ئەستیاگ دوا پادشای مادەکان زوحاکی ماربەشانی نەورۆز نییه.
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
لێرە دەمانەوێ لەبارەی جێژنی نەورۆزەوە بدوێین، بەداخەوە هەموو ساڵێک لەگەڵ نزیک بوونەوەی جێژنی نەورۆز هەندێک له نووسەرانی هاوزمانی خۆمان، بەتایبەت وتاربێژ و بانگخوازه ئیسلامیەکان پێچەوانەی پێوست لە جێژنی نەورۆز دەدوێن و نەورۆز لەگەلی کورد دەستێننەوە و دەیدەن بەگەلانی نەیار و دژ بەکورد، بەشێوەیەک هەست و سۆزی کورد دەجوڵێنن، گوایە نەورۆز جێژنی مەجوسانە، دژی دینە و یادکردنەوەی ئاگرپەستیە و پێویست ناکا کورد ئه و یادە بکاتەوە.
جێژنی نەورۆز جێژنێکی کۆنی کوردە و دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر، سەرەڕای ڕاستەقینەیی لە هەندێک بابەتدا تێکەڵ بە ئەفسانەیی کۆن بووە، لێرە دەرفەتی زۆرمان نیە، بۆیە خۆمان لەساغکردنەوەی ڕیشەی نەورۆز دەبوێرین، ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەکەین، هەندێک له وتاربێژ و بانگخوازەکان لەڕووی تێنەگەیشتن و بەدحاڵی بوونەوە، ئاستیاگ دوا پاشای مادەکان و زوحاک پاشای ماربەشانی ئەفسانەی نەورۆز بەیەک دەچووێنن، ئەوانەی بەسەرهاتی ئەفسانەیی کاوە و زوحاک نزیک دەکەنەوە بۆ کۆتایی دەسەڵاتی مادەکان، دەنگۆی ئەوە بڵاودەکەنەوە گوایە ئاستیاگ دوا پاشای مادەکان، زوحاک یان (ئەژدەهاک)ی ماربەشان بووە، هەروەها وا باسی (زوحاک و فەرەیدون و کاوە) دەکەن، کە فیردەوسی وەک ناسیونالیستێکی فارسی لە شانامەدا شانازی بەسەرکەوتنی کۆڕش بەسەر دوا پادشای ماد ئاستیاگ ی کورد دا دەکەن، دەڵێن لە ڕووداوی کاوە و زوحاک، دەبێ کورد پرسە بگێڕێت، نەک جێژن بکات، چونکە له و ڕۆژەدا ئاستیاگ دوا پادشای ماد، لەلایەن کۆڕشی فارسیەوە کودەتای بەسەردا کراوه و کۆتایی بە دەسەڵاتی کو ڕد هێنراوە ، بۆ چیرۆکی (کاوە و زوحاک)یش دەڵێن: ئاستیاگ دوا پادشای ماد دەبێتە ئەژدەهاک و بەردەبێتە گیانی خەڵک، بۆیە کاوەی ئەفسانەیی دەکەنە کۆڕشی فارسی مێژوویی و ئاستیاگ ی دوا پادشای ماد دەکوژێت، ئیتر زوحاک= ئەژدەهاک بە ئاستیاگ چوێنن و کاوە بە کۆڕش پێناسە دەکەن، بەم بیانووە چیرۆکی ئەفسانەیی سەرکەوتنی کاوە بەسەر زوحاکدا، دەکەنە ڕووداوی مێژوویی سەرکەوتنی کۆڕش بەسەر ئاستیاگ دا، ئینجا لێرەوە بۆ گەمارۆدانی جێژنی نەورۆز، لە چوارچێوەی چیرۆکی (کاوە و زوحاک)دا، ژەهری مەبەستەکەیان دەڕێژن، کە بریتیە لەوەی نەورۆز یادی سەرکەوتنی کۆرش بەسەر ئاستیاگ پادشای ماد، سەرکەوتنی هەخامەنشیەکانە بەسەر ماددا، واتە سەرکەوتنی فارس بەسەر کورد دا، لێرەوە دەگەنە مەبە ستە سەرەکیەکەیان و هەستی نەتەوەیی کورد دەجووڵێنن، کە نەورۆز جێژنی فارسە و بۆ کورد لاسایی کردنەوەی فارسە ، دەبوایە بۆ کورد پرسە بوایە نەک جێژن، چونکە باسی شکستی کورد و ڕووخانی ئاستیاگ دوا پادشای ماد و دەوڵەتی مادە، ئەمەش چەواشەکاری و هەڵگێڕانەوەی ڕاستیەکانە.
ئەم بنەما هەڵەیەی هەندێ نووسەر بەتایبەت بانگخوازە ئیسلامیەکان، کە بەلای ئەوانەوە جێژنی ئاگرپەرست و کافرەکانە، دەیکەنە بناغەی وتەکانیان بۆ پێناسەکردنی ئاژدەهاک بە ئاستیاگ، ئەمە یەکێکە له و بیروڕا هەڵە و بێ بناغانەی زۆر لەڕاستیەوە دوورە، بەداخەوە ئەم قسە بێ بناغەیە بەسەر ڕۆشنبیری کوردیشدا زاڵ بووە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، جگەلە لێکچونێکی ڕواڵەتی ناوی ئاژدەهاک و ئاستیاگ، زۆر جاریش بۆ زیاتر لەیەکتر نزیک کردنەوەی ناوی ئاستیاگ دەکەن بە (ئاستیاک). ئەمەش تەنیا ڕواڵەتێکی فریودەرە و خۆشیان باش دەزانن، بۆچوونێکی بێ بناغەیە، بەڵام لە شێوەی گوتنی فێڵ دەکەن و بۆ لێک نزیک کردنەوە و لێکچواندنی ناوەکان ئاژدەهاک بەشێوەی ئاژد یهاک بەکاردێنن، هەروەها ئاستیاگ بەشێوەی ئاستیاک بەکاردێنن، بۆ ئەوەی ناوەکە لەیەکدی بچێت.
ئەگەرچی لەوانەیە هەندێکیان تەنیا قوربانی ئه و بۆچوونە بن، بەڵام لەجیاتی ئەوەی ڕاڤە و شیکردنەوە و بەدواداچوونی وردی بۆ بکەن، قسەی بێ بەڵگە و بێ بنەما دروست دەکەن، بۆ زیاتر چەسپاندنی بۆچوونە هەڵەکەیان، لەبەرنامەیەکدا کەسایەتیەکی بەرزی ئیسلامی دەیوت: کورد نابێ یادی جێژنی نەورۆز بکاتەوه، لەبەر ئەوەی جێژنی مەجوسەکانە و بۆ کوردی موسڵمان دروست نیه، یادی ئه و جێژنە بکاتەوە.
لە نووسینی ئەم بابەتەدا دەمانەوێ بەبەڵگەی مێژوویی ئەم هەڵەیە ڕاست بکەینەوە، بەهیوای ئەوەی هەموو ئەوانەی ئەم بۆچوونەیان بەهەڵە وەرگرتووە، یاخود بەئەنقەست و بۆ شێواندنی بابەتەکە ئەمە دەوروژێنن، واز لەم بیرکردنەوە هەڵانەیان بێنن، ئەگەرچی لەڕووی زمانەوانیشەوە ئەم دوو ناوە لەیەکتر جیاوازن، بەڵام ئێمە لێرە خۆمان لەلایەنی زمانەوانی دەبوێرین و تەنیا گرنگی بەلایەنی مێژوویی دەدەین، دەمانەوێ لەڕووی مێژووییەوە ساغی بکەینەوە، ئاستیاگ دوا پاشای ماد، زوحاک یان ئاژدەهاک ی دێوەزمەی نەورۆز نیە، بەڵکو ئاستیاگ دوا پادشای مادەکان، کەسایەتیەکی هێمن و ئاشتیخواز و لایەنگیری هەژاران بووە، بۆ ئەوەی ئەمە ڕوون بکەینەوە، دروست بوونی دەوڵەتی ماد و ڕۆژگاری فەرمانڕەواییان دەبێ بزانین تا شکستی ئاستیاگ و لەناوچوونی ئیمپراتۆری ماد، لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدە ینەوه و قسەی ئه و نووسەر و مێژوونووسانە وەربگرین، شارەزای مێژووی مادەکانن و لەنزیکترین سەردەمی ئەواندا ژیاون و ڕووداوەکانیان بەدروستی تۆمار کردووە .
بەسەرهاتی ڕۆژگاری ماد له ژێر دەسەڵاتدارێتی ئیمپڕاتۆریێتی هەخامەنشیەکاندا لە نووسراوە سێ زمانیەکانی (پارسی کۆن، عێلامی، بابلی) هەندێ پاشایان و هەروەها نووسراوەی گەورەی داریوشی یەکەم، لە ڕووکاری بێستون ئاوێنەی یەکترن…، ئەم بەڵگە و سەرچاوانە لەبەرئەوەی لەسەردەمی ڕووداوەکانی ماددا نووسراون نرخدارن، بەڵام سەرچاوەکانی دەستەی دووەم زۆربەیان بە زمان گێڕدراونەتەوە و بەدەمی بڵاوبوونەتەوە لەبەر ئەمە ئەوانە جێگای باوەڕنین و نرخیان کەم ترە، بایەخی ئەمانە لەلایەک بەستراوە بەواقیعی باسەکەوە و لەلایەکی تریش بەویژدان و ئەمانەت پەروەری ئه و کەسەی باسەکە دەگێڕێتەوە، ئەمانە دەکرێن بەچەن بەشێکەوە، نووسەرە کۆنەکانی یۆنان دەکەونە ڕێزی یەکەم لە چوارچێوەی کۆمەڵی دواییدا.
یۆنانیەکان لەسەردەمی شەڕی یۆنان و ئێرانیەکاندا لەسەدەی پێنجەمی پێش زاییندا ئاشنایەتیەکی باشیان لەگەڵ مێژووی ڕۆژهەڵات پەیداکرد، له و شەڕانەدا لەشکری مادەکانیش بەشدار بوون، یۆنانیەکان بیریان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی گەورەی هاوڕێی خۆیان دەکردەوە، بێ پەروا پەنایان دەبردە بەر ڕۆژگاری کۆن و سەردەمی هەخامەنشیەکان بەسەر چۆنێتی مێژووی ماد و ئاشوورییەکان دا تێدەپەڕین.
هێشتا نەوەی زۆر لە نێوان بنەماڵە بەرزەکانی ماد دا هەبوو، بەشداری ژیانی سیاسی وڵات بوون و زۆربەیان لە ئیمپڕاتۆریەتی هەخامەنشییەکاندا جێگا و مەقامی بەرزیان بەدەستەوە بوو، هەروەها گەلێک لەمانە لەگەڵ یۆنانییەکاندا پەیوەندیان هەبوو، لەبەر ئەوە دەبێ بڵێین له و کاتەدا بەڵگە و سەرچاوەی ڕەسمی دەوڵەتی ماد لەلایەن دەرباری هەندێ پادشاهانەوە ئاگاداری دەکرا، لەم ڕێگایەوە لەگەڵ یۆنانیەکانیش پەیوەندییان هەبوو.
داخەکەم یۆنانییەکان دەستیان بەسەرچاوەکانی دەرباری سەڵتەنەتی هەخامەنشیەکان نەدەگەیشت و دیسانەوە لە کاتێکدا ئەسکەندەر لەسێیەکی دوای سەدەی چوارەمی پێش زایین، ئیمپراتۆریەتی هەخامەنشییەکانی تێکدا و داگیری کرد هەموو ئه و نووسراوانەی دەربار ی شاهی لەناوچوون.
لەبارەی سەڵتەنەت و کیشوەری مادەوە چەند زانیارییەکی تاکه تاکە لە نووسینەکانی نووسەرە یۆنانییەکانی سەدەی پێنجەمی پێش زایین هەن. وەکو هکاتی میلتی و هارون لامپساکی و دیونیس میلتی، که لەبارەی داریۆشی یەکەم نووسیویانە، هەروەها کسانت لیدیائی نووسەری (مێژووی لیدیا) لەناوەڕاستی سەدەی پێنجەم ژیاون، ئەمانە دەربارەی مادەکان شتیان وتووە، هلانیک نووسەر و مێژوونووس دروست بوونی ماد دەبەستێ بەنووسراوی قارەمانانی ئەفسانەکانی یۆنانەوە، بەڵام لەبارەی ڕێکخستنی تەواوی مێژووی مادەوە یەکەمجار مێژوونووسی گەورەی یۆنان و دامەزرێنەری زانیاری مێژوو (هیرۆدۆت هالیکارناسی) له نیوەی دووەمی سەدەمی پێش زاییندا هەوڵ و کۆششێکی زۆری داوە. لەساڵی 447ی پێش زایین چووە بۆ ئاتن و دواتر سەری لە سەرزەمینی ماد و پارس داوە و چەند نووسینێکی لەبارەی مێژووی نەریت و ڕەوشت و هەستان و دانیشتنی ئه و کیشوەرانە نووسیوە و بۆ ئەوەی مێژووەکەی تەواو بکات زۆر تێکۆشاوە.
هەرچەندە سوودی لە نووسینی نووسەرەکانی پێش خۆی وەک: هکاتە و هلانیک و دیونیسدا وەرگرتووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پشتی بە لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن و وتەی سەرزاری خەڵک بەستووە، بۆ نموونە لەبارەی مێژووی مادەوە سوودی لە قسەی خانەدانەکان وەرگرتووه، بەتایبەتی (زوپیر). ڕەنگە سوودی لەوتەی یەکێ لە نەوەی هارپاک وەرگرتبێ، ناوبراو یەکێ لە گەورە پیاوانی ماد بووە و سەد ساڵ پێشتر نەخشێکی شوومی لەتێکدان و لەناوچوونی سەڵتەنەتی مادەکان یاری کردووە، بەم جۆرە شارەزاکان توانیویانە زانیاری شێوە ڕاست، بەتایبەتی لەبارەی داستان و بەسەرهاتەکانی بنەماڵەی خۆیانەوە بەهیرۆدۆت بدەن.
لەبارەی نووسینەوەی ڕووداوەکانەوە هیرۆدۆت (باوکی مێژوو) زۆر بەئەمانەتەوە باسەکانی نووسیوە، لە هەندێک جێگادا لەبارەی بەسەرهاتێکەوە چەند جۆرێک بەڵگەی دەستکەوتووە، بەراوردی کردوون، ئەوەی لەهەموویان زیاتر ڕاست دەرچووە (بەپێی بیری خۆی و ڕۆشنایی سەرچاوەکان) ئەوەی هەڵبژاردووە و نووسیوێتی، نووسینەکانی ئه و تازەترین بەڵگەی کۆنە شوناسی ڕۆژهەڵات شوناسیه، لەبابەتی ورد و بچوکیش کۆڵابێتەوە، یەکێک له و بەڵگانەی ڕاست و دروستی وتەکانی هیرۆدۆت دەسەلمێنێ، نووسراوەکانی داریۆشی یەکەم پادشای هەخامەنشییە لە بێستوون، دەرکەوتووە ئەوەی هیرۆدۆت نزیکەی سەد ساڵ دوای ڕووداوی مێژووی کوشتنی گئوماتای مغ نوسیویەتی و ناوی ئه و شەش کەسەی دەستیان لە کوشتنەکەیدا بووە، باسی کردوون، بەڕاست دەرچووە، تەنیا ئەوە نەبێ لەناوی یەکێکیاندا تووشی گومان بووە و ناوی یەکێک لە نزیکەکانی داریۆشی هێناوه، ئه و یەکەش دەستی له و کار و کوشتنەدا نەبووە.
کتسیاس کیندی نووسەرێکی تری یۆنانیە و لەپاش هیرۆدۆت هاتووە و دەبێ ناوی بهێنین، کتێبێکی مێژوویی بەناوی (پریسکا)داناوە، کتسیاس پزیشکێکی دەرکەوتوو لە خزمانی (بقراط) بونیادنەری زانستی پزیشکی بووە، لە دەوروبەری ساڵی 414 پێش زایین ئێرانیەکان بەدیل گرتویانە، بردوویانە بۆ دەرباری داریوشی دووەمی پادشای ئێران، ماوەیەک لە دەرگای داریۆشی دووەم و ئاردەشێری دووەم بووە، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یۆنانیەکان سوودی لێ وەرگرتووە، ئەگەرچی قسەکانی کتسیاس لەڕاستیەوە دوورن و ڕواڵەتێکی ڕێک و پێکیان نیە، بەڵام لەبارەی دوا شەڕی نێوان ئاستیاگ و کۆرش قسەکانی کتسیاس تاڕادەیەک لە ڕاستیەوە نزیکن، هەندێ لە نووسینەکانی ئه و لەگەڵ سەرچاوە بابلیەکاندا یەکن.
نووسەرێکی تری یۆنانی لەبارەی دەوڵەتی مادەوە شتی نووسیوه (کزنفون= گەزنەفۆن)ە ، کە بەتەواوی لەنووسەرەکانی تر ڕاستگۆترە، زانایەکی ئایدیالی و پیاوێکی سیاسی خاوەن ڕێز و قوتابی سوقرات و هاوڕێی ئەفلاتون بووە، لەهەمان کاتدا یەکێک لە مامۆستایانی وێژە و گفتوگۆی یۆنان، گرنگتر لەهەموو نووسینە مێژوویی و نیوە مێژووییەکانی یۆنانە (هانیکا Hellenika) کە دوا به دوای کتێبەکەی (فوکیدید) مێژوونووسی گەورە باس دەکرێ، کزنفون بەشداری لەشکرکێشیەی کۆڕشی بچووک، لەساڵی 401 پێش زایینی دەکا، کە کردیەسەر ئاردەشێری دووەم.
کزنفون دەیزانی (هیرۆدۆت) یەکەم: لەسەردەمی سەڵتەنەتی ماددا گەلێک وڵات و هۆزی سەربەخۆی بینیوە، لەدواییدا کەوتنە ژێر دەسەڵاتی (پارس)ە ئێرانییەکانەوە، دووەم: لەوڵاتی ماددا چەند شانشینێک بووە سەر به دوەڵەتی ماد بوون، ئه و شانشینە سەربەخۆیانە لە کۆڕشنامەدا باسکراون، زۆربەیان ئه و ساتراپ نشینە ئێرانیانە بوون، کزنفون خۆی هەندێکیانی ناسیووە و هەندێکیشیانی لەچەند سەرچاوەیەکی سادە و سەرپێییەوە وەرگرتووە، وەکو شانشینەکانی کاپادۆکیە و ئەرمەنستان و هیرکانیە و شوش …هتد.
نووسەرە یۆنانیەکانی ئەم دواییە تەنیا نووسینەکانی هیرۆدۆت و کتسیاس و هەندێک لە نووسینەکانی کزنفون و بەشێکی زۆر کەمی (بروس)یان باس کردۆتەوە، بەڵام ئه و نووسینانەی ئەوان لەبارەی مێژووی سەڵتەنەتەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆنەوە نووسیویانە بەشێکی کەمی لە داستانێکی مێژوویی تردا هەیە، ناتوانین بیکەین بەنووسینی هیچ نووسەرێک کەلەمه و پێش باسمان کردوون.
دوا سەرچاوەیەک کەباسی مادی کردووە و شایانی ئەوە بێ باسی لێوە بکرێ، (مێژووی موسی خورنی) – موسس خورناتسی- نووسەری بەناوبانگی ئەرمەنیە، لەسەرەتای سەدەکانی ناوەڕاستدا دایناوە بەزمانی ئەرمەنی بووە.
موسی خورنی بۆ نووسینی مێژووەکەی خۆی لەچەند سەرچاوەی هەمەجۆر و فراوان وەکو تەورات و نووسینی نووسەرە یۆنانیەکان و سریانییەکان و ئەرمەنیەکان سوودی وەرگرتووە، لەسەردەمی موسی خورنیدا، بەپێی مێژووە بەناوبانگەکەی، لەسەدەی پێنجەم و سەرەتای سەدەی شەشەمی زایینیدا ژیاوه، ماوەیەکی زۆر لە سەردەمی مادەکان دوور کەوتۆتەوە ، له و کاتەدا لێکۆڵینەوە و ڕەخنەگرتن لەناو نووسەرە یۆنانییەکاندا نەبووە.
موسی خورنی نەیدەتوانی سود لەسەرچاوە پێشووەکان، وەکو نووسینەکانی هرۆدۆت و کتسیاس و کزنفون وەربگرێ، بەڵام سوودی له و نووسینانەی دوایی وەرگرتووە، ئه و سەرچاوانەیان باس کردووە و باسەکانیان لەوانەوە وەرگرتووە، هەندێک نووسینەکانیشی لەبارەی سەردەمی کۆنەوە دەدوێن زۆر تێکەڵ و پێکەڵن، ئەم ئاڵۆزیە هۆیەکی تایبەت تری هەیە، چونکە موسی خورنی به تایبەتی پشتی بەکتێبی کابرایەکی سووریەیی بەستووە و باسی لێوە کردووە، ناوی (مارئاباس کارتینا) بووە، لەوە دەچێ تەنیا ئه و لەبارەی ڕۆژگارێکی نزیکەوە زانیاری لێ وەرگرتبێ (مارئاباس کارتینا) یا (ئه و کەسە، ئەم ناوەی بۆ خۆی داناوە) خۆی بەهاوچەرخی یەکەمین پادشای ئەشکانی لەسەدەی دووەمی پێش زایین لەقەڵەم دەدا، لەگەڵ ئەوەدا نووسینەکانی کۆمەڵە نووسینێکی نووسەرە کۆنەکانە بەشێوەیەکی ناڕێک و پێک، کەبەسەریەکدا نووسراون و مێژووی ئه و نووسینانە ئەگەر لەسەدەی سێیەمی زاینیدا بەدواوە نەبێ پێشتر نییە.
موسی خورنی زۆرتر ئه و باسانەی نووسیوه، مێژوونووسەکانی پێشووتر لەبارەی مێژووی ئەرمەنستانەوە نووسیویانە، لەبەرئەمە باسی (تیگرانی یەکەم) کۆنترین شای ئەرمەنستان و … کردووە، زۆر بەوردی داویەته بەر سەرنج و لەباسەکاندا بایەخی پێداوە، هەروەها ناوی (ئاستیاگ)ی بە (ئاژدەهاک) بردووە، لێرەدا لە نووسینەکانی موسی خورنیدا دەردەکەوێ مێژوونووسی ئەرمەنی ناوبراو ویستویەتی ئه و باسانەی لەسەرچاوە یۆنانییەکانەوە وەریگرتوون، لەگەڵ باس و بەسەرهاتە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتدا پەیوەست بکات، ئاردەهاک (ماژدهاک)ی ئاوێستا زۆردارێکی ئەفسانەیی و مارێکی شێوە ئادەمیزاد له خەڵکی باوری (بابل) بەدەستی (ثراتیلو) (فەرەیدون) کوژراوە، که لە دواییدا وڵاتی ئاژی- دەهاک لە دوای سەردەمی پارتەکان بە بابل یان دادەنا، لەگەڵ ئەوەدا ناوەکان بەهیچ جۆرێک لە (ئاستیاگ) ناچن، ئەم ئاڵۆزیە دیسان لەکۆنەوە تووشی ناوی (ئاستیاگ) بووە، هەر چۆن بێ ئەم قسە بێ بناغەیە لەسەدەی نۆزدەهەمدا سەری لە گەلێک لە نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژئاوا شێواندووە و تووشی هەڵەی کردوون، ئاشکرایە موسی خورنی کەمتر له شارەزایان و نووسەرانی ئەوروپای سەردەمی تازە سەرچاوەی یۆنانی دەستکەوتووە و خۆی بەلێکۆڵینەوەیانەوە خەریک کردووە، وەکو ئه و نامانەی یۆنانییەکان دەستیان کەوتووە، لەبارەی ناوی مادەکان و (ئاوێستایی) لەسەردەمی ئەودا کۆن بوون دەستگیری نەبووە، توانای نەبووە یانەیویستووە ئه و نووسراو و سەرچاوانەی دەست بکەوێت، بەڵکو شێوەی نامەکانی چۆن بیستووە به و جۆرە داویەتە بەر سەرنج و باسی کردووە.
موسی خورنی نەک هەر سوودی لەبەرسەرهاتە مێژووییەکان وەرگرتووە، بەڵکو سوودیشی لە داستانە ئەرمەنییەکانیش وەرگرتووە، لەداستانەکەی (تیگران) قارەمان- مێژوونووسان به و تیگرانەی دەزانن، کزنفون باسی کردووە، بەهاوکاری لەگەڵ فەرەیدون لە دژی ئەژدەهایەک کە (ئاژدەهاک)ی ناوبووە ڕاپەڕیون، باسی کراوە، دیسانەوە (ئاژدەهاک) و (ئاستیاگ) لەنووسینەکانی کزنفوندا هاوچەرخی تیگران بوون، موسی خورنی زیاتر بەهەڵەدا بردووە.
نووسینە ئەرمەنیەکان و بەتایبەت کتێبەکەی موسی خورنی لەچەند بوارێکی جۆربەجۆردا باسیان کردوون، بەڵام جیاکردنەوە و لێکۆڵینەوەی سەرچاوە ئەرمەنیەکان زۆر گرانە، ڕەنگە موسی خورنی لەهەندێ سەرچاوەی تایبەتی ڕۆژهەڵاتەوە سوودی وەرگرتبێ، لەگەڵ ئەوەدا جێگای باوەڕ نییە، لەسەدەی پێنجەمی زایینیدا بەسەرهاتێکی مێژووویی سەربەخۆ بۆئەوە بشێ پشتی پێ ببەسترێ، لەبارەی سەڵتەنەتی مادەوە بووبێت، دەتوانین بڵێین لە ڕۆژگاری ساسانیەکاندا (لەسەدەی سێیەم تا حەوتەمی زایینی) تەنانەت بیرەوەری هەخامەنشییەکانیش بەرگوێ نەدەوکەوت، لەجیاتی قارەمانانی ئاوێستا وەکو (کوی کوات) (کەیقەباد) و (کوی خسرەو) (کەیخوسرەو) و (کوی ویشتاسب) (گشتاسب) و پادشایانی تری کۆنی ناوچەکە بەمجۆرە باس دەکران، سەردەمی سەڵتەنەتی هەخامەنشیەکان لەداستانە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵات، لەسەدەکانی ناوەڕستدا بە تەواوی فەرامۆش کرابوو، تەنانەت له بارەی دەوڵەتی پارتەوە هیچ جۆرە زانیاری و شارەزاییەکی ڕوون و ڕاست نەبوو.
$دامەزراندنی دەوڵەتی ماد$
لەبارەی ئه و سەرچاوانەی باسی مێژووی ماد دەکەن، بەداخەوە گەلێک له و سەرچاوانە گومان لەنووسین و باسەکاندا پەیدا دەبێت، کە باسی سەرچاوەیەک یا نووسەرەکەی دەکەین، پێویستە بەوردی سەرنجی نووسینەکە و باری ڕۆژگاری نووسینەکە و نووسەرەکە بەوردی بدەین، لەڕواڵەتی مێژوویی و ئەدەبی و سیاسی نووسینەکە و نووسەرەکە بەوردی بکۆڵینەوە، دەبێ ئەوە بزانین هەر باسێک لە هەر سەرچاوەیەکەوە وەرگیراوه، چیە و چ نرخێکی هەیه، ئەگەر بەمجۆرە نەبێ ئەوا ناتوانین بەڕێک و پێکی و ڕەوانی بگەینە ئەنجام و بیروڕای خۆمان بچەسپێنین.
پێویستە سەرەتا ئەوە بزانین سەڵتەنەتی ئاستیاک، دوا پادشای مادەکان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، له و ڕوانگەیەوە یەکێتی تیرەکانی ماد، سەرچاوە و هۆی سەرەکی پێکهێنانی دەسەڵاتی ماد بوون، لەم بابەتەشەوە قسە زۆر کراوە، هەر کەسە بۆچوونێکی دەربڕیوە، بەناوبانگ ترینیان ڕوانگەی هیرۆدۆت مێژوونووسی نێوداری یۆنانی کۆنە، ناوبراو کەسێک بەنێوی (دیۆک یا دیاکۆ= دیۆکس یا دیائۆکۆ) بەمایەی سەرەکی یەکگرتوویی تیرەکانی ماد و یەکەم پێکهێنەری دەسەڵاتی ماد ناساندووە، ئاشکراشە دیائۆکۆ لەپێشدا سەرکردەی یەکێک لە هۆزەکانی ماد بووە و بە قەولی کوتوان لەسەردەمی هێرشی سارگۆنی دووەمی پادشای ئاشوور بۆ سەر ماننا و ماد، بەدیل گیراوە و بۆ سوریە دوورخراوەتەوە.
ئه و داستانەی “هیرۆدۆت” بۆ به دەسەڵات گەیشتنی “دیائۆکۆ” دەیگێڕێتەوه، لەنێو هۆزی خۆیدا جێگای ڕێز بووە و لە ژیری و ڕێزلێنانیدا بەناوبانگ بووە و زۆربەی خەڵکی هۆزەکەی خۆی و بگرە خەڵکی لاوەکیش بۆ کردنەوەی گرێی گرفتەکانیان دەچوونە لای و هێدی هێدی قەدر و ڕێزی لەنێو هۆزەکەی خۆی و خەڵکدا ئەوەندە بەرز بۆوه، وایان بیردەکردەوە بەبێ ئه و هیچ گیروگرفتێک چارەسەر نابێ، بۆیە کاتێک هاتنەسەر هەڵبژاردنی کەسێک بۆ ڕێبەری قەوم، هەموو یەک دەنگ دیائۆکۆیان هەڵبژارد.
هیرۆدۆت دەنووسێ: یەکەم کاری دیائۆکۆ، ئەوە بوو کۆشکێکی بەخەڵک سازکرد و چەند پارێزەرێکیشی بۆ گرت، دوایش فەرمانیدا لە دەوری کۆشکەکەی شارێکی گەورە دروست بکەن، تا ببێتە ناوەندی دەسەڵات، گەلی ماد لە هەموو شوێنێک بۆ کاروبار و گیروگرفتەکانیان بێنە ئه و شارە، کۆشک و شار بەدڵی دیائۆکۆ لە شوێنی ئەمڕۆی (هەمەدان) دروست کرا و نێویان نا (هەنگماتانە، هەنگماتان یا ئەکباتان) بە مانای شوێنی کۆبوونەوه، لە هەمان کاتدا، ئه و بێ غەرەزی و عەدالەتی که لەپێشدا دەیکرد درێژەی پێدەدا، ئه و لە ماوەی 53 ساڵ پاشایەتی خۆیدا قەومەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی یەکگرتوو کرد و هەموو کۆششی خۆی بۆ ئەوە وەگەڕخست، بناغەی دەسەڵاتێکی بەهێز دابمەزرێنێ، بناغەی ئه و دەسەڵاتەی بە ناوی “ماد” دەناسرا بەهێز تر بکا. دیارە دوای ئه و کوڕەکەی “فرەئۆرتیش یا خشتریتە” کەوتە بیری داگیرکردنی خاکی خەڵکی تر و فراوان کردنی وڵاتی ژێر دەسەڵاتی خۆی.
پێویستە فرائۆرتیش کوڕی دیائۆکۆ لەدوای باوکی به یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئیمپراتۆری ماد بزانین، بە وتەی هیرۆدۆت ئەویان بەکوڕی دیائۆکۆ زانیوە. فراوەرتیش کوڕ یا نەوەی دیائۆکۆ بەزیادکردنی خاکی ئه و ئەمیرنشینە بچووکانەی لە دەوروبەری خاکی خۆی بوون، چەند هەنگاو لە پێکهێنانی دەوڵەتی ماد نزیک تر بووەوە. بەهەرحاڵ فرائۆرتیش یا خشتریتە دوای 22 ساڵ فەرمانڕەوایی بەسەر خەڵکی ماددا کوڕەکەی کیاکسار شوێنی گرتەوە، بەوتەی هیرۆدۆت ناوبراو لەشەڕێکدا لەگەڵ ئاشوورییەکان لە ساڵی 652 یا 653 بەرلە زایین کوژرا.
$ڕووخانی دەوڵەتی ئاشووری$
یەکخستنی هۆزەکانی ماد لەئەنجامدا بوو بە هۆی دامەزراندنی یەکێک لە ناوەکانی گەورەی دەسەڵاتی ناوەندی، لە دنیای ئه و سەردەم و پێکهێنانی ئیمپراتۆری ماد و یەکەم دەسەڵاتی ڕاستەقینە و سەربەخۆ. له و کاتە کە ئاشوورییەکان زلهێزی ئه و سەردەمە بوون، هەرچی دەسەڵاتی ئاشووری بەسەر ماددا زیاتر دەبوو، زەمینەی خۆڕاگری و بەرگری و بیری خۆڕزگارکردن، لە ژێر دەسەڵاتی ئاشوورییەکان لەنێو خەڵکدا زیاتر دەبوو.
هەموو ئه و شوێنانەی ئاشوور لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی گرتبوو، لە دەستی دەرهێنرایەوە، بەڵام سەرهەڵدانی ناکۆکی و ناتەبایی لەنێو ئه و هێزە یەکگرتووانەی ماد دا بەهۆی ئاشوورییەکانەوە پێکهاتبوو، گەیشتە جێگایەک پاشای ئاشوور پەیوەندی لەگەڵ سکاییەکان بەست و کچەکەی دابە پادشای سکاییەکان، تا ئه و له و یەکگرتنە لەگەڵ مادەکان پەشیمان بکاتەوە، کۆتایی بەم سەرکەوتنتانە هێناو بۆ ماوەیەک خەیاڵی ئاشوورییەکانی دڵنیا کرد.
پاشای ئەسکیتەکان بۆ پشتیوانی ئاشوورییەکان دژی مادەکان وەستا، هەر چۆن بێ لە ساڵی 625 پێش زاییندا پادشای ماد لە ژێر ڕکێفی ئەسکیتەکان ڕزگاری بووە، جارێکی تر وەکو دەوڵەتێکی خاوەن هێز و سیاسی گرنگ هاتەوە ڕوو.
هیرۆدۆت دەڵێ: لەسەرەتای حکومەتی کیاکساردا پادشای ماد گەلێک هۆز و لەوانە پارسەکان لەژێر دەسەڵاتی دابوون، بەڵام لەدەیەی سێیەمی سەدەی حەوتەمی پێش زایین پارس (پرسید) وەکو پادشانشینە بچووکەکانی ڕۆژهەڵاتی #ئیلام# و ئەودیو ئیلامەوە، هێشتا بەسەربەخۆیی دەژیا.
سەرکەوتنەکانی دەرەوه، لەدوای دەرکردنی ئەسکیتەکان لەسەردەمی حکومەتی کیاکساردا، لە دوای ساڵی 616 پێش زایین دەستی پێ کرد، هیرۆدۆت لەبارەی کیاکسارەوە دەڵێ: دەڵێن ئه و …. یەکەم کەسێک بووە هۆزەکانی نیشتەجێی ئاسیای کرد بەچەند بەشێکەوە و ڕێکیخست.
ڕەنگە چەند دەستەیەکی شەڕکەری تری هۆزەکانی تری، وەکو مانناییەکان و ئەوانی تر، ئەوانیش لە ساڵی 612 پێش زایین لەناو لەشکری سەرکەوتووی مادا بووبن، بەم هۆیەوە سەرکەوتنی ماد بەسەر سەرکەوتنی تەواو هۆزەکانی ئاسیای نزیک دابنێین، ئیتر کیاکسار بیری لەوە کردەوە باسکی بەهێزی دەوڵەتەکەی بەکاربێنێ لە دژی زۆر و ستەمی ئاشوورییەکان.
(بروس) مێژوونووسی بابلی دەنووسێ: نەبوپلاسار پێش شەڕ له و هاوپەیمانیە دەگەڕا، لەسەر بنەمای دۆسایەتی لەگەڵ هوخشترە هەیبوو، لە وتوێژێکدا بوونەوە هاوپەیمان و کچی هوخشترە بەناوی (ئەمێئی ئیدا)یان داوە بە (نەبو کدنەسر= نەبوخودنەسر)ی کوڕی نەبوپلاسار، بۆ یەکگرتن دژی ئاشوور ڕووی لێنا و دوایەش مادەکان لە زاگرۆس تێپەڕین و لە داوێنی ڕۆژئاوای زاگرۆس لە دیجلە پەڕینەوه، دیواری دەوری ئاشوورییان تێک ڕووخاند و شاری پیرۆزی (ئاشوور) یان گرت، کە هەموو دەستکەوتی ئاشووری تێدابوو، ئەوەی لە تاڵان و بڕۆی چەند سەدەی پێشتر لە وڵاتانی دراوسێ کۆیان کردبووەوە هەمووی لەوێ دابوو.
ڕووخانی نەینەوا لەلایەن مادەکانەوە، لە مانگی ئوت ی ساڵی 612 پێش زایین بووە، گرتنی ئه و شاره، کەچەندین سەدە ناوەندی دەسەڵاتداریەتی هەموو ئاسیای ڕۆژئاوا و پایتەختی زاڵمانەترین حکومەتەکانی دنیا بوو، وای بەحاڵی شارێک، کە پڕ لە تەڵەکە و تاڵان و تایبەتمەندیی لێ دوورناکەوێتەوە، شەقەی شەللاق و گڕەی تایەی عەرەبانان و تەپەتەپی سمی ئه و ئەسپانەی تاودەدرێن، گوێی فەلەک کەڕ دەکەن، بریقەی شمشیران دەدرەوشێن و نووکە ڕمان تروسکەیان دێ، کوژراو یەکجار زۆرن و تەپۆلکەی تەرمان بەرچاو دەکەوێ، بەواتایەکی تر لە جەنازەی کوژراوان تەپۆلکە سازبووە، هات و هاواری بڕانەوەی ئاو وەسەر ئاخ گەڕاوە و کەنیزەکان بەدیل گیراون، هەر کەس له توانای دابووە، چەک هەڵگرێ کوژراوە و ئەوانی دیکەش کران به کۆیلە… ، داگیرکەرانی ئاشوور نینەوایان وێران کرد، کەلەسەر گۆی زەوی نەما و هەموو سەروەت و سامانی ئه و شارەیان بۆ ئەکباتان (هەمەدان) نارد و بەم شێوەیە نینەوا بۆ هەمیشە لەناو چوو. شای ئاشوور، کە فەرمانڕەوای دنیایەک بوو، کۆشکی ئیمپراتۆری ئاورتێبەردا و خۆی و بنەماڵەکەی لەنێو گڕی ئاگردا سوتان. بەڵام تا ساڵی 609ی پێش زایین بە پچڕپچڕی شەر بەردەوام بوو.
بیستی ئەیلول (سەرەتای سپتامبەر)ی 612ی پێش زایین کیاکسار گەڕایەوە بۆ ماد، نا بوپلاسار لە کەلاوە وێرانەکانی نەینەوادا مایەوە و لەشکرەکەی هەروەکو جاران پەلاماری ئاواییەکانی ناوچە دانیشتووەکانی ئاشووریان دەدا و تاڵانیان دەکردن. لەکاتێکدا لەشکری بابلیەکان بەدوا پاشماوەکانی ئاشووردا لە حەڕان لەشەڕ دابوون، لەهەمان کاتدا مادەکان بەسەختی لە ئورارتویان دا و گەیشتنە (نوشیا) و پایتەختی کیشوەرەکانیان لەکەناری دەریاچەی وان بوو، دەوڵەتی ئورارتویان داگیرکرد، پادشای ماد نەک تەنیا ئیمپڕاتۆریەتی ئاشووری لەناوبرد، بەڵکو پادشاییەکانی ماننا و ئەسکیت و ئورارتوشی هێنایە ژێر دەسەڵاتی خۆی، ئەمە خۆی سەرکەوتنێکی گەورەبوو.
بەقسەی هیرۆدۆت لە دوای ڕزگار بوونی ماد لەژێر دەسەڵاتی ئەسکیتەکان لەساڵی 625 پێش زایین، ئەسڵی ئەسکیتەکان بەڕای زۆربە لە قەفقازەوە هاتبن، بۆ کەنارەکانی دەریای ڕەش، ژمارەیەکی زۆر لە ئەسکیتە بیابان نشینەکان لەئەنجامی شەڕی ناوخۆیی، چوونە خاکی مادەوە، بەڵام بەشێک لەوانە بەهۆی ناکۆکی ناوخۆیانەوە لە شوێنی خۆیان مانەوە و لەسەر ئارەزووی خۆیان سەریان بۆ کیاکسار دانەواند، له و سەردەمەدا کیاکسار کوڕی فرائورت کوڕی دیوک حوکمی مادەکانی دەکرد، ئه و لەسەرەتاوە داخوازی ئەسکیتەکانی قبوڵ کرد، کە داوای یارمەتیان لێ کردبوو، تەنانەت کوڕەکانی بۆ فێربوونی زمان و پیلانی تیرئەندازی نارد بۆ لای ئەوان، ئه و کاتە کیاکسار لە خۆیەوە پادشایانی ئەسکیتی ڕەنجاند و ئەوانیش تۆڵەی خۆیان لێ سەند و لەجیاتی گۆشتی ڕاو گۆشتی یەکێ له و لاوانەیان پێداوه، کە بۆ فێربوونی هونەر هاتبوون بۆ لایان، لە دواییدا لەدژی کیاکسار بەپەلە چوون بۆ لای ئالیات کوڕی سادیات لە ساردیس.
کیاکسار داوای خۆبەدەستەوەدانی ئەسکیتەکانی لێ کرد، بەڵام پادشایانی لیدی بەتایبەت ئالیات نزیکەی لەساڵی 617 تا 561 پێش زایین لە کۆنەوە لەگەڵ ئەسکیتەکاندا پەیوەندی دۆستانەیان هەبوو، چونکە دوژمنی کیمیرییەکان بوون، بەم هۆیەوە ئه و داوای کیاکساری دایە دواوە، لەبەرئەوە شەڕ لەنێوان ماد و لیدییەکاندا دەستی پێکرد و زیاتر لە پێنج ساڵ، واتە لە ساڵی 590 تا 585ی پێش زایین درێژەی کێشا.
لەم شەڕەدا هەر جارەی یەکێکیان سەردەکەوتن، هەندێک جار وا ڕووی دەدا لەشکرەکانی ئاسیای بچووک دەچوونە ناو خاکی ئاسیای نزیکەوە، بەمجۆرە مادەکان توانیان لەشکری ئالیات بەره و ڕۆژئاوا بکشێننەوە دواوە، لەگەڵ ئەوەشدا چونکە شەڕکەرەکانی ماد له و شەڕانەی ساڵانی دواییدا زۆر ماندووببوون، نەیانتوانی بە تەواوی سەرکەون و لە 28ی مانگی (؟) ساڵی 585ی پێش زایین لەکاتی شەڕکردن لەگەڵ لیدیەکاندا خۆر گیرا، هەردوولا ڕایان وابوو ئەم ڕووداوە غەزەبی یەزدانە و نیان کردنێکی جیهانی سەرەوەیە، ڕێکەوتن دەبێ (سولح) بکەن و ئاشت ببنەوە، ئینجا بەهۆی ناوبژی کردنی بابل و کیلیکیه، پەیمانی ئاشت بوونەوەیان بەست و سنووری نێوان لیدی و ئیمپڕاتۆریەتی ماد بە درێژایی ڕووباری گالیس (قزل ئیرماکی ئێستا) دیاریکرا، ئەم پەیمانە بەوەی ئەستیاگ کوڕی کیاکسار ئاریانیای کچی ئالیاتی خواست مەحکەم تر بوو، هەموو ناکۆکیەکان لەبیرچوونەوە، و لەناوا لابران، ڕەنگە پەیمانی ئاشتی بەهۆی کیاکسار خۆیەوە نەبەستراوە، بەڵکو بەهۆی کوڕەکەیەوە ئاستیاگ بەستراوە، چونکە کیاکسار به و خاکەی خستیە ژێر دەستی خۆیەوە، سنووری ئیمپڕاتۆرێتی مادی تا ئه و جێگایەی فراوان کرد، هەرگیز لەوە بەولاوە تێنەپەڕی، هەر لە هەمان ساڵدا لەدنیا دەرچوو.
$دەوڵەتی ئیمپڕاتۆری ماد$
دوای ئەم هەموو سەرکەوتنتانەی مادەکان بەدوای یەکدا، سنووری ئیمپراتۆری ماد زۆر فراوان بوو، ماننای پێشوو (ئازربایجانی ئێران) ناوەندی ئابووری و فەرهەنگی ئیمپراتۆریەتی ماد بوو، هیرۆدۆت بەم جۆرە باسی ڕێکخستنی ئیمپڕاتۆریەتی ماد دەکات، لەسەردەمی فارمانفەرمایی ماددا هۆزێک حوکمی بەسەر هۆزێکی تردا دەکرد و مادەکانیش حوکمیان بەسەر هەموویاندا دەکرد، بەر لەهەموو بەسەر ئه و هۆزانەدا لەوانەوە نزیک تر بوون، ئەوان بەسەر دراوسێکانیاندا و دراوسێکانیشیان بەسەر هاوسنوورەکانیاندا، سەرچاوە عیبریە کۆنەکان لەبارەی پادشای مادەوە قسەیان کردووە و نووسراوە بابلیەکەی (نابونید)، ئەویش باسی ماد و ئه و پادشایانەی سەر بەوان بوون باسی کردوون.
ماد یان پادشایی ماد لەپادشایە کۆنەکانی ماد و ماننا و ئەسکیت پێکهاتبوو، بەم هۆیەوە سەرچاوەی هیرۆدۆت جگەلە ماد پاریکانیەکان، و ئورتوکوریبانییەکان، کەهەمان دانیشتوانی پادشای پێشووی ئەسکیت بوون، بەڵام سەرچاوەی ناوبراو مەبەستی لە (پاریکانیەکان) بەشێک لە دانیشتووانی پادشایی ماننا بوون، کەهێشتا بەتەواوی لەگەڵ ماد تێکەڵاو نەببوون، دیسان بەشێک لە ساتراپ نشینەکانی ماد ناو دەبات، لە نووسراوەکەی بێستوندا دەڵێ: شاری ئاشووری (ئاربل) ئەویش بەشێک بووە لە خاکی ماد، لەوتەکانی (گەزنەفۆن) (ئاناباسیس) بەشێوەکی گشتی زەوی و زاری ئەسڵی ئاشوور ببوو بەبەشێک لە خاکی ماد، دوایش خەڵک به بەشێک لە خاکی مادیان ناودەبرد، وڵاتی پێشووی ئاشوور، کە ڕوی و زاموا و پارسوا و بیت هامبان و کیشەسو و خارخار ئەمانەش ببوون بەبەشێکی وڵاتی ماد.
ماد لە ژوورووی ڕۆژئاواوە تاڕادەیەک دەسەڵاتی پەیداکردبوو، هەندێک لە زەوی و زار و دانیشتوانەکانیان لە هوری و ئۆرارتۆیی و (ماتیانی) بوون، لەوە دەچێ لە ڕۆژئاوای دەریاچەی #ورمێ#وە لە دەراوی ئاراس نیشتەجێ بوون، هێنابوونیە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، هیرۆدۆت دووبارەی دەکاتەوە شانشینی ماد لەگەڵ ساسپیریان- واتە هۆزەکانی ئیبری و گرجی هاوسنوور بووە، دوایی ناوچەکانی ئاوڕێژگەی (قزل ئوزون) هۆزەکانی کادوسی و کاسپی تیانیشتەجێ بوون، کە هێشتا نەهاتبوونە ژێر دەسەڵاتی مادەوه، بەبەشێکی ئه و سەرزەمینە دەژمێردران، دیاری کردنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ماد گرانە، ئێمە وا دەزانین ئه و سنوورانە بەجۆرێک بووە بەشێک بووە لەسەر زەمینی ئایندەی پارت، ئەویش پارچەیەک بووە لە خاکی ماد.
سەرزەمینی هۆزی ساگارتییەکان، ئەویش بەشێک بووە لە خاکی ماد، لە کێو و بیابانەکانی ناوەندی ئێران (ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئێستا) دەژیان، دوایی ئەم ناوچەیە کەوتە سەر وڵاتی پارت. لەدەروبەری ماددا چەند سەرزەمینێکی خودموختاری و شانشینی و هۆز و حاکمنشین بووه، بەڕێوەبەرەکانیان ماد بوون. بەڵام ئەمانە بەشێک نەبوون لە خاکی ماد، دەوڵەتی ماد سنووری زەوی و زاری خۆی تاڕادەیەک ئاشکرا نەبووە. ئەم هەموو خاکە پان و بەرینە بێ ڕکابەر کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ماد، بە فەرمانڕەوایی ئاستیاگ.
$سەردەمی سەڵتەنەتی ئاستیاگ$
بۆ ئەوەی بە دروستی بە ئەنجامی ڕووداوەکانی سەردەمی سەڵتەنەتی ئاستیاگ بگەین، دەبێ لاپەڕەی کتێبی ئه و مێژوونووسانە هەڵدەینەوە، بە وریاییەوە ڕووداوەکانیان تۆمار کردوون، ئەوە ڕوونە هەرچەند ئه و ڕووداوانە لەسەردەمی ژیانی نووسەرەوە نزیکتربن، زۆر تر لە ڕاستی دەچن، بەم هۆیەوە دەتوانین پشت بە مێژووی سەدەی پێنجەمی پێش زایینی زیاتر ببەستین، تاکو مێژووی سەدەکانی دوایی.
سەرچاوە بابلیەکان بەشێوەیەکی گشتی ڕاستن، بەڵام لەبارەی ڕووداوی کۆتایی سەڵتەنەتی ئاستیاگ زۆر شپرزە و ناڕاستن. دەبێ بڵێین لەبارەی ڕووداوەکانی سەڵتەنەتی ناوبراو ، هەرچۆن بێ تا سەرەتای جەنگ لەگەڵ پارسەکاندا، زۆر سەختە، بەڵام ئه و سەرچاوانە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تا ڕادەیەک شتێک بەدەستەوە دەدەن، بەهۆی ئەوەوە دەتوانین باری ناوخۆ و کۆمەڵایەتی و سیاسی سەرزەمینی ماد، لە سەدەی شەشەمی پێش زایین بێنینە بەرچاومان، لەم ڕووەوە سەرچاوەکان جیاوازیان لەنێودا نیە.
لەسەردەمی سەڵتەنەتی ئاستیاگ دا سنووری پان و پۆڕی ئیمپراتۆری ماد هێندە فراوان بوو، باسێک لە داگیرکردن نەمابوو، ئەم سنوورە فراوانە پێویستی بە هاتنە ئارای دۆخێکی هێمن و ئاشتی و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە هەبوو، هیرۆدۆت دەڵێ: لەسەردەمی سەڵتەنەتی ئاستیاگ دا هیچ جۆرە شەڕێکی گەورە نەکراوە و هیچ شوێنێک داگیر نەکرا، له و سەردەمەدا حکومەتێکی به دەسەڵات و خاوەن پادشا له ماد، تەنیا مەرجی بەربەرەکانێی گەورەکان و پشتبەستن بەخەڵکە ئازادەکان دەیتوانی بێتەدی. ئاستیاگ دەیویست وڵات بە ئاشتی و هاوکاری خەڵکە هەژارەکان بەڕێوە ببات، خانەدان و گەورە پیاوەکانی پشت گوێ خست، هیرۆدۆت دەڵێ: ئاستیاگ سەبارەت بە پیاوە گەورەکانی ماد یان (یەکەمین کەسانی نێو مادەکان) بێ بەزەیی بووە، و پاشماوەکانی پادشایانی دهیوپتی وا بووە.
ئاستیاگ لە سیاسەتی خۆیدا لە ئامۆژگاری و ئایینی موغەکان سوودی وەردەگرت، بەپێی وتەی هیرۆدۆت موغەکان لای ئه و ڕێزیان گیراوە و ئاستیاگ زۆر جار پرسوڕای پێ کردوون، ئه و ئامۆژگارییانە بەپێی وتەی (ئی، م، دیانۆکۆف) له و سەردەمەدا هێشتا لەگەڵ نەریتی سەرەتایی بەناوی زراتوشترا ناودەبرا، زۆر جیاواز نەبوون، زۆر جێگای سەرنجی خەڵکی بوون.
ئاستیاگ لەگەڵ بنەماڵەی زراتوشترا موغەکانی ئه و سەردەمه، لەدەوری کۆبوونەوە و خزمایەتیان بووە، ئەوەمان لەیاد نەچێ، بەرلەزەردەشت پاشاکان خۆیان کاهن بوون، لەئەنجامدا قودرەت و دەسەڵات و ناویان لە پلەیەکی ئایینی دابوو، بەم جۆرە ئه و تاکە ئایینەی موغەکان نوێنەری بوون، هەرچۆنێک بوو گەلێک بایەخی بۆ پادشایانی ماد هەبوو.
هەڵبژاردنی ئاسپیتام مێردی ئامیتیدا کچی ئاستیاگ بۆ جێنشینی لەنێوان خەڵک و خاوەن کۆیلەکان، کە لایەنگیری ئاستیاگ بوون، لەلایەک و گەورە پیاوان و سەرپێچیکارەکان لەلایەکی تر بەربەرەکانێ و ناکۆکی زۆری هێنا، بەتایبەت لەسەردەمی سەڵتەنەتی ئاستیاگ دا هیچ جۆرە شەڕێکی گەورە نەکراوە و هیچ شوێنێک داگیر نەکرا، لەئەنجامدا گەورە و کاربەدەستانی لەشکر بێ کار و دەست بەتاڵ مانەوە، هیچ جۆرە تاڵانیەکیان لەم ڕێگایەوە دەست نەکەوت و بەرژەوەندیەکانیان تەواو شکستی هێنا بوو، لەبەرئەوە بەتوندی بەرهەڵستی پادشا وەستان و کەوتنە گلەیی و گازەندە و جموجۆڵ لە دژی ئاستیاگ، هەرچۆن بێ لە کیشوەری ئاشووریشدا هەر بەم جۆرە بوو.
هیرۆدۆت خۆی دەڵێ: ئاستیاگ هارپاک ی کرد بە فەرماندەی لەشکری مادەکان، لەم ڕووەوە هیرۆدۆت وتەی دەست و پێوەندەکانی – هارپاک-ی نووسیوەتەوە، بەوتەی ئه و بەر لە شۆڕشی پارسەکان لەلایەن گەورەکانی مادەوە کۆبوونەوە و جموجۆڵ دەستی پێکرد، لە دژی سەڵتەنەتی ئاستیاگ، کە هارپاک دا یمە زراند بوو، بەهۆی ئەوەی زۆر لە ئەستیاگ ڕەنجا بوو.
کۆڕش یەکەمین کەسی خانەدانی هەخامەنشی، باوکی کۆڕش کەمبۆجیەی یەکەم و باپیری ئه و کۆڕشی یەکەم لە زنجیرەی پاشایان بوون، کۆڕش بەرلە نەخۆشی و مردنی باوکی ماوەیەک لە دەرباری ماد ژیاوە و بەشداری لەشکرکێشیەکانی مادەکانی کردووە، لەسەرەتای شەڕدا چەند ساڵ بووه، لەسەر سەڵتەنەتی پارس یان جێنشینی کەمبۆجیەی دووەم بووە.
بەپێی وتەی کتسیاس کۆڕش ئه و کاتەی لەدەرباری ئاستیاگ دابووە، لەلایەن ئەستیاگەوە بەنوێنەری چوو بوو بۆ لای پێشەوای کادۆسییەکان، ئەمانە هۆزێکی گرنگی سەربەخۆ بوون، لە چیاکانی خوارووتری ڕووباری ئاراس، کۆڕش (ئیبار)ی مەیتەری لەگەڵ خۆیدا برد، کە لەوەبەر وەکو کۆیلە دەستگیر کرابوو، ئیبار داخی زۆری بەرامبەر بەماد لە دڵ دابوو، لەبەرئەوە کۆڕشی هاندا بۆ ئەوەی دەسەڵات لەدەست مادەکان دەربێنێت و بکەوێتە دەست پارسەکان.
بەڕای زۆربەی مێژوونووسان پێکهێنانی پێشەکی کارەکان دژی ئاستیاگ، کۆبوونەوە و جموجۆڵی چینەکانی ناوەوەی گەورەکانی ماد بەدەستی هارپاگ و لەلایەکی تریشەوە هاندانی هۆزە جۆربەجۆرەکان بۆ ناو شۆڕش بەهۆی ئیبارەوە بووە.
هەروەها بەوتەی کتسیاس ڕووداوەکانی دواتر بەم جۆرەیە، کۆڕش لەسەر زەمینی کادۆسیەکان گەڕایەوە بۆ ئەکباتان، گوایە دوایی مۆڵەتی لە ئەستیاگ وەرگرتووە بچێت بۆ لای باوکی لە پارس، لەمەدا موغەکانیش هاوکاریان کرد، ئیتر ئاستیاگ ڕازی بوو سەردانی باوکی بکات، هیرۆدۆتیش لەم بارەیەوە نووسیویە: بەڵام لە ڕاستیدا کۆڕش دەیویست ڕابەری شۆڕشگێرەکان بگرێتە ئەستۆی خۆی، کە (ئاترادات) پێشەوای مەزن بەرپای کردبوو، لەم کاتەدا بەڕێکەوت ژنێک پیلانەکەی دۆزییەوە و ئاستیاگ پێی زانی و دەستوبرد کەوتە خۆ له دژی یاخی بووەکان لەشکری کێشا.
ئه و کاتە هارپاگ نووسراوێکی بۆ کۆڕش نارد، که لەفارس نیشتەجێ بوو، له و نامەیەدا هارپاک کۆڕشی هاندا تا پارسیەکان بێنێتە شۆڕشەوە و بێتەسەر ئاستیاگ، لەم ڕووەوە بەڵێنی پێدا گەورە پیاوانی لەشکری ماد، لەلایەن ئاستیاگەوە کراون بە فەرماندەی سوپا هەموویان لایەنگری ئه و دەکەن.
ئاستیاگ کە بەم خۆڕێکخستنە سوپاییەی کۆڕشی زانی، ئەوی بانگ کرد، بۆ لای خۆی، بەڵام کۆڕش لەوەڵامدا شەڕ کردنی ڕاگەیاند، سەرچاوە بابلییەکان بەمجۆرە دەڵێن، کەشەڕ لەنێوان کۆڕش و ئاستیاگ سێ ساڵ درێژەی کێشا، بەم هۆیەوە هیرۆدۆت تەنیا باسی دوو شەڕ و شۆڕی دوایی مادەکان دەکات، لەڕاستیدا بە ئاشکرا بگرە و بەرده و ڕووداوەکان بەکورتی باس دەکات، لەشەڕێکدا هارپاک فەرماندە بووە و لەشەڕێکی تردا ئاستیاگ خۆی. بەوتەی کتسیاس، ئاستیاگ لەسەرەتادا لەگەڵ لەشکری کۆڕشدا کەوتە شەڕەوە شکاندنی، ئاترادات پێشەوای مەردەکان لەشەردا کوژرا، ئینجا ئاستیاگ کەوتە شوێن پارسەکان و لەسەر زەمینی پارس (پرسید) لەبەرامبەر گەردنە یەک، کە لەبارەگای پادشایانی پارس واتا –پاسارگاد- کۆتایی پێ دێت، جارێکی تر شکاندنیەوە، چۆنێتی پارسەکان زۆر ناهەموار بوو، شکست یان به ئاڵۆزی شکا، ژنان لە حەساری قەڵاکان دەهاتنە دەرەوە و هانی شەڕکەرەکانیان دەدا، پرسیان ئایا دەتانەوێ ڕابکەنەوە ناو سکی دایکتان و ژنەکانتان بێننەوە.
ئه و شەڕە ئەوەندە بەڕاستی و گەرم بووە، مادەکان لەناکاو لەشکرەکانی خۆیان لە سنوورەکاندا ئاگادارکردەوە و ماوەیان بە نابونید پاشای بابل دا، تاکو له ساڵی 552 پێش زایین شاری حەڕان کە هینی مادەکان بوو، لە ژوورووی (بین النهرێن) بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
لە گەرمەی شەڕی کۆڕش لەگەڵ ئاستیاگدا، هارپاگ، کە فەرماندەی لەشکری مادەکان بوو، لەگەڵ گەورە پیاوانی سوپا و سەرکردە لەشکرییەکاندا ئاستیاگی بەجێ هێشت و چوون بۆ لای کۆڕش و چوونە ناو ڕیزی لەشکرەکەیەوە.
لەوە بەدواوە هەواڵێک لە هیرۆدۆتەوە دەگێڕێتەوە، گوایە ئاستیاگ لەشەڕێکدا دەستگیر کراوە، کە لە دواییدا ڕووی داوه، بەشێوەیەکی تر باس دەکات، چونکە بەر لە شەڕەکەی پاسارگاد باسی سێ شەڕی تر دەکات، پارسەکان تیایا سەرنەکەوتون، شەڕێک که لەژێر دیواری حەساری قەڵای پاسارگاد ڕوویدا بوو، بە خاڵی گۆڕینی چارەنووسی شەڕەکە، لەدوای ئەوە هۆزەکانی سەر به ماد، وەکو هیرکانیەکان و له دواییدا پارتەکان ڕوویان کردە ناو پارسەکانەوە.
لەساڵی 550 پێش زایینی لەگەڵ خیانەتی هارپاگ و شەڕی سەروماڵی دەست پێدەکات، هیرکانیەکان و پارتەکان، ڕوویان کردە پارسەکان و ئاستیاگ هەوڵی دا، تاکو پەلاماری پارسەکان ڕابووەستێ و دوایی ڕای کرد، بۆ ئەکباتانا و پارسەکان پایتەختی مادیان داگیرکرد.
دوای ئەوە کتسیاس به ڕوونی باسی ڕووداوەکە ناگێڕێتەوە، هەروەکو وترا شەڕ دوور و درێژ بووە، سەرکەوتن هەر تاوەی بەدەست لایەکەوە بوو، هەروەکو کتسیاس باسی شەڕەکان دەگێڕێتەوە، هۆی بنەڕەتی سەرکەوتنەکەی کۆڕش هەمان خیانەتی گەورە پیاوە سوپاییەکانی ماده، کە هارپاگ سەرکردەی هەموویان بوو، هیرۆدۆت باسی ئەوە دەکات، بەڵام کتسیاس لەم بارەیەیەوە بێ دەنگە، لەوە دەچێ پارچە پارچە بوونی هۆزەکانی سەر بە ماد ئەوانیشی به و خیانەتە دابێتە قەڵەم، وەکو سەرنج دراوە، لەنێو نووسینەکانی کتسیاسدا شتی ڕاست هەیە، مێژووی بابلی و نابونید و کتسیاس و هیرۆدۆت دەتوانین کۆبکەینەوە و لەنێوان هەموویاندا وێنەیەکی ڕاستی ڕووداوەکە بخەینە ڕوو.
هەواڵەکانی هیرۆدۆت ڕاستە، چونکە مێژووی ڕووداوەکانی بابل لایەنگیری ئەم نووسینەی هیرۆدۆت دەکەن، مێژووی ناوبراو ئه و ڕووداوانە لە ساڵی 550ی پێش زایین دەگێڕێتەوە، واتا کۆتایی شەڕەکە باس دەکات، بەڵام دەبێ زانیارییەکانی کتسیاس لەبارەی قۆناغی سەرەتایی شەڕەکەوە بخرێتەسەر هەواڵەکانی هیرۆدۆت.
هیرۆدۆت لەبارەی دوا دەسەڵاتدارێتی ئاستیاگەوە بەم جۆرە دەڵێت: ئاستیاگ موغەکانی خنکاند – لەگەڵ ئەوەدا تا ئه و سەردەمە باشترین پەیوەندی لەگەڵیاندا بوو، چونکە ئامۆژگارییان کردبوو، کە ڕێگای کۆڕش بدات بڕوات، وەکو وتراوە بەشێک لە کاهینەکان – موغەکان لەگەڵ پارسە یاخیەکاندا پەیوەندییەکیان دروست کردبوو، لە ڕاستیدا دەبینین لە دوای ئه و ڕووداوانە موغەکانی دەرباری کۆڕش و کوڕەکەی کمبوجیەی دووەم، گەلێک ڕێزیان لێگیراوە، سروشتی بیروباوەڕی ئایینی و چۆنێتی باری کۆمەڵایەتی کاهنەکان وا بووه، ماوەی نەدەدا ئەوانە ماوەیەکی درێژ خاوەنی سوود و خێر و بێری گشت خەڵک بن.
$کۆتایی سەڵتەنەتی ئاستیاگ$
لە دواییدا کە پارسەکان ڕوو لە سەرکەوتن بوون، ئاستیاگ هەموو دانیشتوانی ئەکباتانای پڕ چەک کرد و لە حەساری شار هاتنە دەرەوە، بەڵام دەرەقەتی پارسەکان نەهاتن و دیسانەوە شکان و ئاستیاگ بە دیل گیرا، گفتوگۆی هارپاگ لەگەڵ ئاستیاگ لەدوای گرتنی ئاستیاگ، هارپاک چووە لای خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەگیرانی، ئاستیاگ بە هارپاک دەڵێت: تۆ وەزیری حکومەتی من بووی، کە بەرزترین دەسەڵاتە لە دوای پاشا، ئەی لەوێ دەبی بەچی، هیرۆدۆت هارپاگ بەبێ ئەقڵترین و بێ ویژدان ترین کەس دادەنێ، پارسەکان ئەکباتانایان داگیرکرد، بەپێی مێژووی نابونید ئەکباتانایان تاڵان کرد و ژمارەیەک لە خەڵکەکانیان بە تاڵانی دەستگیرکرد و بردیانن.
بە وتەی کتسیاس ئاستیاگ دەمودەس دوا به دوای شکستەکەی بەدیل نەگیرا، بەڵکو یەکەم جار ڕای کرد بۆ ئەکباتانا و لەوێ خۆی شاردەوە، کۆڕش دوای ئەوەی گەیشتە ئەکباتانا، فەرمانیدا ئامیتیدا کچی ئاستیاگ و مێردەکەی (ئاسپیتام) و کوڕەکانیان ئەسپیتاک و مهابران – ئازار بدەن، دوای ئەوە ئاستیاگ خۆیدا بەدەستەوه، تاکو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون ئازار نەدرێن.
ئاستیاگ لە کوشتن ڕزگاری بوو، (هردۆت و کتسیاس هەردووکیان باسی ئەمەیان کردووە، لەمێژووی ڕووداوەکانی بابلدا شتێک پێچەوانەی ئەم باسە نییە، بەوتەی کتسیاس بەناوی جێنشینی حاکمی هیرکانییەوە، زۆر بەڕێزەوە نێردرا بۆ ئه و سەر زەمینە و دوورخرایەوە، بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو خواجەیەک کە ناوی (پتساگ) بوو (ئیبار) هانیدابوو بە بیانوی دیدەنی کچەکەیەوە، بردی بۆ بیابانێک و لەوێ بەرەڵڵای کرد، تاکو بەسەرگەردانی لەبرساندا بمرێ. کتسیاس دەڵێ: دوای ئەوە ئامیتیدا چەرمەسەریەکی زۆری بۆ پتساگ نایەوە، ئیبار خۆی کوشت، لەگەڵ ئەوەدا کۆڕش نەیدەویست سزای بدات.
لەم نووسینانەی سەرەوەدا بەتەواوی دەردەکەوێ، مادەکان بەدرێژایی ڕۆژگاری شەڕ بەهێزەوە ڕاوەستان و ئەگەر گەورەکانی ماد لەناوخۆی کیشوەرەکەدا دەستیان بە خیانەت نەکردایە، حکومەت نەدەکەوتە دەست پارسەکان.
سەرکەوتنی کۆڕش بەسەر ئاستیاگ دا ئه و سەرکەوتنەی، کە بەهۆی گەورەکانی مادەوە دەستی کەوتبوو، دەستەبەری ئەوە بوو، یاسای تازەی حکومەتی کۆڕش بەڕواڵەت لەگەڵ مادەکاندا بگونجێ، بەم هۆیەوە لەگەڵ ئەوەدا کە ئەکباتانا تاڵان کرا و هەندێک لە مادەکان بەدیلی و بەتاڵانی دەستگیر کران و بران، بەڵام هەروەکو وڵاتێکی داگیرکراو و خەراج و باجیان خستنەسەر، لە وتەیەکی ئاستیاگ لەگەڵ هارپاگ، کە هیرۆدۆت باسی کردووە، ئاستیاگ دەڵێ: هارپاگ مادەکانی بەد یلی گەیاند، ئەگینا تا ئه و کاتەش مادەکان هەموو کارەکانیان بەدەستەوە بوو، تەنیا وەکو شتێکی ڕواڵەتی پارسەکان سەرکەوتوبوون، نوێنەرەکانی ئاسپارت خشاریاشایان بەپادشای مادەکان ناودەبرد، چەندان نموونەی تر لەم ڕووەوە هەیە، ئەوە دەزانین، یۆنانیەکان شەڕەکانی نێوان یۆنان و پارسیان بەشەڕی یۆنانییەکان و مادەکان ناودەبرد، لەگەڵ ئەمەشدا بۆ ئەوەی ڕازی بکرێن، گەورەکانی ماد زنجیرە دەسەڵاتێکی گونجاویان پێدرا، بۆ نموونە: کۆڕش پادشایانی مادی نەگۆڕی و لەناوی نەبردن، بەڵکو خۆی کرد بەپادشای ماد و خۆی هەر بەناوی پێشووەوە ناونا پادشای پارس، تەنانەت لە زۆربەی نووسراوەکانی سەردەمی داریۆشی یەکەم، ماد و پارس لەڕووی کیشوەرەکانی تردا یەک بوون، لە نووسراوی نووسەرە یۆنانیەکاندا هاتووە ماوەیەک لە دوای ئەوە و لەکاتی زنجیرەی ناوی پیاوە گەورەکانی ئیمپڕاتۆریەتی هەخامەنشی، ناوی نوێنەرەکانی ماد دەبینین، یۆنانیەکان و هۆزەکانی ڕۆژهەڵات پادشای ئیمپڕاتۆریەتی هەخامەنشیان بەپاشای ماد ناودەبرد، لەگەڵ ئەوەدا کۆڕش لە بابلدا پادشای مادی هێشتەوە و ساتراپێکی تیا دروست کرد و یەکەمین ساتراپی ماد ئویبار بوو.
بەوتەی کتسیاس کۆڕش لەگەڵ کچی ئاستیاگ، کە ناوی ئامیتیدا بوو زەماوەندی کرد، ئەم هەواڵە لە گومان بەدەر نیە. لەڕاستیدا ناوی ئامی تیدا بەپێی وتەی بروس لەناو بنەماڵەی مادەکاندا بەکارهێنراوە، لەدواییدا بۆ ناوی ژنە هەخامەنیشیەکان بەکارهاتووە، بەڵام پێشتر مێردەکەی ئامیتیدا (ئاسپیتام)ی کوشت، کە حەقداری تاج و تەخت و دوژمنی ئه و بوو. مەبەستی ئەوە بوو بۆ داواکاری خۆی واتا حکومەتی (قانونی) بەسەر ئیمپڕاتۆری ئاستیاگ بکا بەبەڵگە.. لەنێوان مادەکان و پارسەکاندا – وەکو میسرییەکان نەریت وابوو، کچە زاده یان زاوا (مێردی کچ) ی پادشای پێشوو بەپێی یاسا حوکمی وڵات بکات.
ژمارەیەک لە گەورەکانی ماد چوونە لای کۆڕش، وەکو هارپاگ، کە یەکێک بوو لەسەردارانی سوپای ماد، سێیەمین حاکمی کیشوەری لیدی بوو، هارپاگ یونیەی بۆ کۆڕش داگیرکرد و حەزی نەدەکرد بگەڕێتەوە بۆ سەرزەمینی ماد، لەئاسیای بچووک جێگیر بوو، موڵک و زەوی و زارێکی زۆری خستە ژێر دەست خۆیەوە، لە لیکیە نووسراوێک بە زمانی لیکەیی و یۆنانی ماوەتەوە، له و نووسراوەیەدا یەکێک لە نەوەی ئەوە (؟) کتسیاس دەڵێ: کوڕەکانی ئامیتیدا که لە ئاسپیتام یەکەم مێردەکەی ناویان ئاسپیتاگ و مهابرن – بوو، لەلایەن کۆڕشەوە کرا بە ساتراپ و براکەی کە (پارمیس) کوڕی ناشەرعی ئاستیاگ یان کوڕی دایکی ئامیتیدا لەمێردێکی ترەوە- یەکێک لەسەردارانی سوپایی پارس بووە، بەشێوەیەکی گشتی باسەکانی کتسیاس بەلای ماددا دادەتاشێ و ڕقەبەری کۆڕش دەکات، لەنووسراوی بێستوندا داریۆشی یەکەم ناوی هەندێک لەسەردارانی پارس دەبات کەمادی بوون، تەنانەت تا سەردەمی خشاریاشا ناوی هەندێک لەگەورەکانی پیاوانی مادی بردووه، کە لە دەربار ی ئیدارەی هەخامەنشیەکاندا پلە و پایەیەکی بەرزیان بەودەستەوە بوو، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی تەنانەت گەورەکانی ماد، لەبارەی داگیرکردنی ئه و کیشوەرەوە لەلایەن پارسەکانەوە بێ لایەن بوون، هەروەها لەسەردەمی داریوشی یەکەمدا گەلێک شوێن و پلە و پایەی گرنگیان بەدەستەوە بوو، به تایبەتی نەوەی ئه و حەوت خانەدانەی کە لە کودەتاکەی داریوشدا بەشداریان کردووە، ژمارەیەکی کەم لە بنەماڵە و خانەدانەکانی ماد لەگەڵ گەورەکانی پارسدا تێکەڵ بوون و زۆربەی ئیشوکاری سادەیان گرتەدەست، یان لە ڕۆژگاری پڕ لە ئاژاوە و سەرەتای سەڵتەنەتی داریوشی یەکەمدا (521- 522) پێش زایین، ڕەنگە لەسەردەمی خشاریاشا دیسان 484-486ی پێش زایینی دا لەناوچوون.
ئەمە بەسەرهات و مێژووی دوا پادشای ماد و سەڵتەنەتی ئاستیاگ بوو، بە ڕای زۆربەی مێژوونووسانی ئه و سەردەمە ، کە به دیقەتەوە ڕووداوەکانیان تۆمار کردووە، ئایا کۆتایی سەڵتەنەتی ئاستیاگ، کوێی لە کۆتایی زوحاک یا ئاژدەهاکی ماربەشان دەچێت، هیچ باسێک لە زو ڵمی ئاستیاگ و چەکوشەکەی کاوە و پەلامارە له ناکاوەی فەرەیدون نیە، هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن، شەڕی هەخامەنشی لەگەڵ ماد، کۆڕش لەگەڵ ئاستیاگ لە ساڵی 553 تا 550 پێش زایین درێژەی کێشا و شەڕ بەردەوام بوو ، لە شەڕیشدا هەرجارە لایەکیان سەردەکەوت، تا دواجار بەهۆی خیانەتی هارپاک و پیاوە گەورەکانی ماد پارسەکان توانیان به تەواوی سەرکەون، بەم جۆرە ڕووداوێکی مێژوویی لەگەڵ ئەفسانە تێکەڵ دەکەن، بەداخەوە کورد تائێستاش ڕابردووی خۆی خۆشناوێت و بەرامبەر بە مێژوو و کەلتوور و سیاسەت و خانەدان و پیاوە گەورە و کەسایەتیە قارەمانەکانی ڕابردووی خۆی کەمتەرخەمە، زۆر بەسادەیی و بێباکانە دەست لە خاک و خەڵک و مێژووی خۆی هەڵدەگرێ، بۆ دراوسێ و لایەنا نی تر، هەر قسەیەک گومان بخاتە سەر ڕابردووی، بێ چەند و چوون باوەڕی پێ دێنێ، دەبێ کەی ئه و ڕۆژە بێت ئێمەش بەدوای مێژووی دزراوی خۆماندا بگەڕێین و بیدۆزینەوە و وەری بگرینەوه، دواجار ماڵ بۆ خاوەن ماڵ بگەڕێتەوە .[1]
$سەرچاوە:$
1- ئی. م. دیانۆکۆف، میدیا، وەرگێڕانی: بورهان قانع، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری- هەولێر، 2008.
2- حەبیبوڵڵای تابانی، هاونەتەوەیی کورد و ماد، وەرگێڕانی: جەلیل گادانی، چاپی دووەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات- هەولێر، 2010.
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!