سەقامگیری و ئاشتيدا کار دەکەين.
نەورۆز لە هەمووان پيرۆز بێت، هەموو ساڵيک بە خۆشی.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
20ی ئازاری 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!